زیانەکانی کشتوکاڵ لە باشووری لوبنان خراپتر دەبن و ژنان بەرەنگاری دەبنەوە
پاڵپشتی کردنی کەرتی کشتوکاڵی ئەمڕۆ تەنها دروێنەیەک نییە، بەڵکو پاراستنی تەواوی کۆمەڵگەیەکە لە داڕمان و پاراستنی ڕۆڵی ئەو ژنانەیە کە هیوای مانەوەن لە نێوان قەیرانەکاندا.
فادیا جومعە
لوبنان – لە باشووری لوبنان هێرشەکان ناتوانرێت بە ڕووداوێکی تێپەڕ هەژمار بکرێت کە بەسەر خاکەکەدا تێدەپەڕێت بەبێ ئەوەی شوێنەواری لەسەر خاک و خەڵکەکەی بەجێ نەبهێڵێت. کشتوکاڵ، کە دەیان ساڵە سەرچاوەی بژێوی ژیان و پایەی خۆڕاگری بووە بۆ خێزانە باشوورییەکان، ئێستا خۆی لە دڵی ئامانجگرتنەکەدا دەبینێتەوە، بەو پێیەی زەوییە کشتوکاڵییەکان گۆڕدراون بۆ ناوچەی مەترسیدار، دروێنەکردنیان بۆ یاریە کراوەکانی لەدەستدان، جگە لە بولدۆزەرکردنی زەویەکان، چاندنی مین، سووتاندن بە فسفۆری سپی، هەڵکەندن و دزینی دارە زەیتونەکانی لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە.
لەم سیناریۆیەدا، ئاڵەنگاریەکان دوو هێندە زیاد دەبن، بەتایبەتی لەگەڵ فراوانبوونی ئاوارەبوونی زۆرەملێ و پەککەوتنی زنجیرەکانی بەرهەمهێنان، هەڕەشە لە ئاسایشی خۆراک دەکات و جووتیاران ڕووبەڕووی داهاتوویەکی نادیار دەبنەوە، لەناو ئەم شەڕە وێرانکەرەدا، ژنان وەک هێڵی بەرگری بۆ خاکەکە سەرهەڵدەدەن. بەشداریکردنیان لە کاری کشتوکاڵیدا چیتر تەنها ڕۆڵێکی ئابووری نییە، بەڵکو گۆڕاوە بۆ کردەوەیەکی بەرخۆدانی ڕۆژانە کە مانەوە لەگەڵ کەرامەت و پاراستنی زەویدا دەبڕێت.
کاتێک ڕێگاکان چۆڵ بوون، لە یەک کاتدا بارگرانی خێزان و بەرهەمهێنانیان لە ئەستۆ گرت و ڕووبەڕووی ترس و لەدەستدان دەبوونەوە، لە هەوڵێکی ماندوو نەناسانەدا بۆ ڕزگارکردنی ئەوەی لە توانایاندا بوو لەو دروێنانەی کە هەڕەشەی لەناوچوونیان لەسەر بوو.
زیانەکان لە ژمارەدا
ڕاپۆرتی سێیەمی وەزارەتی کشتوکاڵ، پەرەسەندنێکی مەترسیدار لە ڕادەی ئەو زیانانەی بە کەرتی کشتوکاڵی لوبنان گەیاندووە ئاشکرا دەکات، زیاتر لە ٢٢.٥%ی زەوییە کشتوکاڵییەکان کە یەکسانە بە ٥١٩٥٦ هێکتار زیانیان بەرکەوتووە و تەنها لە ماوەی یەک هەفتەدا ٢٣٩٢ هێکتار زیانیان بەرکەوتووە. هەروەها زیاتر لە ١٠٢٦١ زەوی کشتوکاڵی زیانیان بەرکەوتووە، هاوکات ٧٨٪ی جووتیارانی باشوور کارەکانیان وەستاندووە، هەروەها ڕێژەی ئاوارەبوون گەیشتووەتە ٧٦.٨٪ی ئەمەش ڕەنگدانەوەی قەیرانێکی بێ وێنەیە کە مەترسی لەسەر بەردەوامی بەرهەمی کشتوکاڵی دروستکردووە.
زیانەکان کاریگەرییان لەسەر بەرهەمە سەرەکییە جیاوازەکان هەبووە، لە گەنم و سەوزەواتەوە تا گەنمەشامی و تووتن، ئەمە جگە لەوەی زیانێکی بەرچاو لە کشتوکاڵی خانووی شووشەدا هەبووە، مەترسی لەسەر هەردوو وەرزی ئێستا و داهاتوو دروستکردووە.
لەم نێوەندەدا، پێداویستییەکانی جووتیاران تادێت بەپەلەتر دەبن، بەتایبەتی لە ناوچەکانی مرجعيون وبنت جبيل و نبتیە، سووتەمەنی، خۆراکی ئاژەڵان، ئاو و ماددە بەرهەمهێنانەکانی دیکە لەخۆدەگرێت.

کشتوکاڵ وەک کردەیەکی بەرخۆدان
ریما حسێن، جووتیارێکی ناوچەی مەنسوری وتی: بە نزیکەی ٢٠ خانووی شووشەی کشتوکاڵی لە ناوچەی قەلیلە لە باشووری سور و یەکتربڕینی جەنگ لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سور بەڕێوەدەبەم، لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕ و ئاوارەبوون، بەردەوام دەگەڕامەوە بۆ ئەو دوو ناوچەیە بۆ ئاگاداربوون و ئاودێریکردنیان سەرەڕای مەترسییەکانی بە ئامانجکردن، تا ئەو کاتەی سوپای لوبنان ناوەندەکەی لە مەنسوری چۆڵکرد دوای ئەوەی لەلایەن هێرشێکی جەنگەوە کرایە ئامانج.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هیچ بژاردەیەکم نەمابوو، ناچار بووم بڕۆم، لەو کاتەشدا چووبوومە شارێکی دیکە، بەڵام بەرگەی سەختی گواستنەوەم لە شارێکەوە بۆ شارێکی دیکە دەگرت لەبەر پاراستنی بەرهەمەکان، بەڵام دوای ئەوەی دەستڕاگەیشتن بە قەلیلە سەخت بوو، کارەکانم لەسەر ڕزگارکردنی کێڵگەکەیتر چڕکردەوە کە لە چادرەکانی ناوچەی دووەمدا مابوونەوە.
دووپاتیکردەوە، گەشتی ڕۆژانەی پڕ بووە لە مەترسی شەقامەکان چۆڵن، پردەکان بۆردوومانکراون، دەنگی هەڵمەتەکان ترسناک و نائارامکەرن، دەنگی ئۆتۆمبێلە فریاگوزارییەکان و بە ئامانجگرتن لە هەر ساتێکدا ئەگەری هەیە، ئاو دەدان و دەڕۆشتم، دەگەڕامەوە بۆ سیدۆن.
ریما حسێن ڕوونیکردەوە، کە ئەم کارە ئاڵەنگاریەکی بەرچاوی خستەڕوو، وتی: هەوڵم دەدا زیانەکان کەم بکەمەوە و بە لانیکەم بژێوییەکی بچوک ڕزگار بکەم، چونکە بژێوی ژیان بەقەد خودی ژیانە، منیش دایک و ژنێکیشم، ئەمەش ئاڵەنگاریەکە دوو هێندە دەکات و ئیرادەم پێدەبەخشێت کە خۆڕاگر بمێنمەوە، ئەمەش ئەوەیە کە وەک ژنانی باشوور ڕاهاتووین پێیەوە.
لە نێوان ژمارە سەرسوڕهێنەرەکانی لەدەستدان و چیرۆکە تاکەکەسییەکانی خۆڕاگریدا، لایەنێکی دیکەی شەڕی باشوور ئاشکرا دەبێت، شەڕێک لەسەر زەوی و بژێوی ژیان و یادەوەری، بەڵام ژنانی وەک ریما حسێن بەردەوامن لە بونیادنانی هێزی خۆیان لە ترس و ئیرادەیان بۆ بەرخۆدانی لە لەدەستدان.