زمانی ڕەگەزگەرایی، لەپێناو گەورەکردنی پیاوان بەرامبەر ژنان
لە بەکارهێنانی زمانەوە بیگرە تا خودی کردارەکان، دەبینرێت ژن بچوک دەکرێتەوە، دەکرێتە کەسایەتییەکی لاواز و بە بێدەسەڵات ناویان دەبەن، ئەو دەستەواژانەش کە بەکاردەهێنرێن بۆ زاڵکردنی پیاوە بەسەر ژناندا، وەک "ئەڵێی پیاوە شۆفێری دەکات".
شنیار بایز
سلێمانی- بەکارهێنانی دەستەواژەکانی "پیاوی نابێت بگریت، ئەڵێی پیاوە شۆفێری دەکات، ئەڵێی پیاوە ئەوەندە مەردە و چەندی دیکە"، لە کۆمەڵگادا ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە، ئامانجی بەکارهێنانی ئەم دەستەواژانە زاڵکردنی ڕەگەزی پیاوە بەسەر ژناندا، واتە نەک تەنها پێگە و ئیرادەی ژنان لاواز دەبینرێت، بەڵکوو لە ڕێگای زمانەوە ڕۆژانە دەویسترێت ڕەگەزی پیاو زاڵ بکرێت لەپێناو قۆرخکردنی مافی ژنان و بە گەورە نیشاندانی ڕەگەزی پیاوان.
کوردە ئەحمەد، کۆمەڵناس دەربارەی بەکارهێنانی زمانی ڕەگەزگەرا بۆ نوژنها دوا و وتی: زمانی ڕەگەزگەرایی و شوبهاندن بە ڕەگەزی بەرامبەر زیاتر بە ڕووی ژناندا بەکاردەهێندرێت، توانایەکیان هەیە یاخود سەرکوتوون لە ژیانیاندا و پێیان دەڵێن "مەردن، ئەڵێی پیاون و چەندینی دیکە"، یاخود کاتێک منداڵێکی کوڕ دەگری زۆرینەی کەسانی دەوروبەری و خێزانەکەی پێی دەڵێن "عەیبە تۆ پیاوی نابێت بگریت"، کەواتە بەکارهێنانی زمانی ڕەگەزگەرای لە پەروەردەی خێزان و قۆناغەکانی خوێندن ڕەنگی داوەتەوە و بووەتە هۆکاری سەرەکی بۆ دروستبوونی جیاوازی ڕەگەزی.
"خێزان لەپێناو گەورەکردنی پێگەی پیاوان، زمانی ڕەگەزگەرای بەکاردەهێنن"
ئەو کۆمەڵناسە باس لەوەدەکات، هەندێک لە ئەقڵیەتی ناو خێزانەکان بە مەبەست منداڵەکانیان بەم شێوەیە پەروەردە دەکەن بەڵام هەندێکی دیکەیان بێ ئاگایانە و بەبێ ویستی خۆیان منداڵەکانیان لەسەر فکری جیاوازی جێندەری و بەکارهێنانی زمانی ڕەگەزگەرایی پەروەردە دەکەن.
"بەکارهێنانی ئەو جۆرە وشانە بنیادنانی جیاوازی جێندەرییە، کاتێک منداڵێکی کوڕ دەگری و پێی دەڵێن عەیبە پیاو نابێت بگری، هەروەها منداڵێکی کچ دەگری و دەیلاوێننەوە و لای هەردووکیان وتراوە کە گریان بێدەسەڵاتییە، ڕاستەوخۆ کوڕەکە یەتەوە فکری کە خوشکەکەی بێدەسەڵاتە لەکاتێکدا گریان بۆ هەردوولا ئاساییە و بەتاڵکردنەوەی ناخی مرۆڤە و بەشێکە لە پێکهاتە فیسیۆلۆجییەکانی مرۆڤ."
لە وەڵانمی پرسیاری ئامانجی بەکارهێنانی ئەم وشانە چین؟، کوردە ئەحمەد دەڵێت: لە زۆربەی خێزانەکاندا ئامانج لە بەکارهێنانی ئەم جۆرە وشانە پێدانی پێگەیەکی زیاتر و باشترە بە کوڕەکان، تەنانەت خودی ژنەکانیش هەوڵدەدەن پێگەی زیاتر بدەن بە منداڵە کوڕەکانیان، کە دواجار کاریگەری دەبێت لەسەر ژیانی ئەو کوڕە و لە ژیانیدا جیاوازی جێندەری ڕەنگ دەداتەوە.
هەروەها دەشڵێت "کێشەکە لە بنەڕەت و پەروەردەکردنی منداڵەکاندایە، چونکە منداڵ وەک ماددەیەکی خاو وایە هەرکاتێک بەرکەوتنێکی دەبێت لەگەڵ فکر و پەروەردەیەکدا گۆڕانێکی گەورەی لەسەر دروستدەکات، بۆیە پێویستە ئەو گۆڕانکاری کردنە بۆ بەهێزبوونی کەسایەتیەکەی بێت نەک گۆڕانکارییەکی نەرێنی لە ژیانیدا دروست بکات".
"کلتور و دابونەریت هۆکاری سەرەکی بەکارهێنانی زمانی ڕەگەزگەران"
کۆمەڵگا و کلتور ڕۆڵی سەرەکی هەیە لە بەکارهێنانی وشەی ڕەگەزگەرایی، چونکە لە مێژەوە ڕەگەزی پیاوان و دیاریکردنی پێگەیەکی بەرز بۆ پیاوان بوونی هەبووە و بووەتە کلتورێک کە گۆڕانکاری تیایدا هەوڵ و ڕووبەڕووبونەوەی دەوێت، چونکە کۆمەڵگا قبوڵی ناکات سیستمی ژیانیان لە دابونەریتی کۆن دابماڵدرێت.
ئەو کۆمەڵناسە ئاماژەی بەوەشدا، ئەرکی دایک و باوک و دامەزراوە پەروەردەییەکانە کە منداڵ ڕابهێنن لە منداڵییەوە بیرکردنەوەی نەرێنی و جیاوازی ڕەگەزی قبوڵ نەکات، وتیشی: بەکارهێنانی ئەم وشانە بەرامبەر بە ژنان و بە کەم بینینیان وا دەکات مافی ژن پێشێلبکرێت و بە بێ توانا ناوببرێت هەر بۆیە لە بواری کاردا لە سیاسەت و ئابووریدا ژنان ڕۆڵی سەرەکی نابینن، تەنانەت لە پەرلەمان بە کۆتا ناویان دەهێندرێت، یاخود بڕوانامەکانیان بە بەراورد بە پیاوان کەمتر کاری پێدەکرێت.
دەزگا میدیاییەکان ڕۆڵیان هەیە لە بڵاوکردنەوەی زمانی ڕەگەزگەرایی
یەکێکی دیکە لەو بابەتە گرنگانەی ئەو کۆمەڵناسە وروژاندی میدیا و دەزگاکانی ڕاگەیاندن بوو کە ڕۆڵی سەرەکیان هەیە لە بڵاوکردنەوەی زمانی ڕەگەزگەرایی، چونکە زۆرترین بینەریان هەیە و دەتوانن بە ئاسانترین شێوە کار لەسەر بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگا بکەن، دەڵێت: "هەرچەندە زۆرترین میدیا بوونیان هەیە، بەڵام نەیانتوانیوە گۆڕانکاری بۆ نەهێشتنی زمانی ڕەگەزگەرایی بکەن، نەیتوانیوە لە ڕێی هەواڵ و بابەتەکانیانەوە پەیامی کورد و ژنانی کورد بە جیهان بگەیەنن، لە کوردستان چەندەها ژن دەکوژرێن جیهان لێی بێئاگایە، بەڵام ژنێک لە هەرشوێنێکی دیکەی جیهان بکوژرێت دەبێتە بابەتێکی گرنگ و جیهانی، ئەمەش ئەو جیاوازییە دەردەخات".
ت.پ