COP27 داوای جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی دارایی کەشوهەوا دەکات
نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی کردەوە کشتوکاڵی بچووکی وڵاتانی تازەپێگەیشتووی جیهان یەک لەسەر سێی خۆراکی جیهان بەرهەمدەهێنن، لەکاتێکدا ئەو وڵاتانە ناچاربن خۆیان لەگەڵ وشکەساڵی و لافاو و کارەساتەکانی دیکەدا بگونجێنن، تەنها ٪١.٧ی دارایی کەشوهەوا وەردەگرن.
ناوەندی هەواڵ
نوێنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوتکەی کەشوهەوا- COP27دا جەختیان لەسەر پێویستی وڵاتان لە گۆڕانکاری و جێبەجێکردنی بەڵێنەکەیان لە بواری دارایی کەشوهەوادا دەکەنەوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کەشوهەوا میسر گرنگیدانی خۆی بە پرسی گونجاندن و کشتوکاڵ و سیستەمی خۆراک لە چوارچێوەی گۆڕانی کەشوهەوادا دەستپێکرد، هەروەها دەستپێشخەرییەکی نوێ لەپێناو گۆڕانکاری بەردەوام بە ناوی "خێرا-FAST" بۆ باشترکردنی بڕ و کوالێتی بەشدارییەکانی دارایی کەشوهەوا بۆ گۆڕینی کشتوکاڵ و سیستەمی خۆراک تا ساڵی ٢٠٣٠ خرایەڕوو.
نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە بەرنامەی دەستپێشخەری "خێرا" ئەنجام بەرجەستە دەکات بۆ یارمەتیدانی وڵاتان بۆ دەستڕاگەیشتن بە دارایی و وەبەرهێنانی کەشوهەوا، زیادکردنی زانیاری و پێشکەشکردنی پشتیوانی و گفتوگۆی سیاسەت.
سابرینا دۆر ئێلبا، باڵیۆزی نیازپاکی لە سندوقی نێودەوڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەشەپێدانی کشتوکاڵی (IFAD) لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: "یارمەتیدانی خەڵکی گوندەکان بۆ بنیادنانی خۆڕاگری خۆیان بەرامبەر ڕووداوە توندەکانی کەشوهەوا و گونجاندن لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوادا پێویستییە بۆ گەشەپێدانی خۆراک لە بارودۆخە سەختەکاندا".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "ناتوانم بە بێدەنگی بوەستم لەکاتێکدا دایکان و خێزانەکان و جووتیاران لە سەرتاسەری کیشوەری ئەفریقا، کە توندترین وشکەساڵی لە مێژووی مۆدێرن بەخۆیەوە دەبینێت، ئازار دەچێژن".
دینا ساڵح، بەڕێوەبەری ناوچەیی سندوقی نێودەوڵەتی بۆ گەشەپێدانی کشتوکاڵی، ئاماژەی بەوەدا، هاوکارینەکردنی خەڵکی گوندەکان بۆ گونجاندن، دەکرێت لێکەوتەی وێرانکەری هەبێت، کە دەبێتە هۆی زیادبوونی هەژاری و کۆچ و ململانێ.
سێزدە ساڵ لەمەوبەر لە کۆنگرەی COP 15 لە کۆپنهاگنی ئەڵمانیا، وڵاتانی پێشکەوتوو بەڵێنێکی ئەوەیاندا تا ساڵی ٢٠٢٠ ساڵانە ١٠٠ ملیار دۆلار بۆ وڵاتانی کەم دەوڵەمەند تەرخانبکەن، تا یارمەتیان بدات خۆیان لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بگونجێنن، بەڵام ئەو بەڵێنە جێبەجێ نەکراوە.
هیندو ئۆمارۆ ئیبراهیم، شارەزای بواری ژینگەی چاد جەختی لەوە کردەوە، "مافی زەوی، مافی سەرچاوە، مافی مرۆڤ، مافی خەڵکی ڕەسەن و زیانەکان دەبێت لە هەموو دەقەکانی دانوستاندا هەبێت"، هەروەها ڕوونیکردەوە کە خەڵکەکەی بەهۆی لافاو و وشکەساڵییەوە دەمرن، هەندێک لە کۆمەڵگە ڕەسەنەکانی زەریای هێمنیش ماڵ و حاڵی خۆیان لەدەست دەدەن.
زیتونی ئۆڵد دادا، جێگری بەڕێوەبەری بەشی کەشوهەوا و ژینگە لە دەزگای نەتەوە یەکگرتووەکان وتی: پەیامەکە بەڕاستی دانپێدانانە بەوەی کە کشتوکاڵ دەبێت بەشێکی دانەبڕاو بێت لە چارەسەرکردنی قەیرانی کەشوهەوا، ناتوانین بەردەوام بین لەسەر مۆدێلی ئێستای بەرهەمهێنانی خۆراک و دواتر تێکچوونی خاک و تێکچوونی جۆراوجۆری زیندەوەران، کە کاریگەری لەسەر ژینگە دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر هەڵبژاردەی دروست بکرێت، کشتوکاڵ دەتوانێت بەشێکی گرنگ بێت لە چارەسەری بەرەنگاربوونەوەی قەیرانی کەشوهەوا بە جیاکردنەوەی کاربۆن لە خاک و ڕووەکەکاندا و پێشخستنی گونجاندن و خۆڕاگری، دەشڵێت: نزیکەی ٨٢٨ ملیۆن کەس ڕۆژانە برسی دەبن، لەگەڵ ئەوەشدا یەک لەسەر سێی ئەو خۆراکانەی بەرهەمی دەهێنین بۆ خواردنی مرۆڤ فڕێیدەدەین. پێویستە شێوازی بیرکردنەوە و مۆدێلی بەرهەمهێنانمان بگۆڕین، بۆ ئەوەی زەرەر نەکەین و خۆراک بەفیڕۆ نەدەین.