زیادەڕەوی مرۆڤ جیهان ڕووبەڕووی کەمبوونەوەی ئاوی شیرین دەکاتەوە

لێکۆڵینەوەیەکی نوێ دەریدەخات کە ڕێژەی ئاو لە زیاتر لە نیوەی دەریاچە و خەزانەکانی جیهاندا کەم دەبێتەوە، هۆکارەکەشی گەرمبوونی جیهان و زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانیەتی لەلایەن مرۆڤەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

لێکۆڵینەوەیەکی نوێ دەریدەخات کە ڕێژەی ئاو لە زیاتر لە نیوەی دەریاچە و خەزانەکانی جیهاندا کەم دەبێتەوە، هۆکارێک کە مەترسی لەسەر ئەم سەرچاوە گرنگەی ئاوی شیرین دروست دەکات، تاڕادەیەکی زۆر دەگەڕێتەوە بۆ گەرمبوونی جیهان و زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی لەلایەن مرۆڤەوە.

 

بەپێی توێژینەوەکە، کە دوێنێ، ١٨ی ئایار لە گۆڤاری زانستی بەناوبانگی زانستدا بڵاوکراوەتەوە، نزیکەی چارەکێکی دانیشتوانی جیهان لەو ناوچانەدا دەژین کە دەریاچەکانیان بەدەست وشکبوونەوە دەناڵێنن، یان ئاوی بەنداوەکانیان بەهەڵم دەبێت.

 

بالاجی ڕاجاگۆپالان، مامۆستا لە زانکۆی کۆلۆرادۆ بۆڵدەر و هاوکارە لە نووسینی توێژینەوەکە، بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، "دەریاچەکان لە ئاستی جیهانیدا لە مەترسیدان و ئەمەش کاریگەرییەکی بەرفراوانی هەیە، هێڵی ژیان بۆ کۆمەڵگەکان و مرۆڤایەتی دابین دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو ڕێزەی کە شایەنیەتی بەدەست ناهێنن.

 

دەریاچەکان نزیکەی ٪٣ی ڕووبەری زەوی دەگرێتەوە، بەڵام ٪٨٧ی شلەی ئاوی شیرینی تێدایە، کە بۆ خواردنی مرۆڤ، کشتوکاڵ، یان تەنانەت بۆ بەرهەمهێنانی کارەباش بەکاردەهێنرێن.

 

توێژینەوەکانی پێشوو وشکبوونەوە و تێکچوونی دەریاچە گەورەکانیان تاوتوێ کردووە، بەڵام ئەم توێژینەوەیە یەکەمجارە کە ڕوانگەیەکی ورد لە ڕەوتە جیهانییەکان و هۆکارەکانی گۆڕانکارییە چاودێرکراوەکان دەخاتە ڕوو، ئەمەش بەهۆی چاودێریکردنی مانگی دەستکردەوەیە.