ژنانی کورد لە پۆستە جیاوازەکانی وڵاتانی دیکەدا

بە وەرگرتنی چەند پۆستێکی جیاواز لە وڵاتانی دیکە بە تایبەت لە ئەوروپادا، ژنانی کورد توانیویانە دەرخستەی هێزو توانای خۆیان بن و لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا شوێن بگرن.

 

لاڤە کوردە

ناوەندی هەواڵ- بەهۆی نالەباری دۆخی سیاسی و هێرش و مەترسیەکان بۆ سەر کورد لە ڕابردوو و ئێستاشدا، لە هەر چوار پارچەی کوردستانەوە بەشێکی زۆر لە خێزانە کوردەکان کۆچیان بۆ وڵاتانی دیکە بە تایبەت وڵاتە ئەوروپیەکان کردووە، کۆچی ئەو خیزانانە نەبووەتە ڕێگر لە کارو هێزو توانای ژنان، ژنان و کچانی کورد توانیویانە بە وەرگرتنی پۆست و پلەی جیاواز پێگەی خۆیان دیاری بکەن.

 

لێرەدا نمونەی چەند ژنێکی کورد دەهێنینەوە:

 

زوحال دەمیر بە رەچەڵەک کوردە و لە ساڵی ١٩٨٠ لە خینک-ی  دێرسیمی باکووری کوردستان لەدایکبووە، لەگەڵ ئەوەی کە کچی خێزانێکی پەنابەری کرێکار بووە لە بەلجیکا، توانیویەتی چیرۆکێکی سەرکەوتن لە سیاسەتی ئەو وڵاتەدا بۆ خۆی تۆماربکات.

زوحال لە ڕۆژی ٢٤ی شوباتی ٢٠١٧ دوای ئەوەی لەبەردەم شای بەلجیکا سوێندی دەستووری خوارد، بووە یەکەم وەزیر لە حکومەتی ئەو وڵاتەدا کە کوردە و پۆستی وەزیری دەوڵاتی بۆ کاروباری بەرەنگاربوونەوەی هەژاری وەرگرت لە مێژووی ئەوروپادا.

 

لە ساڵی ٢٠١٩ دوو ژنی دیکە بە بوون بە پەرلەمانتاری ئەوروپا توانیان پێشەنگ بن بۆ ژنانی کورد، ئەوانیش "ئەڤین ئینجەر و ئۆیزلەم دیمیرەل" بوون.  

ئەڤین ئینجەر ئەوکاتەی بووەتە پەرلەمانتار تەمەنی ٣٥ ساڵ بووە و خەڵكی ئامەدی باكووری كوردستانە، خوێندنی بەكالۆریۆسی لە یۆتۆبۆری سوید تەواوكردووە، وەك چالاكوانێكی بواری ڕێكخراوەیی و سیاسی دەركەوتووە و بووتە ئەندامی پارتی سۆسیال دیموكرات، لەبەر وریایی و لێهاتوییەوە چەند ساڵێك سەرۆكی رێكخراوی لاوانی پارتەكەی بووە و دواتریش بووەتە جێگری لێپرسراوی ڕێكخراوی لاوانی ئینتەرناسیونال.

ئویزلەم دەمیرەل ئەویش کە بووەتە پەرلەمانتاری ئەوروپا تەمەنی ٣٥ ساڵ بووە و خەڵكی باكووری كوردستانە، زیاتر لە ٣٠ ساڵە لە ئەڵمانیا دەژی و هەر زوو پەیوەندی بەپارتی چەپ كردووە و توانیەتی توانستی سیاسی خۆی بخاتەگەڕ و خزمەت بەكۆمەڵگەی ئەڵمانی بكات، لەوماوەیەدا پۆستی باڵای هەبووە لەناو پارتەكەیدا و چەند ساڵیك سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتەكەی بووە لەهەرێمی نۆردڕاین ڤێستڤاڵن.

 

سەحەر ئایدار لەدایکبووی ١٩٨٩یەو خەڵکی باکوری کوردستانە، لە تەمەنی ١١ساڵییەوە لە وڵاتی نەرویج نیشتەجێیە و پێش ئەوەی لەساڵی ٢٠١٠ وەک سکرتێری رۆد ئۆنگدۆم هەڵبژێردرێت، یاریدەدەری باخچەیەکی ساوایان بوو، پاشان وەک سکرتێری گشتی چوو بۆ ئۆسلۆ و لە گرۆد دالن نیشتەجێبووە، لەمانگی نیسانی ٢٠١٢ لە کۆنگرەی گەنجانی پارتی سوور هەڵبژێردرا .

سەحەر لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٧ی ستۆرتنگدا وەک دووەمین هەڵبژاردنی لیستی ئۆسلۆ کاندیدکرا، لەدوای هەمان ساڵ، وەک جێگر بۆ ستۆرتینگ هەڵبژێردرا.
هاوکات لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢١دا سەحەر وەک ئەندام پەرلەمانی نەرویج هەڵبژێردراوە، بەمەش لە مێژووی نەرویجدا یەکەم جارە کورد لەو پۆستە دا کاربکات.

 

میدیا کامەران فوئاد مەستی ناسراو بە "میدیا مەستی"، تەمەنی ٣٠ ساڵە و لە سلێمانی لەدایکبووە، هەموو قۆناغەکانی خوێندنی لە سلێمانی بووە و کۆلێژی پزیشکی لە شاری کەرکوک تەواو کردووە، لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی پێشمەرگە لە نەخۆشخانەیەکی تایبەتی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستان وەک پزیشک کاری کردووە.

میدیا مەستی یەکەمین ژنی کوردە کە لە ئەکادیمیای "ساندهێرستی" سەربازیی شاهانەی بەریتانیا خولی سەربازی تەواو بکات و دەربچێت.

 

وەرتێ ئەبوبەکر ژنێکی فڕۆکەوانی کوردە کە خەڵکی سلێمانیە و لە وڵاتی دانیمارک کۆلیژی فڕۆکەوانی تەواو کردووەو بەیەکەم فڕۆکەوانی ژنی کوردو عێراقی دەژمێردرێت.

رۆژی ١١ ی ئایاری ٢٠٢١ بۆ یەکەمجار فڕۆکەوانی گەشتێکی سەرکەتووی چوون و هاتنەوەی لە بەغدا بۆ قاهیرە ئەنجامدا.

دوو ڕۆژ دواتر و رۆژی ١٣ ی ئایاریش بەهەمان شێوە فڕۆکەوان وەرتێ ئەبوبەکر گەشتێکی تری سەرکەوتووی لە بەغداوە بۆ لوبنان و عەمان و دواتر گەڕانەوە بۆ بەغدا ئەنجامدا.

وەرتێ لەو دوو گەشتەدا فڕۆکەی B737-800 لێخوڕیوە و بە سەرکەووتوویی ئەو گەشتانەی ئەنجام داوە.