با کوردستان سەوز بکەین
ڕێکخراوی وادی ئەڵمانی و ڕێکخراوی نوێ، پڕۆژەیەکیان بۆ سەوزکردنەوەی باخچەی ٢٤ قوتابخانە ئەنجامداوە، چەندین جۆری جیاواز لە دار و درەخت ڕوێندراون، ئامانجیشیان بە کەلتورکردنی پارێزگاری ژینگەییە.
ناوەندی هەواڵ
پڕۆژەی "با کوردستان سەوز بکەین" لە ١ی کانونی دووەمی ٢٠٢١ دەستی پێکردووە، تا کۆتای ساڵی ٢٠٢٢ بەردەوام دەبێت، ئەم پڕۆژەیە لە ٢٤ قوتابخانە لە سنورەکانی گەرمیان، هەڵەبجە و هەولێر بەردەوام دەبێت، ئەو قوتابخانانەی گرتووەتەوە کە باخچەکانیان خەریکن بە تەواوی لەناو دەچن و وشک دەبن.
پڕۆژەکە لەلایەن ڕێکخراوی وادی ئەڵمانی و ڕێکخراوی نوێ، بە هاوکاری ڕێکخراوی (ئەدوی) بۆ هۆشیاری و گەشەپێدانی ژینگەیی بۆ ژنان و منداڵان لە عێراق و وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا جێبەجێکراوە.
لە پڕۆژەکەدا ٢٤ قوتابخانە لە سەرجەم ئاستەکانی بنەڕەتی و ئامادەیی هەڵبژێردراون، ١٠ قوتابخانە لە ئیدارەی گەرمیان، ئەوانیش خۆرنەوەزان، نەورۆز، شەم، شاکەل، ڵاڵیخان، دورە، بێدار، گەرمکە ڕەش، شەهید مولازم عومەر و بەرلوت.
لە هەڵەبجە قوتابخانەکانی ئایندە، گۆران، شۆڕشی نوێ، شەهیدانی هەڵەبجە، گوڵعەنبەر، شرام، لهۆن، هاوار، سیروان هەڵبژێردراون.
لە هەولێریش قوتابخانەکانی بێرکۆتی نوێی بنەڕەتی تێکەڵاو، بێکەسی بنەڕەتی، ڕەوشەنی بنەڕەتی، ئامادەیی دونیای کچان، ئامادەیی ئاڵای کچان.
ئەم قوتابخانە وەک نمونە هەڵبژێردراون، کە باخچەکانیان خەریکە تەواو وشکدەبێت و هیچ خزمەتگوزارییەکیشی نییە، ئەو پڕۆژەیە کاری سەوزکردنی قوتابخانەکانی ئەنجامداوە، تەواوی پێداویستییە ژینگەییەکانی بۆ دەستەبەرکردوون، لە خوێندنگاکانیشدا چەندین چالاکی نەمام چاندن، پاککردنەوەی ژینگەی قوتابخانەکان و ئەنجامدانی سیمیناری هۆشیاری ژینگەیی ئەنجامدراون.
ئامانج لەم پڕۆژەیەی ڕێکخراوەکان و ئەو ژمارە قوتابخانەیە، بۆ ئەوەیە ئەم قوتابخانانە ببنە نمونەی قوتابخانە ژینگەییەکان کە زۆرترین گرنگی بە ژینگە بدات و ژینگە پارێزی ببێتە کەلتورێک، هەروەها لە قوتابخانەکاندا هاوکاری ئەو قوتابخانانە بکەن و گرفتی وشکی باخچەکانیان و ئاودانییان بۆ چارەسەر بکەن.
لە کاتی ئەنجامدانی قوتابیانی قوتابخانەکان بە دڵخۆشییەوە بەشدارییان لە سەوزکردنی باخچەی قوتابخانەکایاندا دەکرد.
لەو قوتابخانانەدا چەندین نەمامی وەک، پرتەقاڵ، لیمۆ، هەنار، زەیتون، چناری هۆڵەندی و گوڵەباخ و تۆی چیمەن و کاسەی گوڵ چێندران، هەروەها سۆندەی قەترەی ئاو بۆ باخچەکان دابین کراوە، پڕۆژەکەش ماوەی دوو ساڵ بەردەوام دەبێت.
ت.پ