شەشەم لەناوچوونی بوونەوەرەکانی سەر زەوی بە خێرایی دەستیپێکردووە
زانایان ئاماژە بەوە دەکەن، شەشەمین لەناوچوونی بوونەوەرەكانی سەر زەوی بە خێراییەكی زۆر دەستیپێكردووە و زەوی لە بارودۆخێكی خراپدایە.
ناوەندی هەواڵ
بەپێی توێژینەوەیەكی كە لە پێگەی ئخیۆسی ئەمریكی بڵاوكراوەتەوە، لەناوچوونی بونەوەرانی سەر زەوی ٣٥ هێندە خێراترە لەو لەناوچوونانەی پێشتر كە لەماوەی یەك ملیۆن ساڵی ڕابردوودا هەبووە، مرۆڤ هۆكاری سەرەكی ئەو دیاردەیەیە.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە هۆكارە سەرەكییەكان بریتین لە "لەناوبردنی ژینگە سروشتییەكان، بازرگانی نایاسایی و تێكدانی ژینگە"، كە ئەمانە لەناوچوونی بەكۆمەڵ زۆر خێراتر دەكەن بەتایبەتی لە چەند دەیەی داهاتوودا.
جیراردۆ سیبالۆس نووسەری توێژینەوەكە وتوویەتی: ئەو بەرهەمانەی مرۆڤ بەكاری دەهێنن و ئەو پێكهاتە غازییانەی لە بەرگە هەوای زەوی هەن بوونەتە هۆی ئەوەی زەوی گونجاو بێت بۆ ژیان و پێكهاتەی دەرمانەكان هەموویان پشت بە ڕووەكەكان و گیانداران دەبەستن بە جۆرێك لە جۆرەكان، كاتێك كە لقێكی تەواوی ئەو ڕەگەزانە لەناودەچن ئەوا توانای زەوی بۆ پاراستنی ژیان بەشێوەیەكی گشتی لەدەست دەدەین، بەتایبەتی پاراستنی ژیانی مرۆڤ.
بەپێی توێژینەوەكان گیانداران ٥ جار لەناوچوونی بەكۆمەڵیان بەخۆیانەوە بینیوە، ئەوانیش، لەناوچوونی "ئۆردۆڤیشیان سیلوری" ٤٤٤ ملیۆن ساڵ پێش ئێستا، لەناوچوونی سەردەمی "دیفۆنی درەنگ" ۲۸۳ بۆ ۲٥۹ ملیۆن ساڵ پێش ئێستا، لەناوچوونی سەردەمی "پێرمیان تریاسیك" ۲٥۲ ملیۆن ساڵ پێش ئێستا، لەناوچوونی سەردەمی "تریاسیك جۆراسی" ۲۰۱ ملیۆن ساڵ پێش ئێستا، لەناوچوونی سەردەمی "تەباشیری پالیۆجینی" ٦٦ ملیۆن ساڵ پێش ئێستا.