ژنانی عێراق، سوتووی ئاگری دابونەریت

لە عێراق پیاوان لە پەیوەندی هاوسەرگیریدا گرنگی بە هاوژینەکانیان نادەن و فەرامۆشیان دەکەن، سوکایەتی و بێڕێزییان بەرامبەر دەکەن، بەڵام تا ئێستا ئەو توندوتیژییە دەروونیانە لە ڕووی یاساییەوە سزای نییە.

لە عێراق پیاوان لە پەیوەندی هاوسەرگیریدا گرنگی بە هاوژینەکانیان نادەن و فەرامۆشیان دەکەن، سوکایەتی و بێڕێزییان بەرامبەر دەکەن، بەڵام تا ئێستا  ئەو توندوتیژییە دەروونیانە لە ڕووی یاساییەوە سزای نییە.

ناوەندنی هەواڵ

 

لە ڕاپۆرتێکیدا ماڵپەڕی "ارفع صوتک" عێراقی بڵاویکردووەتەوە، پیاوان هیچ گرنگیی بە هاوژینەکانیان نادەن، ناپاکیان بەرامبەر ئەنجام دەدەن، سەرباری ئەوەی بە بێڕێزی کردن و شکانیان لەناو کەسوکاریاندا، چەندین توندوتیژی دەروونی بەرامبەریان ئەنجام دەدەن.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا ئەو ماڵپەڕە چاوپێکەوتنی لەگەڵ دوو ژنی عێراقیدا ئەنجامداوە، باسیان لە خراپی دۆخی دەروونی خۆیان کردووە، یەکێک لەو ژنانەش نادیە جەمالی تەمەن ٤٦ ساڵە، خاوەنی چوار منداڵە، وەک باسی دەکات بەهۆی منداڵەکانیەوە لای هاوژینەکەی ماوەتەوە، هاوژینەکەی بەردەوام فەرامۆشی دەکات، هیچ کات نایەوێت قسە لەگەڵ نادیە بکات، بەردەوام جێی دەهێڵێت، کات هەیە چەند ڕۆژێک هیچ گفتوگۆیەک لەنێوانیاندا ڕوونادات.

 

نادیە باس لەوەش دەکات، بەردەوام لە هەر کێشەیەکدا ئەوەی تاوانبارە نادیەیە، هیچ کات وەک هاوژینێک مامەڵەی لەگەڵدا نەکردووە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ناپاکی لێدەکات، بەڵام ئەو بەهۆی منداڵەکانیانەوە بەردەوامە لە ژیان لەگەڵ پیاوێکی لەو جۆرەدا.

 

"لەبەرچاوی خزمەکانم قسەی نەشیاو دەکات"

شەیما ناسر، یەکێکی دیکە لەو ژنانەی بەدەست فەرامۆشکردن و توندوتیژییە دەروونیەکانی هاوژینەکەیەوە دەناڵێنێت، شەیما باسی ئەوە دەکات کە هاوژینەکەی گاڵتەی پێدەکات، هەموو کات بە قسەی ناشرین و گاڵتە پێکردن هێرشی دەکاتە سەر، سەرباری ئەوەی کە کەسوکار یان خزمێک سەردانیان دەکەن، بەردەوام بە قسەی ناشرین گاڵتەی پێدەکات.

 

شەیما باسی ئەوەش دەکات، کە هاوژینەکەی بەردەوام ڕەخنەی لێدەگرێت، لەسەرەتادا وا تێگەیشتووە کە ڕەنگە بەڕاستی کەموکوڕی لە شەیمادا بێت، بەڵام دواتر تێگەیشتووە کە هاوژینەکەی بەردەوام سوکایەتی پێدەکات، دەڵێت لە هاوسەرگیرییەکەی پەشیمانە.

شەیماش خاوەنی منداڵێکە و نایەوێت دەستبەرداری منداڵەکەی بێت، بەڵام بڕیاریداوە هیچ کات لەگەڵ هاوژینەکەی نەچێتە دەرەوە.

 

بەهۆی نەبوونی هیچ یاسایەکی تایبەت بۆ توندوتیژییە دەروونیەکان و نەتوانینی سەلماندنی توندوتیژییە دەروونیەکان، ژنان لە دادگاکانی عێراقدا زۆر کات ناتوانن توندوتیژییە دەروونیەکان کە بەرامبەریان دەکرێت بسەلمێنن، سەرباری ئەوەی لە دابونەریتی کۆمەڵگای جیهان و بەتایبەت عەرەبییەکاندا پیاوان خاوەن قسە و بڕیارن، پیاو تەواوی دەسەڵاتی هەیە، لەبەر ئەوەش ژنان بوونەتە سوتووی ئاگری دابونەریت و دۆخێکی سەختییان هەیە، دەکوژرێن و لێدەدرێن تەنانەت ئەگەر تاوانیشیان نەبێت.

 

ت.پ