دوو هاوڵاتی بوونە هۆی سوتاندنی ٢٠ دۆنم پوش و پاوان
بەهۆی کردنەوەی ئاگر لە لایەن دوو هاوڵاتی، نزیکەی ٢٠ دۆنم پوش و پاوان لە ناحیەی سەنگاو سوتان و بەهۆیەوە دوو هاوڵاتییەکە دەستگیرکران.
ناوەندی هەواڵ
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی ڕایگەیاند، سەر لە بەیانی ئەمڕۆ بەهۆی ئاگرێکەوە نزیکەی ٢٠ دۆنم پوش و پاوان لە سنوری نێوان گوندی کربچنە و شاخی ئاجداخ لە ناحیەی سەنگاو سوتان.
ئاماژە بەوەکراوە، لەدوای کەتنەوەی ئاگرەکە ڕاستەوخۆ مەفرەزەیەكی بنکەی پۆلیسی دارستانی سەنگاو گەیشتنە شوێنی ئاگرەکەو بە هاوکاری بەشی پۆلیسی دارستانی قەرەداغ و بنکەی ئاگرکوژێنەوەی سەنگاو توانیان ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن.
پاش لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە دەرکەوت دوو هاوڵاتی ئاگرەکەیان کردووەتەوە و بەوهۆیەوە دەستگیرکراون و ڕادەستی یاسا کراون.