پێشێلکارییەکانی داگیرکاری تورکیا لە عەفرین کاریگەری لەسەر سروشت هەیە

داگیرکەری تورکیا ئاگر لە دارستان و زەویەکانی عەفرینی داگیرکراو بەردەدات، بە ئامانجی گۆڕینی بۆ بیابانێکی بێ بەرهەم کە شیاوی نیشتەجێبوون نەبێت، دانیشتووانە ڕەسەنەکەی ئاوارە دەکات و ژینگەی تاڵان دەکات.

فیدان عەبدوڵا

 

شەهبا- لە کۆتایی مانگی ڕابردوودا سوپای داگیرکەری تورکیا و چەتەکانی ئاگریان لە گوندەکانی درێژبوونەوەی نێوان گوندەکانی عەدامۆو عەلەبسکی لە ڕاجۆی کانتۆنی عەفرین بەردا و تەشەنەی کرد بۆ ٩ گوندی دیکە و زیانی ماددی و ژینگەیی لێکەوتەوە.

 

 ئاگر لە دارستان و زەویەکانی گوندەکانی ڕاجۆ لە کانتۆنی عەفرین لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کەوتەوە و زیاتر لە دوو هەفتەش بە سووتاوی مایەوە، بەبێ ئەوەی هەوڵ و دەستپێشخەری سوپای داگیرکەری تورکیا و چەتەکانی بۆ کوژاندنەوەی هەبێت، ئەو٩ گوندەی ئاگرەکە تێیدا بڵاو بووەوە "عەدامۆ. عەلەبسکی، بلیلکۆ، گالا، خەلولکۆ، کوسا، شانکیلا، عەریفە، دەروێش".

 

چەندین درەختی بەرهەمدا سووتان

ئاگرەکە هەزاران درەختی هەمیشەیی و بەرهەمداریان سووتاندووە، لەوانە دار زەیتون، گوێز، گێلاس، هەنار و هەنجیر، جگە لە دارەکانی دارستانی وەکو سنەوبەر، بەپێی دوایین ئاماری ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی عەفرین-سووریا، لەدوای داگیرکردنی عەفرین تا ئێستا زیاتر لە ٣٩١ هەزار نەمام سووتاون، جگە لە ١٢ هەزار هێکتار زەوی کشتوکاڵی، نزیکەی نیو ملیۆن دار زەیتون و زیاتر لە ٢١ ملیۆن نەمام بە جۆرە جیاوازەکان بڕدراون.

 

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە ناوچەکەوە دەست کەوتووە، خەڵکەکە بە شێوەیەکی هەڕەمەکی گوێیان لە دەنگی تەقینەوەی مینی چێندراوی داگیرکەری تورکیا و چەتەکانی بووە لە ناوچەکە و ئەمەش ترسی لا دروستکردوون کە بەرەو کوژاندنەوەی ئاگرەکانی ناوچەکە بچن.

 

"ئەم ڕووداوە زیاتر لە ٦ ساڵە بوونی هەیە"

سەبارەت بەم پرسە، فاتمە محەمەد، ئەندامی شارەوانییەکانی گەل لە عەفرین – شەهبا ڕایگەیاند، زیاتر لە دوو هەفتەیە دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بە ئارەزووی خۆیان ئاگریان لە دارستان و زەویەکانی ڕاجۆ لە عەفرینی داگیرکراو بەرداوە ئەم ڕووداوە زیاتر لە ٦ ساڵە لە زۆرێک لە گوند و شارۆچکەکانی کانتۆنی عەفرین بوونی هەیە، و ئەمەش بووە هۆی لەناوچوونی ڕووبەرێکی فراوانی زەوی کشتوکاڵی و میوە و داری دارستانەکانی ناوچەکە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو تاوان و پێشێلکاریانەی لە عەفرینی داگیرکراو دژی سروشت ئەنجامدەدرێن، نەک تەنها لەسەر ئاستی کانتۆنی عەفرین، بەڵکو لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان، ژینگە تێکدەدەن، بەو پێیەی ئەم ئاگرکەوتنەوانە، لەناوبردنی سروشتە و دوکەڵ ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر خاک و چینی ئۆزۆن دەبێت.

 

فاتمە محەمەد پێی وایە دەوڵەتی تورک بە بڕینی هەزاران درەختی بەرهەمدار و هەمیشەیی، بە سووتاندنی ئەو دارانەی کە ماونەتەوە، هەوڵی شاردنەوەی تاوانەکانی دەدات، ئەمەش دەبێتە هۆی لەناوچوونی ژینگە و سروشت.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا داوای لە ڕێکخراو و دامودەزگاکانی پەیوەندیدار بە پاراستنی ژینگە و سروشت کردووە دەستوەردان بکەن و ئەو ئاگرانە ڕابگرن کە لە عەفرین دەکرێنەوەو لێپرسینەوە لە تاوان و پێشێلکارییەکانی دەوڵەتی تورک بەرامبەر سروشت و موڵکی گەلی ڕەسەنی هەرێمەکە بکرێت.

 

"بەدرێژایی چەندین ساڵ سەرچاوەی بژێوی ژیانیان بووە"

حەمیدە عارف، یەکێکە لە ژنە ئاوارەبووەکانی کانتۆنی عەفرین لە کامپەکانی شەهبا، دڵتەنگی خۆی دەربڕی لەسەر ئەوەی داگیرکاری تورکیا لە عەفرین دژی سروشت ئەنجامی دەدات و وتی: ئەم دارانە تەنها بەشێک نین لە سروشت، بەڵکو بەرهەمی داپیران و باپیرانمانن، بۆ دەیان ساڵ و بەدرێژایی چەندین ساڵ سەرچاوەی بژێوی ژیانیان بووە، داهاتوویەک بووە بۆ منداڵەکانیان و بەشێک لە میراتەکانیان بووە.

 

ئەو دووپاتی کردەوە کە دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی دەزانن کە ئەوان خاوەنی ئەو زەوییە نین و بەجێی دەهێڵن، هەر بۆیەش هەموو شتێک لەناو دەبات، بە دار و مرۆڤ و بەردیشەوە، ئەم کارانە ئیرادەی ئێمە لاواز ناکات، بەرخۆدان دەکەین بۆ گەڕانەوە بۆ عەفرین و چاندنی نەمام و ئاوەدانکردنەوەی سروشت وەک خۆی.

 

هێڤین عەبدوۆ ئاماژەی بەوەکرد، عەفرین بە ژینگەی سەوزایی و سروشتی خۆی ناسراوە، بەڵام ئەمڕۆ بەهۆی پێشێلکارییەکانی داگیرکەری تورکیا لە یەکەم ڕۆژی هێرشەکانییەوە بۆتە خۆڵەمێش، بەڵام خاوەن زەوییەکان دەستبەرداری موڵک و ماڵی خۆیان نابن بۆ داگیرکاری تورکیا، باجەکەی هەرچی بێت بەردەوام دەبن لە بەرخۆدان و بەرگەی هەموو ئەو سەختییانە دەگرن کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە بۆ کۆتاییهێنان بە داگیرکاری و گەڕانەوە بە کەرامەتەوە .