ژنانی ڕۆژنامەنووس: پێویستە زیاتر هەوڵ بدەین لە پێناو سەرکەوتن
ژنان بەردەوام سەرکەوتن بەدەستدەهێنن، بەڵام وەک چالاکوانان باسی دەکەن، هەوڵی زیاتر بۆ سەرکەوتن پێویستە، چونکە هێشتاش توندوتیژییەکان و کوشتنی ژنان بەردەوام تۆمار دەکرێن، دەبێت ژنانیش خۆیان هەوڵبدەن، هاوکات ڕێکخراوەکانیش فشار بۆ کارکردنی جدی لەسەر پرسەکانی ژ
تەرزە تەها
سلێمانی- ژنان پێیان وایە ساڵی ٢٠٢١ بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو گۆڕانکارییەکی دیاری بەخۆیەوە نەبینیووە، هەرچەندە چەند ژنێک پلە و پۆستی جیاوازیان وەرگرتووە، لەوانە لەیلا عومەر کە پێشتر بەڕێوەبەری تۆماری خانوبەرەی سلێمانی بووە، بوو بە یەکەم ژن کە پۆستی جێگری پارێزگاری سلێمانی وەرگرتووە، لە ئێستاشدا بۆ یەکەمجار بووەتە سەرۆکی شارەوانی سلێمانی.
هاوکات چەندین ژن لە شاری دهۆک پلە و پۆستی جیاوازیان وەرگرت، لەبەرمبەردا چەندین حاڵەتی کوشتن و توندوتیژی بەرامبەر ژنان تۆمارکراون، کە هەندێکیان بوونە هۆی جوڵانی ڕایگشتی، لەوانە کوشتنی زەهرە کە دایکی دوو منداڵبووە، لەلایەن هاوژینەکەی و دوو برایەوە لە گەڕەکی باداوای شاری هەولێر و چەند کەیسێکی دیکە.
شنە بابەعەلی، ئەندامی سەنتەری میترۆ و ڕۆژنامەنووس لەبارەی دۆخی ژنانەوە باس لەوەدەکات، لەگەڵ ئەوەی لە ساڵی ٢٠٢١ ژنان چەندین پلە و پۆستی جیاوازیان بەدەستهێناوە، چەند ڕووداوێکیش هەبووە کە نەرێنی بووە، "بەداخەوە ژن کوشتن بەردەوامی زیاتری هەبووە"، ئەوەی کە بە گرنگیەوە باسی لێدەکات، یەکڕیزی ژنانە کە چۆن بتوانن خۆیان پێشبخەن، نەک تەنها بیر لەوەبکەنەوە کێ چ هەوڵێک دەدات، دەبێت هەمووان پاڵپشتی یەکتربکەن .
"ئێمە پێویستمان بە چۆنیەتی کارکردنە"
وەک ژنێک جەخت لەوەدەکاتەوە، کە دەبێت ژن جەنگاوەرێک بێت، کە بۆ مافەکانی خۆی بجەنگێت و بەدەستیبهێنێت، لە کاتی کارکردندا بە هەموو توانا و متمانە بە خۆبوونیەوە کاربکات، نەک بکشێتەوە دواوە، "ئێمە پێویستمان بە چۆنیەتی کارکردنە نەک چەندێتی، ئەوە گرنگە بتوانین بە ڕۆحێکی گەورە و دەست لەناو دەست ژنەکان بەیەکەوە کاربکەین".
شنە بابەعلی، وەک ڕۆژنامەنووسێکیش باس لە دۆخی ژنانی ڕۆژنامەنووس دەکات، کە وەکو پیاوان ئەو پۆستانەیان نادرێتێ، هەرچەندە وەک ڕۆژنامەنووسە پیاوەکان کاردەکەن بەڵام جیاکاری هەیە، دەشڵێت ڕاگەیاندن کەمتەرخەمن لە ئاستی ژنان، نەک تەنها بۆ ڕۆژنامەنووسانی ناو دەزگاکەی خۆیان، "میدیا بە جۆرێک ڕۆڵێکی خراپ دەگێڕێت ئێمە یەک لەشکر ژنمان هەیە لە ئیشوکارەکاندا بەڵام کارەکانیان دەرناخرێت".
نوسینەوەی دەستورێک بۆ هەرێمی کوردستان، کە بنەماکانی مرۆڤ بێت لە دیدی شنەدا دەبێتە هۆکارێک بۆ یەکسانی و ڕێگریکردن لەو جیاکارییەی ئێستا بۆ ژنان هەیە، لە دیدی شنە بابە عەلیدا بە یەکێک لە چارەسەرە گونجاوەکان بۆ بەرەوپێشبردنی دۆخی ژنان باسی لێوەکرد.
ترێ مەحمود ڕۆژنامەنووسەێکی بواری ژنانە، پێی وایە لەبەر ئەوەی ساڵی ٢٠٢١ هەزاران توندوتیژی بەرامبەر ژنان تۆماکراون، ژنان کوژراون، ساڵێکی زۆر جیاواز نییە، هەروەها گۆڕانکاری لە ئەقڵیەتی کۆمەڵگادا بە ڕێگایەکی سەرەکی بۆ ڕزگاربوون لە توندوتیژییەکان و بەرەوپێشچوونی ژنانی دادەنێت.
ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات، کە ژنان توانایەکی زۆری فکر و جەستەییان هەیە، بۆیە دەبێت ژنان بچنە دەرەوەی ماڵ و کاربکەن، ئەرکی خێزان و منداڵ و پەروەردەکردن زۆر گرنگە، بەڵام ژنان دەبێت بەشداری سیاسی و کۆمەڵایەتیشیان هەبێت.
"دەبێت ببینە هێزی ڕووبەڕوو بوونەوە"
"مادام لە بەرامبەرماندا هێزێک هەیە کە توندوتیژی دەکات، هێزێک هەیە کە بەرامبەرمان دەوەستێتەوە دەیەوێت دەنگی ژن کپ بکاتەوە، بۆیە دەبێت ببین بەو هێزەی کە ئێمە ڕووبەڕوویان ببینەوە"، هاوکات ڕۆڵی یاساکانی کە لە بەرژەوەندی ژنان بێت بە هەند وەرگرت بۆ بەرەوپێشبردنی ژنان.
وتیشی: "دەکرێت بە یاسا ڕێکبخرێت ئێمە چۆن دەتوانین وەکو ڕێکخراوەکان و چالاکوانان فشار دروست بکەین، ئەوەش لە ڕێی پەرلەمانی کوردستانەوە یاساکان هەموار بکرێتەوە بەجۆرێک کە نەتواندرێت توندوتیژی دووبارە بکرێتەوە".
لەهەمان کاتیشدا جەختی لەسەر هەوڵی بەردەوامی ژنان کردەووە، کە خۆیان بەردەوام تێبکۆشن، چونکە خاوەن بیرۆکەی زۆرن، هەروەها حکومەتیش بە پلان و پڕۆژەی هاندان هاوکاربێت بۆ بەرەوپێشبردنی ژنان.
ت.پ