ژنانی ڕۆژنامەنووسی هیندستان بە ڕاپۆرتەکانیان دادپەروەری بۆ خەڵک دەهێنن

ڕۆژنامەی "خەبەر لاهاریا" کە بە واتای شەپۆلی هەواڵ دێت، لەلایەن کۆمەڵیک لە ژنانی "دالیت" لە هەرێمی ئوتار پرادش لە باکوری هیندستان بەڕێوەدەبرێت، زۆرینەیان ژنانی گەنجی ناو گوندەکانن، پاش ڕاهێنان بوونەتە پەیامنێر و بە مۆبایل کاری ڤیدیۆ و وێنە دەکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەم ژنە گەنجانە بەشێکیان پێش ئەوەی دەست بەو کارە بکەن، هیچ کات مۆبایلیان نەبینیبوو، هاوکات بەشێکیان لە ماڵەکانیان کارەبا نییە، بۆیە زۆر بە وریایەوە کار بە مۆبایلەکانیان دەکەن، دەچنە شوێنە سەختەکان و کاری لێکۆڵینەوەی ورد دەکەن، تەنها کاریان بۆ بەرژەوەندی هاوڵاتیانە  دوورن لە هەر حزبێکی سیاسی ئەو وڵاتە.

 

ئەم دەزگا ڕاگەیاندنە بەشێوەی میدیای ئەلیکترۆنییە، لە ساڵی ٢٠٠٢ کاردەکەن، لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی یوتیوب زیاتر لە ٥٥٠ هەزار سەبسکرایبیان هەیە، ئەوەی ئەم دەزگایە جیادەکاتەوە وێڕای ئەوەی کە هەموو ئەوانەی کاردەکەن ژنە، ئەوەیە کێشە و کەموکورتییەکان دەخەنە ڕوو.

 

حکومەتیان هێناوەتە دەنگ

بەهۆی بەردەوام نیشاندانی کەموکورتی و ڕەخنەکانەوە، ئێستا حکومەت ڕێگاکان قیرتاو دەکەن، نەخۆشخانەکان دەرمانیان بۆ دابیندەکرێت، بەردەوام لەگەڵ ئەو کەمینە نەتەوەییانەدان کە لە وڵاتەکەدا هەن و مافیان پێشێلدەکرێت.

 

کارکردنیان بەدەر نییە لە ئاستەنگ، دەترسێندرێن و بە ئەرکێکی قورس و نەگونجاو بۆ ژن سەیریان دەکەن، بە بێهێز سەیردەکرێن، ئەوان دەیانەوێت لە ڕێگای ڕاگەیاندنەوە دەنگی خۆیان و ژنان بگەیەننە هەموو دنیا و چیرۆکەکانیان بگێڕنەوە، زۆرجار ژنانیش بەهۆی ترسیان ناتوانن قسەیان بۆ بکەن.

 

پرسەکانی ژنان دەهەژێنن

ئەوان چەندین کێشەی دیار لە کۆمەڵگەکەیاندا باس دەکەن، لەوانە پرسی دەستدرێژی کە ئێستا یەکێکە لە کێشە بنەڕەتییەکانی ئەو وڵاتە، باس لە ژنێک دەکەن کە لە مانگێکدا شەش جار لە ماڵەکەیدا دەستدرێژی کراوەتە سەر، بەڵام لەلایەن پۆلیسەوە ڕەتکراوەتەوە کار لەسەر دۆسیەکە بکەن، بۆیە ئەوانیش چیرۆکەکان و گەندەڵییەکان بڵاودەکەنەوە، داواکارییەکانی هاوڵاتیان بۆ حکومەت بەرزدەکەنەوە.

 

"نوسین بە ئاگر" ناونیشانی فیلمێکی دۆکۆمێنتارییە، دەربارەی ئەو ژنانە و ڕۆژنامە ئەلیکترۆنییەکەیە، چیرۆکی کاری لێکۆڵینەوە و پەیامنێرەکان باس دەکات، لەلایەن هەردوو دەرهێنەری ژنی ناوخۆی هیندستان بە ناوەکانی "سوشمیت گوش و ڕینتۆ تۆماس" کاری دەرهێنانی بۆ کراوە.

 

فیلمە دۆکۆمێنتارییەکە پاڵێوراوە بۆ خەڵاتەکانی فیستیڤاڵی ئۆسکار، ئەگەر خەڵات بەدەستبهێنێت دەبێتە یەکەم فیلمی هیندستان کە دەرهێنەرەکەنی ناوخۆیی بێت و خەڵاتی ئۆسکاری بەدەست هێنابێت.

 

ت.پ