ژنانی سەیدسادق بە پێویستی دەزانن شەوان بازاڕەکان کراوە بن

فێنک عەزیز دەڵێت: ژن شوناسی خۆی ون کردووە و پیاو دەستی بە سەر شوناسی ژندا گرتووە، شەو و ڕۆژ جیاوازی نییە بۆ بازاڕکردن و پێویستە هەموو کۆمەڵگا بەو جۆرە بیر بکاتەوە.

فێنک عەزیز دەڵێت: ژن شوناسی خۆی ون کردووە و پیاو دەستی بە سەر شوناسی ژندا گرتووە، شەو و ڕۆژ جیاوازی نییە بۆ بازاڕکردن و پێویستە هەموو کۆمەڵگا بەو جۆرە بیر بکاتەوە.

 

هەوار محەمەد

سلێمانی- ژنانی سەیدسادق لە شەوانی ڕەمەزاندا داوا دەکەن بەردەوام شەوان بازاڕەکان کراوە بن چونکە سەیدسادق ناوچەیەکی گەرمە.

 

سەیدسادق یەکێکە لەو شارۆچکانەی کە لە دوای مانگی نیسان/٤ەوە وردە وردە کەشوهەواکەی ڕوو لە گەرمی دەکات، لە مانگی تەمموز/٧دا و لە چلەی وەرزی هاویندا تا سەروو ٥٠ پلەی سلیزی گەرم دەکات، بەڵام ژنان بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانیان دەبێت تەنها لە ڕۆژدا بڕۆنە بازاڕەکان.

بازاڕی سەیدسادق بەردەوام بە ڕۆژدا لە کاتژمێر ٨ی بەیانییەوە تا تاریکی ئێوارە کراوەیە، تەنها لە مانگی ڕەمەزاندا و دوای تێپەڕینی نیوەی مانگی ڕەمەزان، بە شەوان بازاڕەکان دەکرێنەوە، لەم شەوانەدا ژنان بە ڕێژەیەکی زۆر ڕوو لە بازاڕەکان دەکەن بۆ کڕینی پێداویستییەکانیان، ئێمەش چوینە لای ژنانی سەیدسادق تا بۆچوونیان وەربگرین لەسەر کردنەوەی بازاڕەکان بە شەودا و بەم شێێوەیە بۆمان دوان:

فێنک سەردار یەکێکە لەو ژنانەی بە شەودا هاتووەتە بازار، باس لەوە دەکات لە کۆمەڵگای ئێمەدا هەرکات پیاو بیەوێت دەرودەشتی خۆی دەکات، بەڵام ژنان چونکە شوناسی خۆیان ون کردووە،  ناتوانن ئازادانە بۆ کوێ بیانەوێت بڕۆن، هۆی ئەوەش دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی کە پیاوان دەستیان بە سەر شوناسی ژناندا گرتووە.

فێنک ئاماژەی بەوەشدا: "ژن لە شتە بچوکەکانی ژیانەوە ئازاد دەبێت، وتەیەکی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دەکات کە دەڵێت: تا ژن ئازاد نەبێت کۆمەڵگاش ئازاد نابێت، بۆیە شەو و ڕۆژ جیاوازی نییە بۆ بازاڕکردن و پێویستە هەمو کۆمەڵگا بەو شێوازە بیربکاتەوە.

سەیران محەمەد خاوەنی دوکانێکی جل و بەرگی ژنانە و لەگەڵ کچە بچوکەکەیدا لێی دەمێننەوە، دەڵێت: گرنگە بازاڕەکان کراوە بن بە شەودا و هەندێک ژن هەیە بە ڕۆژدا ماندوو دەبێت و تایبەت لە شەوانی هاویندا دەتوانن بە شەودا بڕۆنە بازاڕ، باس لەوەش دەکات بە کردنەوەی ئەم دوکانەی و پشتگیری ژنان زۆر خۆشحاڵە و هاوکات داواش دەکات تا ژنان بۆیان بگونجێت کار بکەن.

پەروین عومەر کڕیارێکە و باس لەوەدەکات ژن هەیە منداڵی وردە یان ئیشی زۆرە دەتوانێت و وای بۆ گونجاوترە کە بە شەودا بڕونە بازاڕ، دەشڵێت ژن گەر پێداویستی نەبێت و بۆ کەلوپەل کڕین نەبێت نایەنە بازاڕ و بە باشی دەزانێت شەوان دوکانەکان کراوە بن.

پیرۆز حسین ژنێکی دیکە هاتووەتە ناو بازاڕ و دەڵێت: ئێستا مانگی ڕەمەزانە و بە ڕۆژا بە ڕۆژووین، شەوانە باشترە بێینە بازاڕ، بۆچوونم لەگەڵ خەڵک دایە و پێویستە شەوان بازاڕەکان کراوەبن چونکە بە ڕۆژدا گەرمە و شەوان فێنکە بەتایبەت لە سەیدسادق.

 

ت.پ