پیسبوونی سەرچاوەکانی ئاو مەترسین بۆ سەر ژیانی هاوڵاتیان

گەر ئاو بنچینەی ژیان بێت، ئەوا بنچینەی ژیانی ئێمە لە بەردەم هەڕەشەی پیسبووندایە، هۆکارەکانی ئەم پیسبوونەش هەمەجۆرن، سەرەکیترینیان ڕەفتار و کولتووری خودی مرۆڤەکان خۆیانە.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- ئاو بە یەکێک لە سەرچاوەکانی ژیان دادەنرێت بۆ هاوڵاتیان لە ماوەی ڕابردووشدا هەردوو سەرچاوەی زەڵم و ئەحمد ئاوا بەهۆی هاتنی گەشتیارێکی زۆر بۆ ناوچەکە و گرنگی نەدان بە ژینگەی ئاوی و ژینگەی وشکانی و ناشرینکردنی دیمەنی ناوچەکە، بووەتە سەرچاوەیەکی مەترسیداری تەندروستی بۆ هاوڵاتیان.

 

سەرچاوەکانی ئاو و ڕێژەی پیسبوون

بە شێوەیەکی سروشتی کاتێک دڵۆپی باران لە ئاسمانەوە دێتە خوارەوە، لە ڕێگەی ھاتنە خوارەوەدا بڕێک گازی تێدا دەتوێتەوە، توانەوەى گازەکان دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەى ترشێتی ئاوەکە، کاتێک ئاوی باران بە بڵاوبوونەوەی ڕووی بە سەر زەوی خانوبەرە و سەربان و پانتاییەکاندا، بەسەر کێڵگە و ڕێگاو بانەکاندا بڵاودەبێتەوە و دەڕژێتە ناو دەریاچە و چەم و ڕووبارەکانەوە و لە ڕێگە لەگەڵ خۆیدا جۆرەھا ماددەی کیمیایی و پیسی و زیندەوەرە ووردەکانی ھۆکاری نەخۆشی ھەڵدەگرێت.

 

پیس بوونی ژینگە واتە تێکەڵ بوونی ماددەی کیمیایی زیانبەخش و ماددەی فڕێدراو کە بە شێوەیەکی خراپ کوالێتی ژینگە دەگۆڕێت و ئەم پیسبوونە بەسەر سێ پۆلدا پۆلێن دەکرێت، کە بریتین لە، پیسبوونی خاک و پیسبوونی ئاو و پیسبوونی ھەوا. پیسبوونی ئاو واتە پیسبوونی سەرچاوەکانی ئاو بە شێوەیەک کە بۆ خواردنەوە و مەبەستەکانی تر نەشێت و تەندرووست نەبێت.

 

ئەو ئاوەى گازى زۆری تێدا توابێتەوە، ترشێتی بەرز دەبێت

ئەمە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەى تواناى کارلێککردنى لەگەڵ ماددەى کیمیایی جۆراوجۆر و کانزا جۆراوجۆرەکان، زۆربەى زۆری کانزاکانیش، بوونیان لەناو ئاودا شتێکی ناحەزە و بگرە زۆریان مەترسیداریشن، کار و فرمانیانی زیندەییان لەناو لەشماندا نییە و بە پێچەوانەوە لەش سەرقاڵ دەکەن بە کۆمەڵێک گرفتی لاوەکییەوە، لەوانە بەرزبوونەوەى پەستانى خوێن و ماندووکردنى دڵ و جەستە، هەروەها تێکدانی ڕێژەى هۆڕمۆن و گلاندەکان و شپرزەکردنى هاوسەنگیی لەش، جگە لەوەى کە کاری زۆرێک لە ئەنزیمەکانیش تێکدەدەن و لە شانەى ئەندامە گرنگەکانى وەکو جگەر و مێشک و مۆخی ئێسک و ئەندامە گرنگەکانى تردا کۆدەبنەوە و مەترسیی بەرزبوونەوەى درووستبوونى نەخۆشیی شێرپەنجەش بەرز دەکەنەوە.

 

لە لایەکی ترەوە دوای ئەوەی ئاو لە کاری بەرھەمھێنانی جۆراوجۆر بەکاردەھێنرێت، دیسانەوە فڕێدەدرێتەوە دەرەوە، ڕەنگە ئەم ئاوە ھەڵگری ترش و تفت، کانزای جۆراوجۆر و توخمە قورسەکان، خوێ و ژەھرە ئەندامییەکان، ڕۆن و زۆر ماددەی جۆراوجۆری تریش بێت، لە ھەندێک حاڵەتیشدا، تێکدەری کوێرە ڕژێنەکان و بەکتریای زیانبەخش، مێرووکوژی کشتوکاڵی و پەینەکان، قڕکەرەکانی گیا و دەرمان و ھتد ھەموو ئەمانە لە ئاوی باراندا کۆدەبنەوە و دەڕژێنە ڕووبار و کۆکەرەوە ئاویەکانەوە.

 

ئاوی زێراب و پیسکردنی سەرچاوەکان هۆکاری مەترسیداری ئاون

ئاوی زێراب و بەکارھێنراوی ماڵانیش دیسانەوە ھەر دەڕژێنە ڕووبار و چەمەکان و سەرچاوەکانی ئاو پیس دەکەن، ھەرچەندە ٧٠٪ی ڕووی زەوی بە ئاو داپۆشراوە و وادەردەکەوێت کە ئاو زۆر و زەوەند بێت، بەڵام گرفتی سەرەکی ئاو، ئاوی خواردنەوەی بەردەستە، چونکە ئاوی دەریا و زەریاکان سوێرن و بۆ خواردنەوە و بەکارھێنانەکانی پاکردنەوە و کشتوکاڵ و پیشەسازیی بەکارنایەن و تەنھا ئەو سەرچاوەیەی کە ئاوی فرێشمان پێدەدات بریتیە لە ڕێژەی ١٪ی ئاوی فرێشی جیھان، کە ئەویش تەنھا ٠.٠٠٧٪ی ئاوی جیھانە.

 

ئاوی فرێش کە بۆ بەکارھێنانی مرۆیی و بۆ سوودی زیندەوەران دەستبدات، لە دەریاچە و چەم و ڕووبار و گۆم و جۆگەکاندا دەڕۆن، ھەندێکیشی لە ژێر ڕووی زەویدا کۆدەبێتەوە، بەڵام داخی گرانى مرۆڤایەتی، ڕێژەی پیس کردن زۆر خێرا بووە و مرۆڤ زۆر بێباکانە و بێڕەحمانە گوێی خۆی لێ کەڕ کردووە و چاوی لێداخستووە، بۆیە ھێشتنەوەیان بە پاکی، ئێستا کێشەیەکی ھەنووکەیی مرۆڤایەتییە و ئێمەش ناتوانین خۆمان لەو پیسکەرانە بپارێزین کە لە ئاوەوە بۆمان دێن، بۆیە پێویستە ئاو فلتەر بکەین ئینجا بەکاری بهێنین.

 

لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا لە ناحیەی خورماڵی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە پانتۆڵێکی پیاوان لەناو بۆری ئاوی ماڵێک دۆزرایەوە کە سەرچاوەی سەرەکی ئاوی خواردنەوەی خورماڵ، ئاوی زەڵم و ئەحمد ئاوایە، ئەم دیمەنانەش کە دەیبینن سەرجەمیان ئەوە دەخەنەڕوو کە سەرچاوی ئاوی زەڵم و ئەحمد ئاوا چەند لە مەترسی دایە و ڕێژەی نەخۆشی لە ژینگەشدا بەردەوام بەرەو زیادبوونە.