"بۆردومانی ناوچە سنورییەکان و گرتنەوەی ئاو ژینگەی کوردستانی لەناوبردوە"

نەبوونی هۆشیاری لای تاکەکانی کۆمەڵگە و کەمتەرخەمی حکومەت وای کردوە ژینگە بەرەو پیسبوون و لەناوچوون ببێتەوە و چالاکوانێکی ژینگەیش دەڵێت: بۆردومان کردن و گرتنەوەی ئاو ژینگەکەمانی لەناوبردووە.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی-پاراستنی ژینگە ئەرکی هەموو تاکێکی کۆمەڵگەیە، بەڵام لە هەندێک لە کۆمەڵگەکاندا بەهۆی نەبوونی هۆشیاری تاکەکان و کەمتەرخەمی دەسەڵات وای کردوە ژینگەی ئاو ناوچەیە بەرەو لە ناوچوون بڕوات، هەرێمی کوردستانیش یەکێکە لەو ناوچانەی بەهۆی گرتنەوەی ئاو لە لایەن ئێران و بۆردومانکردنی ناوچە سنورییەکان لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە وای کردوە ژینگەکەی توشی پیسبوون و لەناوچوون ببێتەوە.

 

"حکومەت دەبێت بە پێی یاسا ژینگە بپارێزێت"

ژینۆ خالید، مامۆستای زانکۆ ئاماژەی بەوەکرد، هەموو ئەو پێداویستیانەی ڕۆژانە بەکاریدەهێنین لە ژینگەوە دەستەبەری دەکەین، کەواتە ژینگە سوودێکی کاریگەری سەرەتایی هەیە بۆ مرۆڤ و زیندەوەران، پیسبوونی ئەم ژینگەیەش دەگەڕێتەوە بۆ دوو لایەن لایەنێکیان مرۆڤە کە بەرپرسیاری یەکەمن لە پیسبوونی ژینگە و هۆشیاری تەواویان نییە و کەم تەرخەمن بەرامبەر بە ژینگەکەیان، لایەنێکی تر حکومەتە کە کەمتەرخەمە لە کاتیكدا بەرپرسیارێتییەکی زیاتری لەسەرە پارێزگاری لە ژینگە بکات بە پێی یاسا و ڕێسای هەر ناوچەیەک.

 

"بۆردومانکردنی ناوچە سنورییەکان ژینگەکەمان لە ناودەبات"

ژینۆ خالد ڕوونی کردەوە، بە درێژایی ژیانی مرۆڤایەتی جەنگ هەبووە و بەرۆکی ژینگەی گرتووە و کاریگەریەکی گەورەی کردوەتە سەر لە ناوبردنی ژینگە، بۆیە دەڵێن تاکەکان بەرپرسیاری یەکەمن, چونکە هەر تاکەکانە حکومەت پێکدەهینن و دەچنە دەسەڵاتەوە و سنورەکان لە یەک جیادەکەنەوە، ئەم کاریگەریانەش سەردەمێک بۆ سەردەمێکی تر دەگۆڕێت.

 

وتیشی: هەرچەندە ئێستا کەمتر چەک بەکاردەهێنرێت، بەڵام بۆردومان کردنی ناوچە سنورییەکانی کوردستان هەر بەردەوامە، وە کاتێک ناوچەیەک بۆردومان دەکرێت خاکەکەی لەناودەچێت و ئاوەکەی پیس دەبێت و دارودرەختەکانیش توشی لەناوچوون دەبن، لە کاتێکدا سەوزایی سروشتی سامانێکی نیشتمانی گرنگە بۆ هەر ناوچەیەک کە هەبێت، بۆیە بۆردومان و تۆپ بارانکردنی ناوچەکانمان کاریگەری گەورەی هەیە لەسەر پیسبوونی ژینگە."

 

"گرتنەەوی ئاو لە لایەن ئێرانەوە سیاسەتی ئەو وڵاتەیە بەرامبەر بە کورد"

ژینۆ خالید ئەوەشی خستەڕوو، ژینگە وابەستەیە بە ئاوەوە, بۆیە لە هەر شوێنێک ئاو هەبێت ئاوەدانیش هەیە و ژیان جوانتر دەکات، ئێرانیش کە ئاو دەگرێتەوە ئەوە سیاسەتی وڵاتەکەی خۆیەتی بۆ ئەوەی سوودی بۆ خۆی هەبێت لە کاتێکدا گرتنەوەی ئاو لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە کاریگەری خراپ لەسەر ژینگە بەجێدەهێڵیت و ناوچەکە تووشی وشکەساڵی دەبێت.

 

ژینۆ خالید ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە وەکو چالاکوانی ژینگە بە باشی نازانین بەنداو دروست بکرێت لەسەر ڕووبارەکان، چونکە دەبێتە هۆی وشکبوونی ژینگەی دوای خۆی، بۆیە دەبێت زیاتر گۆم دروست بکرێت کە بە ئاوی باراناو پڕ دەبێتەوە، هەموو خاڵە سنورییەکان لە نێوان وڵاتاندا بە پێی یاسا بەڕێوە دەچێت، بۆیە حکومەتیش دەبێت بە پێی یاسا نێودەڵەتییەکان چارەسەری کێشەکان بکات و ڕێگە نەدات بە وڵاتانی دراوسێ ئاو بگرنەوە تا ژینگەکەمان بەرەو لەناوچوون نەچێت.

 

"ئەگەر ئێستا ژینگەکەمان نەپارێزین دەگەینە ئاستێک چارەسەرکردنی ئەستەم بێت"

ژینۆ خالید جەختی کردەوە، بۆ چارەسرکردنی پیسبوونی ژینگە دەبێت کۆمەڵگە هۆشیار بکرێتەوە لە ناوەندەکانی خوێندن بۆ سەر ئاستی تاکەکان، هەروەها حکومەت ئەو یاسایانە جێبەجێ بکات کە لەدەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەدا هەیە، پێویستە وزەی نوێ و چاکسازی زیاتر ئەنجام بدەین، چونکە مانەوەی ئێمە وابەستەیە بە مانەوەی ژینگەکەمان، لە ئێستادا وڵاتەکەمان کراوەتەوە بەڕووی پیشەسازی جیهانیدا، ئەگەر ئێستا ژینگەکەمان نەپارێزین دەگەینە ئاستێک کە چارەسەرکردنەکەشی ئەستەم بێت.

 

ژینۆ خالید لە کۆتایدا وتی: سەرەڕای ئەوەی ژینگەکەمان تا ڕادەیەک توشی پیسبوون بووە، بەڵام ژینگەی ئێستای وڵاتەکەمان لەچاو ساڵی ٢٠١٠دا  جیاوازیەکی بەرچاوی تیادا دەبینرێت، زانستی ژینگەیی بەرەو پێش چووە و چالاکوانی ژینگەیمان زۆر بووە و پرۆژەکان بۆ پاراستنی ژینگە زیاتر بووە.