گۆڕانی کەشوهەوا ئەگەری وشکەساڵی زیاد دەکات
گۆڕانی کەشوهەوا بەهۆی مرۆڤەوە و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بووەتە هۆی وشکەساڵییەکی توندتر لە وڵاتانی عێراق، سووریا و ئێران، بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو.
ناوەندی هەواڵ
دوا لێکۆڵینەوەی تۆڕی جیهانی پەیوەستکردنی کەشوهەوا، کە شیکارییەکی نێوان هۆکارەکانی کەشوهەوا و گۆڕانی کەشوهەوایە، ئاشکرای کردووە، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە ئەنجامی گۆڕانی کەشوهەوا دروست دەبێت و ئەگەری ڕوودانی وشکەساڵی ٢٥ هێندە زیاتر لە سووریا و عێراق و ١٦ هێندە زیاتر لە ئێران کاریگەری دەکات.
لە لێکۆڵینەوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ساڵانێک لە ململانێ و ناسەقامگیری سیاسی وایکردووە وڵاتان نەتوانن ڕووبەڕووی وشکەساڵی ببنەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ کارەساتێکی مرۆیی.
هەروەها گۆڕانی کەشوهەوا کە لە ئەنجامی سووتانی نەوت و گاز و خەڵوزەوە دروست دەبێت، توندی وشکەساڵی زیاد کردووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەگەر پلەی گەرمی جیهان ١.٢ پلەی سەدی کەمتر بووایە، هاوتای ساڵانی پێش شۆڕشی پیشەسازی، ئەوا دۆخەکە بە هێندەی ئێستا کارەسات نەدەبوو.
لێکۆڵینەوە لە نێوان مانگی تەمموزی ساڵی ٢٠٢٠ تا مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ ئامادە کراوە و ئاشکرای کردووە، دوو ناوچە بەڕێژەیەکی زیاتر بەرکەوتەی کاردانەوەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بوون، ئەوانیش ئێران و ناوچەی حەوزی ڕووباری دیجلە و فوراتە، کە لە تورکیا سەرچاوە دەگرن و بە سووریادا تێدەپەڕن و عێراقیش دەگرێتەوە، ئەم دوو هەرێمە لە ئێستادا "وشکەساڵییەکی توند"یان بەخۆوە بینیوە بەپێی پێوەرەکانی چاودێریکردنی وشکەساڵی ئەمریکی.
زانایەکی کەشوهەوا لە زانکۆی سمنان لە ئێران کە بەشداری ئەم لێکۆڵینەوەیەی کردووە، داوای باشتر بەڕێوەبردنی سامانەکانی کرد و ڕوونی کردەوە، "لە هەرێمەکەمان هەرگیز بارانێکی زۆرمان نەباریوە، ئەمەش شتێکی ئاساییە، بەڵام باش نییە پلەکانی گەرما بەرزببنەوە، بەهۆی هەڵمبوونەوە بەشێکی زۆر لە بارانبارینمان لەدەست دەدەین و ئەگەر لە ساڵانی داهاتوودا پلەکانی گەرما زیاتر بەرزببنەوە، دەتوانین چاوەڕوانی هەڵمبوونی زیاتر بین".
زۆرجار دانیشتووان هەست بە کاردانەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و وشکەساڵی دەکەن کە کاریگەری لەسەر هەژارترین کۆمەڵگەکان هەیە و بەرهەمی کشتوکاڵیش لەم ساڵانەی دواییدا لە هەردوو وڵاتدا بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە پێشتر دەوڵەمەند بوون بە گەنم، بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکە، وشکەساڵی بووەتە هۆی ئاوارەبوونی نزیکەی دوو ملیۆن کەس لە سووریا کە لە ناوچە گوندنشینەکاندا دەژین، هاوکات لە ئێران کەمی ئاوی بووەتە هۆی “گرژی” لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و کەمبوونەوەی دروێنەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک .
ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتڕاستی کردەوە کە ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە ئاوارەبوون لە عێراق گەیشتووەتە دەیان هەزار کەس، ئەمەش بەهۆی ئەو گرژییانەی کە لە ئەنجامی دابەشکردنی ئاوەوە دروستبووە، لە وڵاتێکدا کە ژمارەی دانیشتووانی ٤٣ ملیۆن کەسە و لە هەر پێنج کەس یەکێکیان لە ناوچەیەک بەدەست کەمی ئاوەوە دەناڵێنێت.
شارەزایان ڕوونیان کردەوە کە ماوەی درێژخایەنی وشکەساڵی چیتر نابێتە "ڕووداوێکی دەگمەن"، بەو پێیەی ڕەنگە وەرزی وشکەساڵی لانیکەم لە هەر ١٠ ساڵێکدا یەکجار لە سووریا و عێراق ڕووبدات و لە هەر ١٠ ساڵێکدا دووجار لە ئێران ڕووبدات، هۆشداریشیان داوە کە گریمانەی وشکەساڵی ڕەنگە دوو هێندە بێت "ئەگەر گەرمبوونەوە زیاد بکات".