بە پێی ڕاپۆرتێک شەڕی غەززە زیانی بە ژینگە گەیاندووە
بەرنامەی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕاپۆرتێکی لە بارەی کاریگەریەکانی جەنگ لە غەززە لەسەر ژینگە بڵاوکردەوە، تیایدا پشتڕاستی کردەوە، شەڕی غەززە بووەتە هۆی پیسبوونی خاک و ئاوی فەڵەستین.
ناوەندی هەواڵ
شەڕ لە کەرتی غەززە بووە هۆی داڕمانی تەواوەتی ژێرخانی غەززە و پیسبوونی ئاو، ئەمە جگە لە تێکچوونی خاکەکە بەهۆی ڕەگ و ڕیشەی دار و پیسبوونیان بە ژەهر و تەقەمەنی، کە کاریگەری لەسەر ژیانیدانیشتووانەکەی کردووە.
لە ڕاپۆرتێکی نوێی نەتەوە یەکگرتووەکان کە سەبارەت بە کاریگەرییەکانی شەڕی غەززە لەسەر ژینگە خراوەتەڕوو، ئاماژە بەوەکراوە، شەڕ لە کەرتی غەززە بووەتە هۆی پیسبوونی خاک، ئاو و هەوای کەرتی غەززە، لەناوچوونی تۆڕەکانی ئاوەڕۆ و بەجێهێشتنی پاشماوەی تەقەمەنی.
لە ڕاپۆرتەکەدا داوای ئاگربەستی دەستبەجێ کراوە لە پێناو پاراستنی گیانی هاووڵاتیانی مەدەنی و یارمەتیدان لە کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەو شەڕە، هۆشداریش دراوە لە کاردانەوەی مەترسیدار و درێژخایەنەکانی لەسەر ژیانی دانیشتووان لە داهاتوودا.
بەپێی هەڵسەنگاندنی سەرەتایی UNEP، شەڕی بەردەوامی نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و حەماس بە خێرایی ئەو پێشکەوتنانەی لە پەرەپێدانی ئاوی دەریایی، دامەزراوەی پاککردنەوەی ئاوی پیس، نۆژەنکردنەوەی پاڵاوتەکانی کەنار دەریا و وەبەرهێنان لە وزەی خۆرەوە لەناوبردووە.
ڕاپۆرتەکە پشتڕاستی کردووەتەوە، بەکارهێنانی چەکی تەقەمەنی نزیکەی ٣٩ ملیۆن تۆن پاشماوەی بەجێهێشتووە، بە پێی زانیارییەکان لە هەر مەترێک لە کەرتی غەززە زیاتر لە ١٠٧ کیلۆگرام داروبەردی تێدایە، ئەمەش پێنج هێندەی ئەو پاشماوەیە زیاترە کە لە ئەنجامی شەڕی موسڵ لە عێراق لە ساڵی ٢٠١٧ دروستببوو.
ئینگەر ئەندەرسۆن، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بەرنامەی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی: زیانەکانی ژینگە کە بەهۆی شەڕەوە تووشی ناوچەکە بووە، زیان بە تەندروستی دانیشتووان و ئاسایشی خۆراک و توانای بەرگەگرتنی کەرتی غەززە دەگەیەنێت.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، سیستمی ئاو و وێستگەکانی پاکردنەوەی ئاوی پیس کار ناکەن بۆیە ئاوی فەڵەستین و بەتایبەت کەرتی غەززە خراپ بووە، بەپێی ڕاپۆرتێک کە لە ساڵی ٢٠٢٠ لەلایەن بانکی گەشەپێدانی یەکگرتووی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەرچووە، زیاتر لە ٩٢%ی ئاوی غەززە بۆ خواردنەوە ناشێت.