چرۆ عەلی: پاراستنی ژینگە پاراستنی خاک و مرۆڤە

چرۆ عەلی، دامەزرێنەری ڕێکخراوی سیبیئای ژینگە دەڵێت: دیاردەی بڕینەوەی دارو تێکدانی دارستانەکان لە سنووری بادینانەوە تا ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بووەتە نیگەرانییەکی جدی بۆ داهاتووی ژینگە و ژیانی هاوڵاتییان.

هێلین ئەحمەد

سلێمانی_
دارستانەکان تەنها کۆمەڵێک دار و درەخت نین،بەڵکوو سەرچاوەی ژیان، هەناسەی زەوی و بەشێکیگرنگی ناسنامەی سروشتیی کوردستانن، بەڵام ئەمسەرچاوە سروشتییانە، بە تایبەتی لە سنووری بادینان و ناوچەکانی تری هەرێمی کوردستان، ڕووبەڕووی مەترسییەکی گەورە بوونەتەوە، مەترسییەک کە تەنها بەبڕینەوەی دارەکان کۆتایی نایەت، بەڵکوو کاریگەرییەکانیدەگاتە سەر خاک، ژینگە، ژیانی ئاژەڵان و داهاتووی مرۆڤیش. لە کاتێکدا برینەکانی جەنگ و وێرانکارییەکانیڕابردوو هێشتا لەسەر ژینگەی کوردستان ماون، بەردەوامیی لەناوبردنی دارستانەکان و تێکدانی هاوسەنگیی سروشت پرسیارێکی گرنگ دەخاتە ڕوو: ئەگەرسروشت و خاکمان لەدەست بدەین، چۆن دەتوانین ژیانی سەلامەت و داهاتوویەکی ئارام بۆ نەوەکانی داهاتوو دابینبکەین؟

لە چوارچێوەی ئەم نیگەرانییەدا، چرۆ عەلی، دکتۆرا لە  ئەندازیاری تەلارسازی و دامەزرێنەری ڕێکخراوی سیبیئای ژینگەیی، قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کرد.

 

"جینۆسایدکردنەکانی ژینەگە بڕینەوەی دارەکان لە دەڤەری بادینان بەردەوامە"
چرۆ عەلی، باسی لەوەکرد، ئیکۆسایدکردنی ژینگە لە جەنگی جیهانییەوە تا ئێستە لە جیهاندا بەردەوامی هەیە، وتی: جەنگەکان ژینگەی ناوچەکە بەرەو وێرانکاری دەبەن، جەنگی ڤێتنام قورسترین جەنگ بوو بۆ ژینگەی ناوچەکە کە لە ئێستاشدا بەشێکی زۆر لە ژینگەی ناوچەکە بەکار نایەت بۆ وەبەرهێنانی خۆراک، لە ناویدا موادی لەناوبردنی مێرووی هەزارجار زیاتری لە ڕێژەی ئاسای خۆی پێوەکراوە بۆیە هیچ بەروبوومێکی خۆراکی تێداناچێندرێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستاندا هاوڵاتیان و ژینگەشمان جینۆساید و ئیکۆسایدیش دەکرێن، ئێمە دەزانین ئەو جینۆسایدەی بەسەر هەڵەبجەدا تێپەڕی تائێستەش هاوڵاتیان کێشەی تەندروستیان بۆ دروست دەبێت، بەڵام ئێمە باس لە جینۆسایدو لە دەستدانی هاوڵاتیان دەکەن، نەک زیانەکانی بە ژینگەی ناوچەکە گەیشتووە لە چ ئاستێکدایە، سەرەڕای بڕینەوەو جینۆسایدکردنەکانی ژینەگە بڕینەوەی دارەکان لە دەڤەری بادینان بەردەوامە، هەروەها لە خوارووی عێراق ئەهوارەکانمان هەبوو، کە لەوێدا ئاژەڵێکی زۆر بەروبوومی هەبوو، بەڵام حکومەتی ئەوێ بۆ سەرکوتکردنی هاوڵاتیانی ناڕازی ئەهوارەکانیان وشک کرد، پاشان هاوڵاتیان لەو ناوچانەدا کۆچیان کرد، بێگومان ئەو ناوچانەی ژینگەی تەندروستی تێدانەبێت بە پێی کات هاوڵاتیان ناچاردەبن ئەو ناوچەیە بەجێبهێڵن کە ئاوارەبوونی هاوڵاتیاننی لێدەکەوێتەوە. 

جەختی لەوەشکردەوە، سەرەڕای ئەوەی وڵاتانی دراوسێ لە ڕێگەی بڕینەوەی دارەکان و لە ناوبردنی ژینگەکەمانەوە هەوڵی لە ناوبردنمان دەدەن، لە هەرێمی کوردستانیشدا بە هەمان شێوە هەوڵی لە ناوبردنی کورد دەدرێت، وتی: لە ساڵانی نەوەدەکان بینیمان گوندەکانی کوردستان چۆن جینۆساید و ئیکۆساید دەکران، هاوڵاتیان ناوچەکەیان چۆڵکرد، ژینگەکەیان لە ناوبرا، زۆربەی ئەو گوندانە بە ئێستەشەوە ناتواندرێت ژیانی تێدا بکرێت، هەروەها دارێک بە چەندین ساڵ گەشەدەکات، بەڵام دەبینین بە چەند خولەکێکی کەم لە ناویان دەبەن، هەروەها دەبینین دارو درەختەکانی سنوری بادینان چۆن دەبڕدرێنەوە، چەندین ساڵە ئێمە داوا لە حکومەتی هەرێم دەکەین ڕێگری لە دەوڵەتانی داگیرکەری دراوسێ بگرێت، تا ئیتر کێشەی ژینگەیمان بۆ دروست نەکەن، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان ناتوانێت لەگەل دەوڵەتانی دراوسێدا دانوستانبکات، بۆیە پێویستە حکومەتی عێراق لە ڕێگەی یاسا و گەیاندنی دەنگی بە جیهان ڕێگری لە کێشە ژینگەییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بگرێت.

 

"سیستمی سەرمایەداری بوەتە هۆکاری لە ناوبردنی ئیکۆسیستم"
باسی لەوەکرد، سەرەڕای داگیرکاری و لە ناوبردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان لە لایەن  داگیرکەرانی دراوسێمانەوە، لە ناوخۆی وڵاتیشدا لە ڕێگەی دروستکردنی پڕۆژەکانەوە ژینگە ڕوبەڕووی جینۆسایدبوون دەکرێتەوە، وتی: یەکەی نیستەجێبوونەکان ژینگەی ناوچەکەمان لە ناو دەبەن، سیستمی سەرمایەداری بوەتە هۆکاری لە ناوبردنی ئیکۆسیستم، ساڵانە چەندین یەکەی نیشتەجێبوون لە شارەکان و دەرەوەی شارەکاندا دروستدەکرێت، بەبێ هەبوونی هیچ پێوەرێکی ژینگەی و مرۆی، پێویستە دروستکردنی پڕۆژەکان لەمیانەی پێویستیی مرۆڤدابێت، بەڵام لە ڕێگەی پڕۆژەکانەوە شاخەکان و دارستان و خاک لە ناودەبەن، هەروەها سیستمی سەرمایەداری بوەتە هۆکاری پیسبوونی ژینگە، هەروەها لە ڕێگەی دروستکردنی پڕۆژە نیشتەجێبوونەکان کێشەی بۆ تەواوی کۆمەڵگە دروست کردووە، لە کاتێکدا بەبێ هەبوونی پێویستی رۆژ بەڕۆژ شوقەکان بەرزدەکرێنەوە بۆ ئاسمان، دواتر بەبازاڕی کردنیان لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان بۆ دەکرێت، واتە هاوڵاتیانی بیانی بانگێشتی پڕۆژەکان دەکرێت، تا ببنە کڕیارو لە خاکی خۆماندا بیانکەینە خاوەنماڵ و سامان، ئەمەش دەبێتە هۆکارێکی دیکە بۆ لەناوچوون و داگیرکردنی خاکمان.

لە کۆتایی قسەکانیدا وتیشی: پێویستە لە پەروەردەکردنی تاکەوە هەوڵ بدەین، تا خاکەکەمان بپارێزین، هەر یەک لە خۆمانەوە نەمام بنێژین داگیرکەر دارەکانمان دەبڕێتەوە ئێمە هەزاران دارو نەمان بنێژینەوە تا نەتوانن ژینگە و خاکمان داگیربکەن، هەروەها لایەنی پەیوەندیدار پێویستە ئەرکی خۆی بگەیەنێت، ڕێگری لە لەناوبردن و جینۆسایدی خاکمان بکات، دوژمنەکانمان یەکەم هەنگاویان لە ناوبردنی ژینگەیە دواتر لەناوبردنی مرۆڤەکانی ناو ئەوخاکەیە، پێویستە لایەنەکان بە ئەرکی خۆیان هەڵبستن و خاکمان بپارێزن.