زیندان بیرهێنەرەوەی سێدارە، ئەشکەنجە و بیرەوەرییەکانی مناڵیمە
زەینەب بایەزیدی چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ و ژنان، بیرەوەرییەکانی خۆی لە زیندانی ڕژێمی ئێراندا دەگێڕێتەوە، باس لەو زیندانیانە دەکات کە لە سێدارەدران، لەوانەی دەستدرێژیان کرایە سەر لەلایەن دەسەڵاتدارانی زیندانەوە، هەروەها دەگێڕێتەوە بۆ زیندانییەکی سیاسی ناو چوار دیوار دوور لە خەباتی کۆمەڵگەیی چەندە قورسە.
سەمیرە سەڵواتی
ناوەندی هەواڵ- زەینەب بایەزیدی ساڵی ١٩٨٣ لە شاری مهاباد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، پەیمانگای کۆمپیتەری تەواوکردووە، زەینەب لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چوار جار لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە دەستگیرکراوە، کۆتا جار نزیکەی چوار ساڵ و نیو لە زینداندا دەمێنێتەوە، دوای ئەوەی ساڵی ٢٠١٥ ئازاد دەکرێت ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەجێدەهێڵێت و لە وڵاتی ئەڵمانیا نیشتەجێ دەبێت.
زەینەب لە ئێستادا خوێندکاری بەشی کاری کۆمەڵایەتییە لە زانکۆی کاتۆلیگی بەرلین، هەروەها چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ و ژنانە و لە وڵاتی ئەڵمانیادا کار بۆ پەنابەران دەکات، لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ ئاژانسی ژنها باس لەو ڕۆژانە دەکات کە لە زیندانەکانی ڕژێمی ئێراندا بووە.
لە سەرەتای قسەکانیدا زەینەب وەها دەربارەی زیندان دەدوێت: بۆ من زیندان بیرهێنەرەوەی سێدارە، ئەشکەنجە و ئەو بیرەوەریانەیە لە منداڵیەوە لە بیرمدا ماوەتەوە، بیرهێنەرەوەی ئەو چالاکوانانەیە کە لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەستداوە و لەسێدارەدران، ئەو سەرگوزەشتە تاڵەیە بەسەر بنەماڵەکانیاندا هات، هەموو ئەمانە و دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر ژنان لە شەوی پێش لەسێدارەدانیان لەلایەن بەرپرسانی زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی کە بووە هۆکاری دروستبوونی ترس لای مرۆڤ.
زەینەب دەڵێت مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە زیندان لە کۆمەڵایەتی و کۆمەڵگەیی بوون داردەبڕێت تۆ ناچاری لە زیندان باس لە بیروباوەڕەکانی خۆت بکەیت و لەگەڵ زیندانیاندا ئیرادە و هێز وەربگریت، بەڵام ئەگەر وەک چالاکێکی سیاسی لە زینداندا بیت هەلومەرج جیاوازترە، هەندێک کات بە ساڵان لە زینداندا دەبیت بەڵام کەسێک نادۆزیتەوە کە ئازادە هەڵوێستەکانی خۆتی لەلا باس بکەیت.
زەینەب بۆچی و چەند ساڵ لە زینداندا ماوەتەوە؟
زەینەب بایەزیدی ٤ جار دەستگیرکراوە، بەهۆی ئەو چالاکییانەی لە کاتێکدا خوێندکار بۆ مافی مرۆڤ ئەنجامیداوە، کۆتا جار ماوەی چوار ساڵ و نیو لە زیندانەکانی مەهاباد، زەنجان و مەراغەدا دەستگیر کراوە، لەو ماوەیەشدا ٤ ساڵ لە زەنجان و ٦ مانگ لە زیندانی مەراغەدا ماوەتەوە، زەینەب باس دەکات: تۆمەتی "بەشدار بوون لە کەمپەینی یەک ملیۆن واژۆ، ئەندام بوون لە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان و هەروەها هاوکاری کردن لەگەڵ حزبە کوردیەکان درایە پاڵم بۆ ئەوەی زیندانم بکەن، هەرچەند ئەم تۆمەتەیان بۆ هەموو دەستگیرکراوانی کورد بوونی هەیە، تاوانی سیاسی لە ئێراندا پێناسەی نییە، سەدان کەس بە تۆمەتی دژە شۆڕش، مەحارب (شەڕ لەگەڵ خودا) و تێکدەری ئاسایشی نیشتمانی دەستگیر دەکرێت، کاتێکیش کورد بیت بەو تۆمەتانەوە هیچ پارێزەرێک ناتوانێت پاڵپشتی یاسایی دۆسیەکەت بکات، ئەمە بۆ بەلوچ و نەتەوە و ئیتنیکەکانی دیکەش هەمان شێوەیە، منیش بەو تۆمەتانە دەستگیر کرام، کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە ناڕەزایەتییەکان هیچ نەرمیەک نانوێنێت، لەبەرئەوەی کۆماری ئیسلامی لەسەر بنەمای هەڵاواردن بەرامبەر گەلان و ڕەگەز دروست بووە، بۆ مانەوەی خۆشیان سەرکوتکاری دەکەن.
سیاسەتی زیندان بەرامبەر گەلانی دیکە چۆن بوو، چی جیاوازیەک هەیە؟
زەینەب دەڵێت: یەکسانی و ئازادی لەگەڵ چوارچێوەی ئایدۆلۆژی و سیاسەتی کۆماری ئیسلامیدا نایەتەوە، ئەم جیاکارییە بە جوانی لە زیندانەکانی ئێراندا دەبینرێن، بۆ نمونە جیاوازیەکی زۆر هەیە لە پەیوەندی نێوان بەرپرسێکی فارس و زیندانیەکی فارس تا ئەوەی کە زیندانیەکی کورد، ئازەری، بەلوچ و عەرەب بێت، بە ئایین و مەزهەبیش جیاوازی دەکرێت، ئەگەر شیعە بیت بە ئاسانی دەتوانی ماوەی زیندانەکەت بەسەر ببەیت وەک لە سونی و بەهائی و مەزهەبەکانی دیکە، لەبەر ئەوەی سیستمی زیندان تەنیا لە چوارچێوەی مەزهەبی شیعە بەڕێوەدەچیت. تەنانەت زیندانەکانی پێش شۆڕشیش لە شارەکانی دیکە بە شێوەیەکی باش دروستنەکراون و بە پێی پێویست ڕووناکی وەرناگرن و بە پێی ستاندارد دروست نەکراون.
ئێران وڵاتێکە باوەڕی بە گەلانی جیاوازی وڵاتە نییە بەڵکو هەموو ئەوانە بە بەشێک لە نەتەوەی فارس پێناسە دەکات و هەوڵی کەمکردنەوەی جیاوازییەکان نەدراوە، لەگەڵ ئەمەدا زەینەب دەڵێت جیاوازی نەتەوەیی چارەسەر نەکراوە و پەسەندی جیاوازی ئایدۆلۆژی، سیاسی و فەرهەنگیش ناکرێت: ئەو زیندانیانەی لە شارە بچوکەکانەوە دەنێردرێنە شارە گەورەکان نەک تەنیا گوشاری دەروونیان لەسەر دروست دەبێت، بەڵکو گوشار دەکرێتە سەر بنەماڵەکانیان و تەنها لە هەلومەرجی تایبەتدا چاوپێکەوتن لەگەڵ زیندانییەکانیاندا ڕێگەپێدەدرێت، بە دوورخستنەوەی زیندانیەکان ئەم دەرفەتەش بۆ زیندانی نامێنێت و ناتوانن پێداویستییان بۆ دابین بکرێت، لە زینداندا تەنها ژنێکی زیندانی سیاسی سزای هەتا هەتایی هەبێت زەینەب جەلالیانە، کە ماوەی ١٣ ساڵە لە زینداندایە.
لە ماوەی زیندانیتدا چ کاریگەرییەک لەسەر تۆ دروستبووە، ئایا تا ئێستا بوونی هەیە ئەو کاریگەرییانە؟
زیندان کاریگەری ئەرێنی و نەرێنی هەیە،لە زیندانی سیاسیدا قارەمانێتیەک دروست دەبێت، خۆڕاگری زیندان و تەسلیم نەبوون بەرامبەر بەو سیستمە جێێ شانازیە، ئەمانە دەبنە قارەمانییەتی، بەڵام بەو واتایە نایەت کە چوار ساڵ مانەوە لە نێوان چوار دیوار کاریگەری نەرێنی و دەروونی دروست نەکات، ناکرێت کاتژمێری خەو، هەستان و دانیشتنت بۆ دیاری بکەن تەنانەت کامێرەی چاودێریت بۆ دابنرێت و بەشێکی بچوکی تایبەت بە خۆتت نەبێت، بڵێیت هیچ کاریگەریەکی نەرێنی نەبووە، هەموو ئەمانە و ئەشکەنجە و هەڵسوکەوتی سیستماتیک کە دژی زیندانی سیاسی بەڕێوە دەچێت کاریگەری نەرێنی لەسەر مرۆڤ دەکات، سەرەڕای ئەمانەش کاریگەری ئەرێنیشی هەیە، زیندان بەبیرهێنەوەی کۆمەڵگا و سیستمێکی ڕووتە و باشتر دەتوانی لە زینداندا ڕاستی کۆمەڵگا ببینیت و دەزانیت چ سیستم یاسایەک بەسەر کۆمەڵگەدا جێبەجێکراوە، لەلایەکی دیکەشەوە بیروباوەڕت پتەوتر دەبێت، لە زینداندا سیستمەکان دوو ڕووی، فێڵبازییەکانیان بەرامبەر تاک، کۆمەڵگا، گەلانی جیاواز و ژن زیاتر هەست پێدەکرێت.
شتێک هەیە لە زینداندا ڕوویدابێت و هێشتا ئازارت بدات؟
زەینەب یەکێک لە بیرەوەرییەکانی زیندان دەگێڕێتەوە و دەڵێت: ئەو کاتەم بیرناچێت کە ژنێکیان لەسێدارەدا، ئەو ژنە کچێکی هەبوو پیش سێدارە هاواری دەکرد دەیوت بهێڵن کۆتاجار کچەکەم ببینم و دەنگی ببیستم، لە پشتی پەنجەرەکانەوە شاهیدی ئەوە بووم، هاواری دەکرد؛ نەستەرەن، نەستەرەن. چۆن توانیان ئەو لەسێدارە بدەن و ڕێگەیان پێنەدا دەنگی کچەکەی ببیستێت، هەر کە هەواڵی سێدارە دەبیستم دەچمەوە هەمان دۆخ، بە خۆم دەڵێم کە چۆن دەتوانین ڕێگری بکەین لەو هەموو سێدارەیە، ئەمە زۆر کاریگەری دەروونی لەسەر من دروست کرد، هەموو کاتێک هەوڵ دەدەم لە چالاکیەکاندا بەشدار بم و بە هەرشێوەیەک بووبێت ڕێگربم لەسێدارە و دڵنیام کاریگەری دەبێت.
زەینەب دەربارەی ئازادی دەڵێت: من نامەوێ زۆر فانتازییانە لە بابەتی ئازادی بڕوانم و بڵێم جەستەم ئازاد بووە، بەڵام دەروونم ئازاد نەبووە، ناتوانم بڵێم ڕۆشتمە دەرەوەی وڵات و ژیانی تایبەتی خۆمم کردبێت، ناشمەوێت بڵێم زۆر تێکۆشەرم، بەڵام ئەمەشم لەبیر نەکردووە، ئەو کاتەی لە زیندان بووم ئەو کەسانەم بینی کە لەو ڕەوشە قورسەی زینداندان کە کۆماری ئیسلامی بەسەریاندا سەپاندویەتی، بۆیە بەشێک لە من لەگەڵ ئەوان لە زینداندایە، هەر کاتێک یەکێک لەسێدارە دەدەن چی سیاسی بێت یان جیاواز بێت کاریگەری زۆر لەسەر من دروست دەکات.
جلوبەرگەکانمان جوڵەی مرۆڤی لەناو دەبرد
ئەو جلانەی کە بە ئێمەیان دەدا جوڵەی مرۆڤ سنوردار دەکات، دەبێت وا خۆت لەگەڵ ئەو هەلومەرجەدا بگونجێنیت کە باشتر بتوانیت خۆڕاگر بیت، لە زینداندا دەبێت بەردەوام کۆنتڕۆڵی خۆت بکەیت چونکە دەبیتە هۆی دروستبوونی ڕەوشێکی خراپ بۆ خۆت و دەوروبەرەکەت، ئەو کەسانەی کە ناتوانن ئەو ڕەوشە قبوڵ بکەن و ناڕەزایەتی دەردەبڕن کێشەیان بۆ دروست دەبێت و ئازار دەدرێن، بەڵام لەبەرئەوەی ناتوانیت گۆڕانکاری دروست بکەیت، جگە لە هاتوهاوار و دەنگە دەنگ ناتوانیت هیچی دیکە بکەیت، ناتوانیت ڕێگری لەو هەموو نادادپەروەری و ئەشکەنجەیە بکەیت یان ئەوەی ژمارەیەکی زۆر دەڕژێن بەسەر کەسێکدا و لێیدەدەن و تۆ ناتوانی کارێکی بۆ بکەیت، ئەمانە کاریگەرییان لەسەر دەروونی من دروستکردووە، لەلایەکەوە ئازارم دەدات و لەلایەکی دیکەشەوە ڕۆحیەتی تێکۆشانی زیاتر لە مندا دروستدەکات.
زیندان شوێنی چاکسازی ژنانە؟
بە ڕای من نەخێر، بە تایبەت زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئامانجی کۆماری ئیسلامی چاکسازی و پەروەردە نییە، بەڵکو ئایدۆلۆژیای کۆماری ئیسلامی ئێران دەسەپێنن بەسەن مرۆڤدا و وەک مرۆڤێکی دروستکاری ئەوان دەتنێرنە کۆمەڵگاوە، ئەوانەشی بە ئاسانی نەچنە ژێر ئەو ئایدۆلۆژیایەوە زیندان دەبن و ئەشکەنجە و ئازار دەدرێن، ئەو ڕەوشەی کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە زینداندا دروستی کردووە شوێنی چاکسازی و پەروەردە نییە، بەڵکو شوێنی سەپاندنی ئایدۆلۆژی خۆیان و ئەوەیە کە دەیانەوێت، بەشێکی زۆر لە تاوانباران لە زینداندا خۆیان بە ڕێکخستن دەکەن و پەیوەندی دەکەن بە تۆڕە جیاوازەکانەوە، ئەمان لە بری چاکسازی سەرکوت دەکەن، لە کۆتایدا دەمەوێت بڵێم لە بری زیندانی کردنی تاوانبار، دەبێت ڕێگر بن لە دروستبوونی تاوان لە کۆمەڵگادا.
ت.پ