بەهۆکاری نادیار ئاگر لە وارماوا و پێنجوێن کەوتووەتەوە

لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و وشکبوونی پوش و پاوان، دوێنێ لە پێنجوێن و ئەمڕۆ کە وارماوا ئاگر لە دارستان و پوش و پاوانی سروشتی کەوتووەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بە ڕاگەیەندراوێک ئاماژەی بەوەدا: لەگەڵ هاتنى وەرزى هاوین و بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرما و ووشک بوونى گژوگیا ڕووداوەکانى ئاگرکەوتنەوە ڕوولە زیاد بوونە بۆ ئەو مەبەستە لە سنورى وارماوا بەهۆکارى نادیار زیاتر لە سەد دارسنەوبەر سووتا.

 

ئەمەش لە کاتێکدا دێت کە لەلایەن پۆلیسی دارستانی شارەزوور ئاگادار کراونەتەوە کە ئاگریکى بەرفراوان لە ناحیەى وارماوا کەوتۆتەوە بەهۆیەوە زیاتر لە سەد دار و ٣ دۆنم زەوی پوش و پاوان سوتاوە.

لە پێنجوێن ئاگر کەوتووەتەوە

دوێنێش لە شارەدێی گەرمک سەر بە شارۆچکەی پێنجوێن، ئاگر لە گوندەکانی گۆخڵان و بادەڵان کەوتووەتەوە و هۆکارەکەشی نەزانراوە، بەهۆی ئاگرەکەوە زیاتر لە ٣٠٠ دۆنم دارستانی سروشتی و پوش و پاوانی سنورەكە سوتاوە.

 

بەپێی زانیارییەکانیش ئاگرەکە تەشەنەی سەندبووە ناو گوندی بادەڵان و چەند شوێنی بەخێوکردنی ئاژەڵ-گەوڕ سووتاوە.

 

ت.پ