ڕۆژی جیهانی منداڵی کچ لە ئەفغانستان: ژن بوون تاوانە
لەم ڕۆژانەی یادی ڕۆژی جیهانی منداڵی کچدا، هێشتا هەزاران ژن لە ئەفغانستان لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە ڕاگیراون؛ کە خوێندن، کار، تەنانەت پشوودان شتێکی لوکسە.

بەهاران لەهیب
تاهار- دوێنێ ١١ی تشرینی یەکەم، ڕۆژی جیهانی منداڵی کچ بوو. لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بەیانییەوە پەیامی هیوا و ڕەنگ لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرانەوە، بەڵام لەناو ئەو هەموو وێنانەدا مێشکم لەسەر ئەو کچە ئەفغانیانە بوو کە مافی چوونە خوێندنی نییە، بیرم لەو چاوانە دەکردەوە کە لە پشت پەنجەرە داخراوەکانی ماڵەکانیانەوە لە جیهانێکدا کە لە هەموو شتێک بێبەشە، دەڕواننە دەرەوە.
چوار ساڵ بەسەر گرتنەدەستی دەسەڵاتی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە تیدەپەڕێت، لەماوەی ئەم چوار ساڵەدا هەموو ڕۆژێک هەواڵی دڵتەزێن لەسەر چارەنووسی ژنان بڵاوبووەتەوە. ئەو ژنانەی کە بەهۆی "سەر دانەپۆشین " لێیان دەدرا، تووشی هەراسانکردن یان دەستدرێژیکردن بوون، هەندێکجار هەرگیز نەگەڕانەوە بۆ ماڵەکانیان، ئەو کچانەی دەیانویست دەنگ بدەن ئێستا لەناو زیندانییەکاندان یان لە لیستی ونبووەکاندان...
کاتێک سەیری مێژووی ئەفغانستان دەکەین، دەبینین ئەم ئازارە نوێ نییە، لە ڕێگەی شەڕ و سیاسەت و ئایین و نەریتەکانەوە ژن و منداڵان زیانبەرکەوتووی یەکەم بوون. حکومەتە بوکەڵەییەکان، بە یاسا و چەکەوە؛ هەروەها کۆمەڵگای پاتریارکی بە چەمکەکانی "شەرەف" و "شەرمەزاری" ژیانی ژنانی قەدەغە کردووە، هیچ شوێنێک بۆ ئەوان پارێزراو نییە، جا لە ماڵەوە بێت، لە قوتابخانە، یان لەسەر شەقام.
بە وتەی ژنانی ئەفغانی: ژن بوون لە ئەفغانستان گەورەترین تاوانە
سەرەڕای هەموو ئەم فشارانە، ژنانی ئەفغانستان بێدەنگ نەبوون، هەرچەندە دیوارەکان بەرزن و ترسەکەش زۆرە؛ دەنگی بەرەنگاربوونەوەی ئایینی هێشتا لە پشت هەموو دەرگایەکەوە دەنگ دەداتەوە.
ئەمڕۆ لەگەڵ ڕەحێلا نور، ژنێکی گەنج و دانیشتووی ئەفغانستان قسەم کرد، دەنگی ئارام بوو، بەڵام قسەکانی ئازاربەخش بوون. ئەو پێی وتم: ڕۆژی ژنان، ڕۆژی دایکان، ڕۆژی منداڵی کچان... لە ئەفغانستان ئەمانە تەنها بە وشە پیرۆز دەکرێن، هیچ شتێک بۆ ئێمە نەگۆڕاوە، هەست دەکەم لەناو چوار دیواری ماڵەکەمدا گیرم خواردووە؛ دژی چەند فشارێک تێدەکۆشم و لەم شەڕەدا زۆر ئازار دەچێژم. نامەوێت کەس ئاهەنگم بۆ بگێڕێت یان دیاریم بۆ بهێنێت لەم ڕۆژەدا. تەنها با بە ئارامی بژیم و هەناسە بدەم. با تەنها بە قسەی کاری ماڵەوە و پەروەردەکردنی منداڵ پێناسەم نەکەن.
"ئەم وشانە لە دڵی هەزاران ژنی گەنجدا دەنگ دەدەنەوە"
لە کاتێکدا گوێم لە قسەکانی بوو، هەستم دەکرد ئەم قسانە لە دڵی هەزاران ژنی گەنجدا دەنگ دەدەنەوە. لە دڵی ئەو ژنە گەنجانەی کە هەر لە منداڵییەوە فێری بێدەنگ بوون کراون، بەڵام لە ناو خۆیاندا هاوارێک هەڵدەگرن کە بێدەنگ ناکرێت.
لە ئەفغانستان ڕۆژی جیهانی منداڵی کچ ئاهەنگێک نییە، ڕۆژێکە کە خەڵک لەبیریان بێت؛ یادەوەرییەک لە ئازار و بەرگری، لە وڵاتێکدا کە ژنان لە مافی کارکردن و ئازادی بێبەشن، ئاهەنگگێڕان بەم ڕۆژە هیچ واتایەکی نییە، بەڵام سەرەڕای ئەو هەموو تاریکییە؛ دەنگی ژنانی ئەفغانی هێشتا بەرز دەبێتەوە، تەنانەت لە بێدەنگییشدا بانگەوازی ئازادی و مرۆڤایەتی لە دڵدا هەڵدەگرن.