گۆڕانی کەشوهەوا تەندروستی تێک دەدات و ژینگەپارێزی دەبێتە ئەرک

 لە وەزری هاویندا پلەکانی گەرما زۆر بەرز بووەوە، ئەم بەرزبوونەوەیە زیانی بە تەندروستی مرۆڤ گەیاند و چەندین نەخۆشی بڵاوبوونەوە، پزیشکێکیش دەڵێت: دەستشۆرد و خۆپاراستن لە گەرمای بەتین دوورکەوتنەوەیە لە نەخۆشی.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی-هەرێمی کوردستان یەکێکە لەو ناوچانەی هاوینەکەی سەختە و پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی نائاسایی بەرز دەبنەوە ، کە بەهۆی گەرمای وەرزی هاوینی ئەمساڵ خەڵکەکەی تووشی چەندین جۆری نەخۆشی بوون، بە تایبەتی چینی کرێکار کە تەواوی ڕۆژەکە لەبەر خۆری هاویندا کاریان دەکرد، ئەگەر لەم کاتەشدا بڕێکی زۆر ئاو نەخورێتەوە زیانێکی زۆر بە جەستە دەگات و دەبێتە هۆی وشکبوونەوەی گورچیلەکان و لە کارکەوتنیان و دواجار مردنی لێ دەکەوێتەوە.

 

"بەرزبوونەوەی پلەی گەرما بۆ ٥٠ پلە ئەگەری مردن بەرز دەکاتەوە"

چراخان محەمەد، پزیشکی پسپۆڕی هەناوی ئاماژەی بەوەکرد، پلەی گەرمی جەستەی مرۆڤ لە کاتی ئاسایدا ٣٧ پلەیە، بەڵام بە پێی نوێترین زانیاری وڵاتانی ڕۆژئاوا دەکرێت ئەم پلەیە بگۆڕێت و زیانی هەبێت بۆ جەستە، کاتێک پلەی گەرمی ببێتەوە بۆ ٣٥ پلە یان نزمبێتەوە بۆ -١٠، پلەی گەرمی ٣٥ لە وڵاتانی ڕۆژئاوا وەکو ٤٥ پلەی وڵاتی خۆمان دەبێت، چونکە ڕێژەیەکی زۆر لە شێ هەیە لە ئاو و هەواکەیاندا، وە ئەگەر پلەی گەرمی بگاتە سەروو ٥٠ کە ئەمە زیاتر لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت، ئەگەری مردن بەرز دەبێتەوە، کاریگەری پلەی گەرمیش بە پێی دۆخی وڵات و جەستەی کەسەکان دەگۆڕێت کە تا چەند بەرگەی گەرما دەگرن.

 

"کەم خواردنەوەی ئاو دەبێتە هۆی وشکبوونەوەی گورچیلەکان"

چراخان محەمەد ڕوونی کردەوە، بەرزبوونەوەی پلەی گەرما کاریگەری هەیە لەسەر هەموو ئەندامەکانی جەستە بەتایبەتی کۆئەندامی هەرس، بەڵام ئێمە وەکو پزیشکان زیاتر جەخت لەسەر کاریگەری گەرما لەسەر گورچیلەکان دەکەینەوە، چونکە ئەندامی سەرەکی مانەوەی مرۆڤن لە جیهاندا، ئەگەر کەسێکیش لە کاتی گەرمای زۆردا ئاو نەخواتەوە گورچیلەکانی وشک دەبنەوە، لە کاتی بەرزبوونەوەی پلەی گەرماشدا خێرایی لێدانی دڵ بەرزدەبێتەوە، ئارەقکردنەوەی زۆر دەبێت و بەمشێوەیە خوێی جەستە دێتە دەرەوە و پەستانی خوێن دادەبەزێت.

 

وتیشی: دەکرێت بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی کاریگەری ڕاستەوخۆی هەبێت وەک، سووتانی پێست، دروستبوونی بڵق لەسەر پێست، کەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن، کاریگەرییە ناڕاوستەوخۆکانیشی وەک، بڵاوبوونەوەی نەخۆشیە درمە بەکتریا و ڤایرۆسییەکانی وەک سکچوون و ڕشانەوە، سورێژە، دڕکەمێکوتە، هەڵامەت، سوربوونەوەی چاو و وشکبوونەوە هەر گەرماش دەبێتە هۆی گواستنەوەیان، کەسانی بەتەمەن، منداڵ، ژنی دووگیان و ئەو کەسانەی نەخۆشی درێژخایەنیان لەگەڵدایە گەرما زیاتر کاریگەریان لەسەر دروست دەکات بەتایبەتی ئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرە و بەرزی پەستانی خوێنیان هەیە."

 

"شەش کاتژمێری ڕۆژ لە هاویندا دەبێتە مەترسی بۆسەر تەندروستی"

چراخان محەمەد ئەوەشی خستەڕوو، ئەو کەسانەی بۆ ماوەیەکی زۆر ڕاستەوخۆ پلەی گەرمیان بەردەکەوێت ئارەقێکی زۆر دەکەن و دواتر هیچ ئارەقێک ناکەن ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە، حاڵەتی بەرکەوتەی گەرمی هەیە کە پلەی گەرمی لەشی کەسەکە دەگاتە ٤٠ پلە و هۆش و بیری لەدەست دەدات و دەبێتە هۆی گەشکە و دواتر مردن، هەروەها ڕێژەی نەخۆشی گرانەتا لە وەرزی هاویندا بەرز دەبێتەوە.

 

لە کۆتایدا وتی: لە کاتی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمادا وا باشترە لە کاتژمێر ١٠ی بەیانی بۆ ٤ی ئێوارە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ تیشکی خۆردا نەبێت، دژەخۆر بەکاربهێنرێت، جلێکی لۆکەی پان لەبەر بکرێت، ئاوی زۆر بخورێتەوە، سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی سەرچاوەیەکی پاک بێت، زوو زوو دەست بشۆردێت، بەتایبەتی کرێکاران دەبێت سەریان دابپۆشن، ئەمانە کاریگەری گەرما لەسەر جەستە کەم دەکاتەوە.