بەهۆی ئاگرەوە دارستانەکانی زاگرۆس ڕووبەڕووی چەندین قەیران دەبنەوە

ئاگرکەوتنەوەی بەردەوام و تەشەنەسەندنی یەکێکە لە گەورەترین قەیرانەکان کە دارستانەکانی زاگرۆس لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا ڕووبەڕووی بوونەتەوە.

ژوان کەرەمی

 

ڕوانسەر-دارستانی "بالنجانە" دەکەوێتە لێواری ڕۆژهەڵاتی چیای شاهۆ و لە ناوچەی پارێزراوی شاری ڕوانسەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، یەکێکە لە دارستانە فراوان و چڕەکانی زاگرۆس و دەگمەنترین هەمەجۆری ئاژەڵەکانی تێدا دەژی.

 

لەنێو ئەو جۆرە شیردەرانەی کە لە دارستانی بلنجانە بوونیان هەیە بریتین لە "ورچ، ئاسک، بەراز، گورگ، چەقەڵ، ڕێوی، پشیلەی کێوی، کەروێشک، سمۆرە، و خشۆکەکانی وەک "مار، مارمێلکە، بۆق" و باڵندەکانی وەک هەڵۆو کاناری، قەلەڕەش، دارکونکەرەو ژمارەیەکی زۆر لە جۆری مێرووەکان، هەروەها سەبارەت بە جۆرەکانی ڕووەک لە دارستانەکەدا، گرنگترینیان درەختی "بەڕوو، ، گوێزی کێوی، هەنجیری کێوی وهتد.

 

سەبارەت بە گرنگی ئەم دارستانە، جگە لە هەمەجۆری ئاژەڵ و ڕووەکی دەگمەن، دەتوانین ئاماژە بەوە بکەین کە گەورەترین و چڕترین دارستانە لەنێو چەندین دارستاندا کە دەکەونە لێواری ڕۆژهەڵاتی زنجیرە چیای شاهۆ، کە ٥ شاری کرماشان، کامیران، ڕوانسەر، جوانڕۆ و پاوە دەگرێتەوە، بەڵام ئەم دارستانە لە ماوەی حوکمڕانی ڕژێمی ئێران لە کاتی جیاوازدا ڕووبەڕووی قەیرانێکی سەخت بووەتەوە.

 

بڕینی هەڕەمەکی درەختەکان

یەکێک لە قەیرانەکان بەکارهێنانی زۆری دارستانەکانە وەک سووتەمەنی، کە یەکەم جار لە سەردەمی دووەمی پەهلەوی دەستیپێکرد و لە دوو دەیەی یەکەمی حوکمڕانی کۆماری ئیسلامی بەردەوام بوو، چونکە دانیشتوانی ناوچەکە ناچارکران دار بۆ ئاگر بەکاربهێنن بەهۆی نەبوونی سووتەمەنی لە ئێران.

 

ئەم قەیرانە بووە هۆی کەمبوونەوەیەکی بێوێنە لە چڕی ئەم دارستانە بۆ چەند دەیەیەک، تەنانەت لە سەرەتای ساڵی ٢٠٠٠، بەهۆی دواکەوتنی دابینکردنی گاز لە گوندەکانی ناوچەی هەورامان، خەڵکەکە ناچارکران دار لە دارستانەکان ببڕن و وەک سووتەمەنی بەکاریبهێن، بۆیە قەیرانەکە بۆ ماوەیەک لەوێ بەردەوام بوو.

 

زیادبوونی دانیشتوان لە ناوچەکە و ڕاوکردنی نایاسایی

هەرچەندە دارستانەکە زاڵ بووە بەسەر ئەو قەیرانەی کە لە سەرەوە ئاماژەی پێکراوە، بەڵام ڕووبەڕووی قەیرانی دیکە بووەتەوە، یەکێکیان ڕاوکردنە، ڕاوکردن بۆ چەندین سەدە لە چیاکانی زاگرۆس و دارستانەکاندا باو بووە، بەڵام بەهۆی کولتووری ژینگەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە پەیوەندییەکی نزیک لە نێوان ژیان و سروشتدا هەیە، ئەم کێشەیە هەرگیز بەرز نەکراوەتەوە، قەیرانەکە لە سنوورە سروشتی و ڕەوشتییەکانەوە نەگۆڕاوە و تێنەپەڕیوە و زۆرێک لە جۆرەکانی ئاژەڵ توانیویانە بە درێژایی چەندین سەدە بەردەوام بن لە ژیانیان.

 

بەڵام لە سەردەمی مۆدێرندا، بەهۆی گەشەی دانیشتوان و ڕاوکردنی بێ جیاوازی لەسەر بنەمای کولتووری ئاڵوگۆڕ کە لە ئەنجامی سیستمی بازاڕ و سەرمایەدارییەوە سەرچاوەی گرتووە، کێشەی ڕاوکردن بووەتە هۆی لەناوچوونی جۆرەکانی ئاژەڵ بەهۆی نەبوونی کۆنترۆڵ و سەرپەرشتی دامەزراوەکان.

 

ئاگری ڕێکخراو

گەورەترین قەیران کە ڕووبەڕووی دارستانەکانی زاگرۆس بووەتەوە لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا، بڵاوبوونەوە و فراوانبوونی ئاگر بوو کە کاریگەری لەسەر چڕی دارستانەکان و هەمەجۆری ڕووەک و ئاژەڵ و خاک و کەشوهەوا هەبوو، کۆمەڵگە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان باوەڕی وایە کە زۆربەی ئەو ئاگرانە بە شێوەیەکی سیستماتیکی لەلایەن دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکانەوە ئەنجام دەدرێن.

 

کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەم ئاگرانە بە "کۆمەڵکوژی دژ بە ژینگە" دادەنێت، بەتایبەتی لە هاوینی ئەمساڵدا کاتێک دارستانەکانی شاری مەریوان و سەردەشت، داڵاهۆ، کامیاران، جوانڕۆ، پاوە، گەیلان، چەندین جار بە شێوەیەکی سیستماتیکی ئاگری تێبەردراوەو بەربڵاو بوون و هەزاران هێکتار دارستان سووتاوون، هەروەها ڕژێمی ئێران هەوڵدەدات ناوچەکەی فراوان بکات بە سووتاندنی دارستانەکان و گۆڕینی زۆربەیان بۆ زەوی کشتوکاڵی و باخچەکان.