دەریاچەی ورمێ وشک دەبێت

دەریاچەی ورمێ کە گەورەترین دەریاچەی ناوخۆیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانە، بەهۆی سیاسەتی ناپایەدار و کەمبوونەوەی تەرخانکردنی ئاو، پێگەی خۆی وەک دەریاچەیەکی هەمیشەیی لەدەستداوەو بووەتە وەرزی، ڕزگارکردنی پێویستی بە گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی هەیە لە سیاسەتەکاندا.

سایە موحبی

 

ورمێ-دەریاچەی ورمێ کە گەورەترین دەریاچەی ناوخۆیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانە، لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا ئاستی ئاوەکەی تووشی دابەزینێکی بەرچاو بووە و گەیشتووەتە حاڵەتی وشکبوونەوەی تەواو، لە هاوینی ڕابردوودا بە فەرمی بە وشکبوونەوەی تەواو ڕاگەیەندرا.

 

دوای چوار مانگ لە ڕاگەیاندنی وشکبوونەوەی دەریاچەکە، لەم دواییانەدا وێنەی نوێ لە پلاتفۆرمەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاوبووەتەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەگەری گەڕانەوەی دەریاچەکە بۆ ژیان بەپێی هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن، ئەم وێنانە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو بە بەراورد بە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەم، نزیکەی دوو مانگ و نیو لەمەوبەر نیشان دەدەن، کە ئاستی ئاوەکە نزیکەی ٤٠ سانتیمەتر زیادیکردووە.

 

لە کاتێکدا ئەم وێنانە هیوا و خۆشییان بۆ هەندێک هێناوەتە ئاراوە، بەڵام گۆڕانکاری لە ڕاستی وشکبوونەوەی دەریاچەکەدا ناکەن، بەشێکی زۆری بە وشکی ماوەتەوە و تێبینییە مەیدانییەکان پشتڕاستی دەکەنەوە کە دەریاچەی ورمێ پێگەی خۆی وەک دەریاچەیەکی هەمیشەیی لەدەستداوە و بووەتە ئاوێکی وەرزی کە بوونی وابەستەی ژمارەیەکی سنووردار لە مانگی باراناوییە، لەگەڵ هاتنی هاوین جارێکی تر دەگەڕێتەوە لێواری وشکبوونەوەی تەواو.

 

شێوازی دابەشبوونی ئاو لەناو دەریاچەکەدا قووڵایی قەیرانی ژینگەیی ئاشکرا دەکات، بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە بەشەکانی ناوەڕاست و باکووردا بە تایبەتی لە نزیک پردی تەبرێز-ورمێ چڕبووەتەوە، لە کاتێکدا ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی و باشوور بە وشک یان نزیک لە وشک ماونەتەوە، سەرەڕای پەرەسەندنی داواکاری گشتی و هۆشدارییەکانی چالاکوانانی ژینگەپارێزی، حکومەت لەم ساڵانەی دواییدا ڕێگەیەکی ئاسایشیی گرتۆتەبەر بۆ ئەم کارەساتە، بە پشتگوێخستنی توندی وشکبوونەوەی دەریاچەکە، دەستێوەردانەکانی سنووردار بووە بە دامەزراندنی "لیژنەی نۆژەنکردنەوەی دەریاچەی ورمێ" لە ساڵی ٢٠١٣ و پێشنیارکردنی هەندێک پلانی پەیوەندیدار، کە تا ئەو کاتە نزیکەی ٨٠%ی ڕووبەری دەریاچەکە پێشتر نەمابوو.

 

شویدا کەریمی چالاکوانی ژینگەیی ڕوونی کردەوە، کە گۆڕینی دەریاچەی ورمێ بۆ دەریاچەیەکی وەرزی ڕووداوێکی زوو تێپەڕ نەبووە، بەڵکو دەرئەنجامی ساڵانێک لە سیاسەتی ناپایەدار، ڕێگری لە پڕۆژەکانی بوژاندنەوە، نەبوونی ئیرادەی ڕاستەقینە بۆ تەرخانکردنی کۆتایی ئاوی پێویست و دانانی بەرژەوەندییە کشتوکاڵی و گەشەپێدانە کورتخایەنەکان بەسەر پاراستنی ئیکۆسیستەمێکی ژیانیدا.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەڕای پێکهێنانی چەندین لیژنە لە کاتە جیاوازەکاندا بە ئامانجی ڕزگارکردنی دەریاچەکە، گۆڕانکاری بەردەوام لە پێکهاتەکانی ئەو لیژنانە و نەکردنی پێویستی و تەواونەکردنی پڕۆژەکان و جێبەجێنەکردنی زۆرێک لە پلانەکان ڕێگری لە هەموو باشتربوونی بەرچاوی لە دۆخی دەریاچەکەدا کردووە.

 

شەیدا کەریمی جەختی لەوە کردەوە کە پشت بەستن تەنها بە بارانبارینی سروشتی بەس نییە بۆ ڕزگارکردنی دەریاچەکە، سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٥ ساڵ بەسەر دامەزراندنی لێژنەی بوژاندنەوەی دەریاچەی ورمێ و لێدانی زەنگی ئاگادارکردنەوە سەبارەت بە وشکبوونەوەی تەواوەتی، یەکەمین پڕۆژەی باریی هەرور لە دەریاچەکەدا تەنها لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردوودا جێبەجێ کرا، بەڵام ئەم هەنگاوە هاوکات لەگەڵ بارانبارین، بە تەنها ناتوانێت مەترسییەکانی نەمانی ئەو دەریاچەیە دوور بخاتەوە.

 

شارەزایان پێیان وایە بەردەوامبوون لەم ڕێبازە دەبێتە هۆی بەردەوامبوونی سروشتی وەرزی دەریاچەکە، لەگەڵ دەرئەنجامە دوور مەوداکانی ژینگەیی و تەندروستی و بژێوی ژیانی کاریگەری لەسەر ملیۆنان کەس هەیە، هەروەها بوژاندنەوەی ڕاستەقینەی دەریاچەکە، زیاتر لە جاران پێویستی بە گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی هەیە لە سیاسەتەکانی حوکمڕانیدا، دڵنیا بوون لە بەردەوامی ئاو و داننان بە بەرپرسیارێتی لە قەیرانەکەدا کە لە مێژە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە دواخراوە.