لە تەمەنی ٥ ساڵیدا بووە شاهیدی کۆمەڵکوژی ٥ هەزار مرۆڤ

ڕەنگین سەلام مەحمود، تەمەنی ٥ ساڵان بوو کاتێک لە کۆمەڵکوژی هەڵەبجە ڕزگاریبوو، ئاماژەی بەوەدا ڕاستی کۆمەڵکوژی هەڵەبجە بە ڕوونی مێژووی سیاسەتەکانی قڕکردن لە دژی گەلی کورد پێناسە دەکات.

بێریتان زنار

هەڵەبجە- کاتێک شەڕی ئێران و عێراق بەردەوامی هەبوو هیچ هێزێک سەرنەدەکەوت بەسەر وڵاتەکەی دیکەدا، ڕژێمی بەعسی عێراق، کیمیابارانی هەڵەبجەی دەستپێکرد و لە ئەنجامدا ٥ هەزار کورد کۆمەڵکوژکران، دەیان هەزاریش بریندارن و بەهۆی گازی کیمیاییەوە تووشی نەخۆشی جۆراوجۆر بوون، ئەم کۆمەڵکوژییەش بە "هیرۆشیمای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست" ناسراوە.

 

لە مێژووی گەلی کورددا ئازارێکی گەورە هەیە، ئازاری کۆمەڵکوژی هەڵەبجە، دوای ٣٣ هێشتا بە سوێیە، ڕەنگین سەلام مەحمود، تەمەنی پێنج ساڵان بوو کاتێک ٥٠٠٠ کەس لەبەردەمیدا کۆمەڵکوژ کران بیرەوەرییەکانی خۆی دەگێڕێتەوە و دەڵێت: من تەمەنم ٥ ساڵ بوو کە هەڵەبجە بۆردومان کرا، لەو ڕۆژەوە زۆر شتی نەخۆشم لە مێشکدا ماوەتەوە، کاتێک بڕیاردرا هەڵەبجە چۆڵ بکرێت، ماڵی ئێمە لە گوندی عەنەبوو، خانەوادەکەمان بە پێ بەرەو گوندی هاوار بەڕێکەوتن، زۆر شتی ناخۆشیش لە مێشکمدا ماوەتەوە.

 

ڕەنگین سەلام مەحمود، باس لە یادەوەرییە ناخۆشەکان دەکات و دەڵێت: منداڵ هەبوو نەیدەتوانی بڕوات و کەس بە هاوارییەوە نەدەچوو، لەوەش ناخۆشتر ئەوەبوو نەیاندەزانی بۆچی دەچن، نەیاندەزانی لەناو چ دۆخێکدا دەژین، دایکم پێی وتم کاتێک تۆ لەدایکبوویت هەڵەبجە بۆردومان کراوە و چونەتە گوندی عەبابەیلێ کە هەموو کەس بەرەو ئەوێ کۆچیان کرد، دایکم لە بیرەوەریدا کە بۆم دەگێڕێتەوە دەڵێت لە گوندی عەبابەیلێ تۆم لەسەر گۆڕێک داناوە و بیرم چووە، دوایی بیرم کەوتووەتەوە کە من تۆم بەجێهێشتووە، ئەو ڕۆژانە لە هەڵەبجە هەرکەس بە هەوڵی ڕزگارکردنی ڕۆحی خۆی دەدا.

 

"پێویستە پشتگیرییەک هەبێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجە"

ڕەنگین سەلام مەحمود، بەبیری هێنایەوە کە چۆن هەموو هێزەکانی جیهان و دوژمنانی کورد بۆ کۆمەڵکوژییەکان یەکن، پێویستە بۆ ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجە پشتگیری هاوبەش هەبێت و وتی: وشەیەک هەیە دەڵێت "هەڵەبجە کوردەکانی بە جیهان ناساند" بەڵام ئەوەی بۆ من ناخۆش و مایەی نیگەرانییە ئەوەیە کە جیهان بۆ هەڵەبجە چی کردووە؟ چۆن هەوڵیاندا هەڵەبجە لەناوبەرن؟، پێویستە پشتگیرییەک هەبێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجە.

ت.پ