بە ڕاگرتنی ئاوی فورات تورکیا درێژە بە کارە نامرۆڤەکانی دەدات

دابەزینی ئاستی ئاوی ڕووباری فورات لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بووەتە هۆی سەرهەڵدانی کارەساتی مرۆیی و ژینگەیی و دابەزینی ڕووبەری زەوییە کشتوکاڵییەکان و وشکبوونەوەی ئاوی ژێر زەوی، ئەمەش کاریگەری لەسەر ژیانی خەڵک هەیە.

یوسرا ئەحمەد

 

ڕەققە- ژنانی شاری ڕەققە ڕەخنەیان لە سیاسەتی دەوڵەتی داگیرکاری تورکیا گرت کە ئاوی ڕووباری فورات دەگرێتەوە و بووەتە هۆی دابەزینی ئاستی ئاو لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئەم دابەزینی ئاوە کارەساتی مرۆیی و ژینگەیی و کەمبوونەوەی ڕووبەری فراوانی زەوییە کشتوکاڵییەکانی لێکەوتووەتەوە، کە کاریگەری نەرێنی لەسەر لایەنی ئابووری و کشتوکاڵی ناوچەکە هەیە، هەروەها ئاوی ڕووبارەکە شیاوی خواردنەوە نییە و ڕێژەی سوێرییەکەی زیادی کردووە، کە مەترسییەکی ڕاستەقینەیە بۆ دانیشتووانی ناوچەکە.

 

لە ٢٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١، داگیرکاریی تورکیا ئاوی ڕووباری فوراتی لە خاکی سووریا گرتەوە، ئەمەش بووە هۆی دابەزینی لێشاوی ئاوی ڕووبارەکە کە لە تورکیاوە دەچێتە ناو سووریاوە بۆ کەمتر لە ٢٠٠ مەتر سێجا لە چرکەیەکدا، بە پێچەوانەی ڕێککەوتننامەی واژۆکراوی نێوان حکومەتی دیمەشق و تورکیادا، کە دەبێت لە چرکەیەکدا ٥٠٠ مەتر سێجا ئاوی ڕووبارەکان بچنە ناو خاکی سووریاوە.

 

"دەوڵەتی تورکیا ئامانجی شکاندنی ئیرادەی گەلە"

غوفران عەبدول سەلام، هاوسەرۆکی لیژنەی ئاودێری و کشتوکاڵ باسی لەوەکرد، دەوڵەتی داگیرکاری تورکیا شەڕی خەڵکی ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە هەموو ڕێگە و شێوازێک دەکات، ئامانجی شکاندنی ئیرادەی گەل و لاوازکردنی بەرخۆدانییانە، تا ئاوارەبوون ڕووبدات و پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک سەرنەگرێت، هێرشە سەربازی و سیاسییە بەردەوام و چڕبووەکانی ئەم دواییەی تورکیا بۆ سەر ناوچەکە سەرکەوتوو نەبوون، پەنای بردە بەر شێوازی تری ترسناکتر لە شەڕ، کە شەڕی ئاو بوو، بۆ ئەوەی گەلانی ناوچەکە ناچار بکات و سەرقاڵیان بکات بە کێشەگەلێک کە هەڕەشە لە ڕاستی ئابوورییان دەکات.

 

کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی ڕووباری فورات چەندین کاردانەوەی نەرێنی لەسەر لایەنی کشتوکاڵی و ئابووری هەبووە، غوفران عەبدول سەلام ئاماژە بەوە دەکات کە شاری ڕەققە بە پلەی یەکەم پشت بە کشتوکاڵ دەبەستێت و دابەزینی ئاستی ئاویش کاریگەری زۆری لەسەر ئاودێری زەوییە کشتوکاڵییەکان هەبووە و ڕووبەرێکی زۆری زەوی لە خزمەتگوزاری دەرچوون، بەو پێیەی ڕووباری فورات بە سەرچاوەی سەرەکی شاری ڕەققە دادەنرێت، بۆیە کەمبوونەوەی ئاو مەترسی لەسەر بژێوی ڕێژەیەکی زۆری ئەو خەڵکە دروستکرد کە پشت بە کشتوکاڵ دەبەستن، ئێمە تا دەتوانین کاردەکەین بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ ئەو بڕە ئاوەی لە ڕووباری فوراتەوە دێت، بە پێدانی ڕێنمایی و دەرکردنی فەرمانەکان بۆ جێبەجێکردنی پلانی کشتوکاڵی و پابەندبوون پێی لەلایەن جووتیارانەوە.

 

"هەوڵ دەدەین ڕێوشوێنی گونجاو بگرینەبەر"

مونا ئیسماعیل، هاوسەرۆکی لیژنەی ئیدارەی خۆجێی لە ئەنجومەنی مەدەنی، ڕایگەیاند، بڕینی ئاوی ڕووباری فورات کە هێڵی ژیان بۆ خەڵکی ناوچەکە پێکدەهێنێت، دەبێتە هۆی کارەساتی مرۆیی و ژینگەیی، ئەم شەڕە ساردە لەلایەن تورکیاوە دژی گەل ئەنجام دەدرێت و بە مەترسیدارترین شەڕ دادەنرێت، بەو پێیەی تورکیا وەک کارتی فشار بەکاری دەهێنێت، تا خەڵک کۆچ بکەن بۆ دەرەوەی وڵات.

 

فەرمانگەی ئیدارەی خۆجێی و ئاو کار دەکەن بۆ گرتنەبەری هەندێک ڕێوشوێن، لەوانە دروستکردنی بەنداوی بچوک لە ڕووباری فورات لە بەردەم هەر وێستگەیەکی ئاو، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی ئاو لە بیرە درزەکاندا، جگە لەوەش ڕاکێشانی ئاو بۆ پەمپەکان و هەڵکەندنی دوو بیر لە وێستگەی سەرەکی پاڵاوتن بە شێوەیەک کە لەگەڵ پێداویستییەکانی وڵاتدا بگونجێت. مونا ئیسماعیل وتیشی: ئەنجومەنەکە هەوڵدەدات ئاو بگەیەنێتە هەموو ناوچەکان و گوندە دوورە دەستەکانی شاری ڕەققە، هەروەها ڕێوشوێن و چارەسەری گونجاو بۆ دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی خەڵک دەدۆزێتەوە.