ژنانی ئەفغانی: با ماڵەکانمان بگۆڕین بۆ ئەکادیمیا دژی تاڵیبان

ژنانی ئەفغانی داوا دەکەن هەموو ماڵێک بگۆڕدرێت بۆ قوتابخانە و ئەکادیمیا دژ بە ستەمی تاڵیبان.

بهارین لەهیب

کابول- ژنان لە ئەفغانستان سەرەڕای فشار و سنوردارکردنیان لە لایەن تاڵیبانەوە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان درێژە بە بەرخۆدانی خۆیان دەدەن زەریفە کەریمی، دایکێکی ئەفغانستانە و وتی: "ئێمە دەزانین کە دەبێت دژی تاڵیبان تێبکۆشین بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان، پێش هەموو شتێک دەبێت ڕێکخراوی خۆمان دابمەزرێنین و پەروەردەش بۆ هەموومان پێویستە ڕەنگە نەتوانم منداڵەکانم لە بیرکردنەوەی نەزان و هەژارانەی ڕژێمی تاڵیبان دوور بخەمەوە، بەڵام سەرەتاییترین پەروەردەیان پێ دەدەم. دایکانیش دەبێت ئاگایان لە منداڵەکانیان بێت".

 

"تاریکی ئەمڕۆ بە ڕەنجی کەسایەتییە تێگەیشتوەکان ڕووناک دەبێتەوە"

زەریفە کەریمی ئاماژەی بەوەدا کە دوو منداڵی هەیە و کاتێک تاڵیبان دووبارە دەسەڵاتییان گرتەوە دەست هەردوو کچەکەی لە خوێندن دوورخراونەتەوەو تاڵیبان ژیانی ژنان سنوردار کردووە، وتی: "دوورخستنەوەی ئێمە لە جلوبەرگ و قوتابخانە و مۆسیقا و هونەر و تەلەفزیۆن و ژیانی کار و هەموو ژیان هەیە، ئێمەی ژنان کە نەتوانین شتەکان بۆ خۆمان هەڵبژێرین چۆن دەتوانین خاوەن ناسنامەی خۆمان بین؟ من دەبێت کچەکانم بنێرم بۆ خوێندنگەی تاڵیبان، بەڵام لە هەمان کاتدا دەبێت پەروەردەیان بکەم چونکە ئەوان لە ماڵ و کۆمەڵگەدا بە ئازادی خۆیان پەسەند دەکەن. پێویستە هەموو ژنان منداڵەکانیان لەم بوارەدا پەروەردە بکەن، تاریکی ئەمڕۆ بە ئاگایی کەسایەتییە تێگەشتووەکان ڕووناک دەبێتەوە".

 

"تێکۆشان لە دژی تاڵیبان بە پەروەردە دەبێت"

زەریفە کەریمی ئاماژەی بەوەدا کە ئەو کەسانەی دەیانەوێت زمانی ئینگلیزی فێرببن لەلایەن تاڵیبانەوە ڕێگریان لێدەکرێت و وتی: "تاڵیبان فێربوونی زمانی ئینگلیزی قەدەغە کردوە بە بیانوی زمانی کفر، جیهان نابێت ئەمانە لەبیر بکات، بیرمان نەچێت کە بابەتەکە فێربوونی ئینگلیزی نییە، ئێمە لە جیهانێکدا دەژین کە تاکڕەوی تێدا نییە. شەڕی دژ بە تاڵیبان بە هۆشیاری و پەروەردەوە بەڕێوەدەبرێت هەموو ماڵێک دەبێت وەک ئەکادیمیا کار بکات".

 

"دوای گەیشتنی تاڵیبان توندوتیژی زیادیکردووە"

نادیە پەروانی هاوڵاتیەکە کە پێش ئابی ٢٠٢١ وەک بەرپرسێکی تەندروستی لە وڵاتەکەیدا کاری دەکرد، بەڵام لە سەرەتاوە کە تاڵیبان دەستی بەسەر ئەو وڵاتەدا گرت  بێکار بوو، وتی: "لەوەتەی تاڵیبان گەڕاوەتەوە سەر دەسەڵات، توندوتیژی و زۆردارییەکانیان لە دژی ئێمەی ژنان زیادی کردووە هیچ ژنێک ڕێگەی پێنەدرا لە دەرەوەی ماڵەکەی خۆی کار بکات".

 

"سەرەڕای هەموو نەهامەتییەکان بەردەوام دەبم لە کارەکەم"

نادیە پیروانی، یەکێک لەو کەم کارمەندانەی تەندروستی بوو کە ڕێگەی پێدرا بگەڕێتەوە سەر کار، وتی: "بەڕاستی بە هەزار و یەک ترس گەڕاینەوە بۆ کارکردن، ئێمە بە ترس کار دەکەین تاڵیبان هەمیشە ئاگادارمان دەکاتەوە کە بە شێوەیەکی ڕێکوپێک سەرپۆش بکەین و  تەنیا ڕێگە بە چاوەکانمان بدەین بە دەرەوە بێت، بۆ ئەوەی ژنان کار بکەن دەبێت هەموو سوکایەتیەکان تەحەممول بکەن".