ژیانێکی سەخت لە گەڕەکە بێ خزمەتگوزارییەکاندا

گەڕەکی کەڵەکن یەکێکە لە گەڕەکە بێ خزمەتگوزارییەکانی شاری سلێمانی، دانیشتوانەکەی لە وەرزی زستاندا ڕووبەڕووی زەحمەتی و دۆخی سەختی ژیان دەبنەوە و لە ترسی ئەوەدان باران ببارێت و خانووەکانیان تێکبچێت بەسەریاندا.

 

شنیار بایز

سلێمانی- لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری سلێمانی کە تەنها بەناو گەڕەکە و دوورە لە هەموو بەهاکانی بوون بە گەڕەک، هاوڵاتیان ڕۆژە سەختەکانیان تێدا بەسەردەبەن، کەڵەکنە، یەکێکە لەو گەڕەکانی بە قەد گردێکەوەیە، دوورە لە هەموو پێوەرە ئەندازیاریەکان و سیستمی ئاوەڕۆ، ئەو پێداویستییە سەرەتاییانەی وەک کارەبا و ئاو کە پێویستن بۆ ماڵان بۆیان دابین نەکراوە لەلایەن حکومەت و لایەنی پەیوەندیدارەوە، بەڵکو هاوڵاتی ئەو گەڕەکە خۆیان سیستمی ئاوەڕۆیان بۆ خۆیان دروستکردووە.

 

ماڵەکانی ئەو گەڕەکە کە زیاتر لە دوو هەزار ماڵ دەبن، بەبێ بوونی هیچ سیستمێکی ئەندازیاری خانووەکانیان دروستکردووە، زۆرینەی خانووەکان گڵن، ئەگەری ڕووخاندنیان زۆرە و هیچ بناغەیەکی بەهێزیان نییە، لە بارینی بڕێکی کەم باران ئەگەری دروستبوونی لافاوی هەیە یاخود مەترسی بوومەلەرزەی زۆر لەسەرە.

 

دانیشتوانی ئەو گەڕەکە زۆرینەیان لەبەر نەبوونی ڕوویان کردووەتە ئەو گەڕەکە و تێیدا نیشتەجێ بوون، هەندێکیان خەڵکی شارەکانی دیکەن و بەهۆی گرانی نرخی خانوو ناچاربوون بچنە ئەو گەڕەکە و تێیدا نیشتەجێ ببن، هەندێکی دیکەیان خەڵکی لادێ و گوندەکانن و لەوکاتەی هاتوونەتە ناو شار نیشتەجێی ئەو گەڕەکە بوون.

 

هەندێک ماڵ لەو گەڕەکەدا زیاتر لە ٢٠ ساڵە نیشتەجێن و دەڵێن کە حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار بۆ جارێکیش سەردانیان نەکردووین و هاوکاریمان ناکەن.

 

ژنان لە گەڕەکی کەڵەکن: دۆخی ژیانمان سەختە

فاتمە عبدول ڕەحمان، لە ٢٠٠٣وە دانیشتووی ئەو گەڕەکەیە و دەربارەی دۆخی ژیانیان بە نوژنهای وت: هەموو ئەو پێداویستیانەی بۆ ژیانکردن پێویستن ئێمە خۆمان لە نێو خۆمانماندا بڕە پارەیەکمان کۆکردووەتەوە و دابینمان کردووە، فاتمە باسی لەوەشکرد لەتاو نەبوونی ڕوویان کردووە ئەو گەڕەکە، پێشووتر لە یەکێک لە گەڕەکە هەژارنشینەکانی دیکەی سلێمانی بوون کە کانی سپیکەیە بە هیوای باشترکردنی ژیانیان ڕوویانکردووەتە کەڵەکن بەڵام دۆخیان خراپتر بووە.

 

وتیشی "چەندین جار لەلایەن حکومەتەوە پێمان وتراوە خانووەکانتان بۆ تاپۆ دەکەین و پێداویستییەکانتان بۆ دابین دەکەین بەڵام تا ئێستا هیچ شتێک نەکراوە.

 

منداڵەکان لەو گەڕەکەدا بەناو قوڕ و لیتەدا دەڕۆن بۆ خوێندنگە، ڕێگای دوور دەبڕن تا دەگەنە خوێندنگەکانیان چونکە لەو گەڕەکەدا نە خوێندنگە نە هیچ جۆرە خزمەتگوزارییەکی تێدایە دانیشتوانەکەی ڕێگایەکی دوور دەبڕن بۆ گەیشتن بە دووکانێک تا پێداویستی ڕۆژانەیان دابین بکەن.

 

"بە زستان کێشەی نەبوونی ئاومان هەیە"

درەخشان حسێن ماوەی ٢٠ ساڵە دانیشتووی گەڕەکەکەیە، باسی لەوەکرد ماڵی لە هەڵەبجە بووە دواتر کە هاتووەتە سلێمانی بەهۆی ئەوەی کرێچی بوون و دۆخیان باش نەبووە بە بڕێک پارەی کەم موڵکیان لەو گەڕەکە کڕیوە و دواتر کردوویانە بە خانوو.

 

دەڵێت: "ئێمەش مافی خۆمانە لە ژیانێکی گونجاودا بژین نەک ژیانێکی بێ ئاو و کارەبا، بە زستان کێشەی نەبوونی ئاومان هەیە و تەواو بێزاربووین لەو ژیانەی تێیدا دەژین".

 

گەڕەکێکی بێ خزمەتگوزاری پاڵپشتی خێزانە هەژارەکان

حەپسە و ڕازاو دوو ژنی دیکەی دانیشتووی ئەو گەڕەکەن، باسیان لەوەکرد دەڵێن لەبەر نەبوونی ڕوویان لەم گەڕەکە کردووە، ڕازاو ئاماژەی بەوەدا خانووەکانی ئێرە هەرزانترن بە بەراورد بە گەڕەکەکانی دیکە بۆیە توانیومانە تێیدا نیشتەجێ ببین.

داواکارن لە حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار پێداویستییە سەرەتاییەکانیان بۆ دابین بکات و خانووەکانیان بۆ تاپۆ بکەن، یاخود دڵنیای ژیانیان بداتێ بۆ ئەوەی بتوانن وەک هەر هاوڵاتیەکی دیکە ژیان بەسەر بەرن.

 

ت.پ