سێیەمین کۆنگرەی نێودەوڵەتی ئاو لە بەغداد بەڕێوەدەچێت

ھەفتەی داھاتوو لە بەغدادی پایتەختی عێراق، سێیەمین کۆنگرەی نێودەوڵەتی ئاو بەڕێوەدەچێت و ناوەڕۆکی کۆنگرەکە تایبەت دەبێت بە ئاو لەپێناو مرۆڤایەتی و سروشت.

 

ناوەندی هەواڵ

 

بڕیارە ڕۆژانی ٦ و ٧ی ئەم مانگە، بەغداد میوانداری سێیەم کۆنگرەی نێودەوڵەتی ئاو بکات، بە بەشداری وەزیرانی سەرچاوەکانی ئاوی وڵاتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی ئەو بوارە، ھەروەھا باڵیۆزی وڵاتان و پارێزگاران و ئەندامانی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاو و ئەھوارەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران، بەشدار دەبن.

 

وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق ڕایگەیاند، کۆنگرەکە بە سەرپەرشتی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەڕێوەدەچێت، کەتێیدا، چەندین توێژینەوەی زانستنی پێشکەش دەکرێن سەبارەت بە کەمبوونەوەی ئاو و کاریگەرییەکانی گۆڕانکاری کەشوھەوا و چۆنێتی ڕووبەڕوبوونەوەی.

 

ناوەڕۆکی کۆنگرەکە تایبەت دەبێت بە ئاو لەپێناو مرۆڤایەتی و سروشت و دیبلۆماسیەتی ئاو و پارێزگاریکردن لە ژینگە و پاراستنی زەوییەکان لەپێناو گەشەپێدان و ئیدارەدانی ئاو و ڕێگە داھێنەرەکان.