ژنانی سودان لە دۆخی شەڕدا پڕۆژە دروست دەکەن

ژنە کۆچبەرەکان لە سودان کە کاریگەری شەڕیان لەسەرە، کۆمەڵێک پڕۆژەی بچووک پەرەپێدەدەن بۆ درێژەدان بە ژیانیان و پەیداکردنی بژێوی و ڕووبەڕووی ئاستەنگییەکان دەبنەوە.

 

سەلما ڕەشید

 

سودان- لە١٥ی نیسانی٢٠٢٣ەوە شەڕلە نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بەردەوامە، لە ئەنجامدا خەڵکێکی زۆر کوژران و بریندار بوون و نزیکەی ١٠ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار کەسیش ئاوارە بوون.

 

نیگارکێش مهیرەعەبدولفەزیل لە ناوچەی ئەلحەلفایە لە شاری بەحری نیشتەجێ بووە، بەڵام بەهۆی شەڕ لە ناوچەکەی خۆیەوە کۆچی کردووە.

 

بەهۆی ئاڵۆزییەکانەوە ناچارە ماڵەکەی بەجێبهێڵێت

مهیرەعەبدولفەزیل بەم شێوەیە باسی لە کۆچکردنەکەی کرد: دەنگی شەڕ لە بەشی ڕۆژئاوای ناوچەی کیبری ئەلحەلفایە بەرزدەبووەوە، لەوێ کەمپێکی سەربازی هەبوو و ژاوەژاوی هاوەنەکان بە شێوەیەکی مەترسیدار پەرەی سەندبوو، لە ئەنجامدا ماڵەکەمانی هەژاند و فیشەک بەسەر ماڵەکەماندا باری، نەمانتوانی لەڕۆژێک زیاتر لە ماڵەکەماندا بەسەر بەرین و دواتر ڕۆیشتین.

 

لە درێژەی قسەکانیدا وتی: هەفتەیەکمان لەم شوێنە بەسەر برد و دواتر ئازارەکانمان زیاتر بوو، ئاو و کارەبا لە شەڕە قورسەکەدا پچڕا، بۆیە ناچار بووین ئەم شوێنە بەجێبهێڵین، تەنانەت ڕێگای شوێنێکی سەلامەتیشمان نەدەزانی،  تا لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە گروپێکم ناسیو ڕێگای سەلامەتیان بۆ دەرچوون لە ناوچەکە نیشاندام، کاتێک ئێمە کۆچمان دەکرد بۆ شاری ئەلحەساحیسە، ناوچەکە پڕ بوو لە کۆچبەر، گەیشتینە ناوچەی سوبا، جموجۆڵێکی سەربازیمان بینی بەرەو خەرتوم، نەماندەزانی سەر بە سوپای سودانن یان پشتیوانی خێرا، بۆیە زۆر ترساین.

 

سەرەڕای نەبوونی دەرفەت، پڕۆژەیەک دروست دەکات

مهیرە عەبدولفەزیل وتیشی: دوای گەیشتنم بە ئەلحەساحیسە، ماوەی سێ مانگ لە ماڵی خزمێکم مامەوە، بۆ من گرنگ بوو کارێک بدۆزمەوە، لە پارکێکدا کارم دەکرد، وێنەم لەسەر دەموچاوی منداڵان دروست دەکرد،هەروەها وۆرک شۆپم کردەوە بۆ فێرکردنی منداڵان دەربارەی نیگارکێشی، لەناوەندی داڵدەدان لە ناو فاکەڵتی پەروەردە لە شاری حەساحیسە وۆرک شۆپێکم کردەوە، شەڕی بەردەوام کاریگەری لەسەر دۆخی دارایی خێزانەکەم هەبوو، بەو پارەیەی لە کارەکەمدا بەدەستم هێنا بوو دەستم بە پڕۆژەیەکی بچووک کرد و لە ماڵەوە سابونی دەستم دروستدەکرد.

 

"بەهۆی نەبوونی کەرەستەی خاو، زۆر ئازارم چەشت، بەڵام تێپەڕین"

سەبارەت بە گرنگی کارەکەی وتی: پاڵپشتی دارایی لەڕێکخراوی "ئیدیلە"ی ڕۆشنبیری و هونەر وەرگرتووە، ئەم ڕێکخراوە تایبەتە بە پاڵپشتی ژنانی نیگارکێش کە لە شاری بۆرتسودان بەڕێوەدەبرێت، دەستم کرد بە دروستکردنی پەیکەری کۆنکرێتی، هەندێک شتی فۆلکلۆری سودانم دروست کرد.

"گۆڕام بۆ ژنێکی بەرهەمدار"

نەعمات حەسەن لە گەڕەکی ئەلفتەهاب لە شاری ئوم دورمان دەژی، وتی: دوای شەڕی سودان بڕیارمدا ئەو گەڕەکە جێبهێڵم کە لێی دەژیم، کاتێک گەیشتمە کۆبوونەوەی پەیوەندییەکان، گروپێک هێرشیان کردە سەرمان و مۆبایل و جانتا و جلوبەرگ و بتڵی ئاوەکانیانمان دزی، چووینە شاری کۆستی، کە گەیشتین، خێزانێک کە خزم و کەسوکاری ئێمە نەبوون بۆ ماوەی ٦ مانگ پێشوازییان لێکردین، کچەکەم لە دەزگایەکی حکومی کاردەکات، بەڵام مووچەکەی بەشناکات، بۆیە منیش بیرم لە دەستپێکردنی پڕۆژەیەکی بچووک کردەوە.

"منداڵەکانمان هەمووڕووخاون"

نەدا عەبدوڵا دەرچووی فاکەڵتی کشتوکاڵ و سامانە سروشتییەکانە و لە کارگەکانی ناوچەی دەریای باکوور کاردەکات، ماوەی ٨ ساڵە لەم بوارەدا کار دەکات، بەڵام کاتێک شەڕ دەستی پێکرد هەموو شتێک وەستا و وتی: بڕیارمدا لە ٧ی مانگدا ناوچەی ساڵحێ لە خەرتوم بەجێبهێڵم، چیرۆکی کۆچکردنمان لە شاری ئەبیەزەوە دەست پێدەکات، چوومە حەمەدی و ٧ مانگ لەوێ مامەوە، پاشان بڕیارمدا کار بکەم بۆ ئەوەی ئاگاداری منداڵەکانم بم، دەستم کرد بە دروستکردنی خواردنی فەلافل و کونافە و لە بازاڕدا فرۆشتم، بڕیارمدا جارێکی تر بگەڕێمەوە بۆ خەرتوم تا هەندێک پێداویستی بهێنم، کە گەیشتمە ماڵەوە بینیم هەموو شتێک تێکچووە، چوومە لای خوشکەکەم کە لە هەمان ناوچە دەژی، دەستم کرد بە دروستکردنی کونافە و لە بازاڕی نزیک ماڵی خوشکەکەم فرۆشتم.