پێشبینی دەکرێت گۆڕانی کەشوهەوا ببێتە هۆکاری زیادبوونی "پەنابەرانی کەشوهەوا"
چالاکیەکانی مرۆڤ لە ناوچە پیشەسازییەکان دەبنە هۆکاری بەرزبوونەوەی گازی گەرمخایەن، بۆیە دەبێت کارگە پێشەسازیەکان ساڵانە ١٠٠ ملیار دۆلار پێشکەش بە وڵاتە تازەپێگەیشتوەکان بکەن تا ڕووبەڕووی گۆڕانی کەشوهەوا ببنەوە.
هێلین ئەحمەد
ناوەندی هەواڵ- گۆڕانی کەشوهەوا ئاماژەیە بۆ گۆڕانکاری درێژخایەنی پلەی گەرما و کەشوهەوا، ئەم گۆڕانکاریانە دەتوانین بڵێین سروشتی بوون بە هۆکاری تەقینەوەی گرکانەکان و چالاکیەکانی خۆر، بەڵام لەسەدەی نۆزدەوە چالاکیەکانی مرۆڤ یەکێک بوون لە هۆکارە سەرەکیەکانی گۆڕانی ژینگە، بەهۆکاری سووتاندنی سوتەمەنی وەک گاز و نەوت و خەڵوز.
ئەو سوتەمەنیانە کاتێک دەسوتێت وەک ڕوپۆشێکی گازیین دەوری زەوی دەگرن و پێی دەوترێت گەرمخانەیی و دەبنە هۆی گەرمی زەوی و تیشکی خۆر و دەبێتە هۆکاری بەرزبوونەوەی پلەی گەرما.
گازە سەرەکیەکانی گەرمخانەیی کە دەبنە هۆکاری گۆڕینی کەشوهەوا بریتین لە دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و میتانی، کە لە بەکارهێنانی بەنزین و زۆربوونی ئۆتۆمبێل یان خەڵوز یاخود بڕینی دارەکان و زۆری کشتوکاڵی هەڵە و زۆربوونی کارگەکان لەناو شارەکاندا بڵاودەبنەوە.
پیسبوونی خاک دەبێتە هۆکاری نەخۆشیە درێژخایەنەکان
گازە گەمخانەییەکان بەرپرسیاری سەرەکی پیسبوونی ژینگە و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جیهانە لە ٢٠٠ ساڵی ڕابردوودا، چالاکییەکانی مرۆڤین بوونەتە هۆکاری بەرزبوونەوەی گازی گەرمخایەن، کە تێکڕای گەرمی ڕووی زەوی ١.١ پلەی سەدی لە پاش شۆڕشی پیشەسازی بەرز بووەتەوە، ١٠ ساڵی ڕابردوو بە گەرمترین ١٠ ساڵ تۆمار کراوە.
گۆڕانی کەشوهەوا لە ناوچەیەک دەبێتە هۆی گۆڕانی کەشوهەوای هەموو ناوچەکە، دەرەنجامی ئەم گۆڕانانە بریتین لە وشکەساڵی توند، ئاگرکەوتنەوەیەکی زۆر، توانەوەی سەهۆڵی جەمسەری، زریانی کارەساتبار و کەمبوونەوەی جۆراوجۆری زیندەوەر.
بە پلەی یەکەم پیسبوونی ژینگە بۆ هاوردە بیانیەکان دەگەڕێتەوە، ئەم پیسبوونە دەبێتە هۆکاری مەترسی بۆ سەر مرۆڤ و سەرهەڵدانی چەندین نەخۆشی وەک نەخۆشیەکانی شێرپەنجە بەهۆی هەوا یان بەهۆی پیسبوونی خاک، هەروەها توشبوونی نەخۆشیەکانی هەناوی قورگ و لوت کێشەکانی هەناسەتەنگی یان هەوکردنی پێست، بڵاوبوونەوەی مەلاریا و کۆلێرا و ئیفلیجی منداڵان و نەخۆشیەکانی جگەر، بەهۆی ئەو ئاوە پیسانەی چەندەها بەکتریای تێدایە.
گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەری لەسەر تەندروستی هەیە، توانای گەشەکردن، نیشتەجێبوون، سەلامەتی و کارکردن و لە شارێک بۆ شارێکی دیکە زیانەکانی دەگۆڕێت، بۆ نمونە لە وڵاتانی گەشەسەندوو ڕێژەی زیانەکانی بۆ سەر مرۆڤ زیاترە لە ویلایەتە دوورگەییە بچووکەکان، گۆڕانی کەشوهەوا هاوڵاتیان دەخاتە بەر مەترسی برسیەتی و لە داهاتوودا پێشبینی دەکرێت ژمارەی "پەنابەرانی کەشوهەوا" زیاد بکات.
پیسبوونی هەوا هۆکارە بۆ زیادبوونی مردنی پێشوەختە
کردەی کەشوهەوا پێویستی بە وەبەرهێنانی دارایی لەلایەن کۆمپانیاکان و حکومەتەوە هەیە، بەڵام کردەی کەشوهەوا پێویستی بە ئابووری زیاتر هەیە، دەبێت هەنگاوی چارەنوسساز بنرێت بۆ ئەوەی ژینگەیەکی تەندروست هەبێت، دەبێت پیشەسازان ساڵانە ١٠٠ ملیار دۆلار پێشکەش بە وڵاتە تازەپێگەیشتووەکان بکەن تاوەکو بەرەو ئابووری سەوزتر هەنگاو بنێن.
ئاماری ڕێخراوی تەندروستی جیهان دەریدەخات، لەساڵی ٢٠١٤دا لە ٪٩٢ی خەڵکی جیهان لەو ناوچانە دەژین کە ئاستی پیسبوونی ژینگە لەسەروو ئەو ڕێنمایانەوەیە کە دراوە، هەروەها ئامارەکان دەریدەخەن تەنها لە ساڵی ٢٠١٢دا بەنزیکەی ٣ ملیۆن هاوڵاتی بە هۆکاری پیسبوونی هەوا بە مردنی پێشوەختە گیانیان لەدەستداوە، ڕێخراوەکە دەریدەخات لە ساڵی ٢٠١٩دا، پیسبوونی هەوا هۆکاری ٪٣٧ی مردنی پێشوەختەیە و لە ٪١١ هۆکاری شێرپەنجەی سیەکانە.
دانیشتووانی وڵاتی هەژار و مامناوەند بە ڕێژەی ٪٨٩ بەرکەوتەی پیسبوونی ژینگەن لە کۆی ٤.٤ ملیۆن مردنی پێشوەختە، ڕێکخراوە تەندروستی و ژینگەییەکان بارگرانین بەسەر باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و ڕۆژئاوای زەریای هێمن، خەمڵاندنی ئەو هۆکارە بەربڵاوانەی مردن لەو ناوچانەدا دەریدەخەن ڕێخراوەکان بارگرانین و نەیانتوانیوە لە ئاستی پێویستدا هاوکاری بۆ ئەو وڵاتانە دابین بکەن.
هەوڵدا بۆ چارەسەرکردنی پیسبوونی ژینگە
دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەکان هەوڵبدەن بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری دەربارەی پاراستنی ژینگە، دوبارە ماددە پلاستیکیەکان بەکار بهێنرێتەوە و ڕێگری لە تیشکدانەوە بکرێت، ئەمەش لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبی ئەتۆمی و دزەکردنی ماددە مەترسیدارەکان لە ئامێرە پیشەسازی و پزیشکیەکانەوە ڕوودەدات، هەروەها پیسبوونی ژینگە و ژاوەژاو کاریگەری نەرێنی لەسەر دەروونی و جەستەی مرۆڤ بەجێدەهێڵێت، دوورخستنەوەی کارگەکان لە سەنتەری شارەکان و دانانی فلتەر بۆ ڕێگریکردن لە دەردانی دوکەڵ لە کارگەکانەوە، پێشکەشکردنی سیمینار بۆ هۆشیارکرنەوەی هاوڵاتیان، ڕێگاکانی ڕێگریکردنن لە پیسبوونی ژینگە.