ژنانی حەسەکە: ئامانجی دەوڵەتی تورک تێکشکاندنی یەکڕیزی گەلانە
ژنانی حەسەکە ڕایانگەیاند، کە هێرشەکەی سەر حەسەکە لە ٢٠ی کانوونی دووەمدا بە مەبەستی خراپکردن و تێکشکاندنی یەکڕیزی کۆمەڵگەیە کە بە شۆڕش بەدیهاتووە.
ژنانی حەسەکە ڕایانگەیاند، کە هێرشەکەی سەر حەسەکە لە ٢٠ی کانوونی دووەمدا بە مەبەستی خراپکردن و تێکشکاندنی یەکڕیزی کۆمەڵگەیە کە بە شۆڕش بەدیهاتووە.
ڕۆنیدا حاجی
حەسەکە- هێرشەکانی سەر حەسەکە لە ٢٠ی کانوونی دووەم بە هاوکاری دەوڵەتی تورکیای فاشیست لەلایەن چەتەکانی داعشەوە بۆ سەر زیندانی سینای غوێرانی حەسەکە بە ئامانجی ڕفاندنی چەتەکانی پێشووی داعش کرابوو، جارێکی تر ئەوە خرایە ڕوو کە هێرش و پلاندانانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە ئامانجی تێکدان و تێکشکاندنی یەکڕیزیی گەلی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریایە، کە ئەو یەکڕیزییە بە شۆرشی گەل مسۆگەر بووە، لە دژی ئەو هێرشانەی کە بە بەرخۆدانی هەسەدە بە ناوی گورزی گەلان دەستیپێکردووە، جارێکی دیکە دەرکەوت کە هیچ هێزێکی داگیرکەر ناتوانێت لە دژی ویست و ڕاوەستان و یەکڕیزیی گەلانی ئازاد بوەستێتەوە و ناتوانێت ئەم یەکڕیزییە لاواز بکات.
سەبارەت بەم پرسە ژنانی کورد و عەرەب لە گەڕەکی تیل حەجەری حەسەکە، ڕایانگەیاند، کە یەکڕیزیی گەلان پیلانەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەری تێکشکاند و وتیان: "هەوڵەکانی دوژمنان بۆ نانەوەی فیتنەیی ئەنجامی نابێت، چونکە خەڵکی هەرێم هاوهەڵوێستی خۆیان پێکهێناوە".
"ئیرادەی ئێمە و هاودەنگیمان لە پلانەکانیان بەهێزترە"
ئامینە محەمەد، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، کە یەکڕیزیی گەلان پیلانی دەوڵەتەکان تێکدەشکێنێت و وتی: "مێژوو و داهاتوویەکی هاوبەش گەلی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کۆ دەکاتەوە ڕۆژی ١٢ی ئازار ڕژێمی سوریا داوای ئەو فیتنەی کرد، بەڵام ئامانجیان بەدەستنەهات، ئەمڕۆ لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا سیستمێک دامەزراوە ئەم سیستەمە سەرکەوتنی خۆی سەلماند بە هێنانەدی هەموو خواستەکانی خەڵک و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی یەکسانی و یەکڕیزی بۆ ئەو مەبەستەش دەوڵەتە ڕەگەزپەرستەکان پیلانی پیس دژ بەم سیستمە پەیڕەو دەکەن".
ئامینە محەمەد جەختی لەوە کردەوە کە هێرشەکانی داعش بۆ سەر زیندانی سینا لە حەسەکە بە فەرمانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر ئەنجام درا و وتی: "لەگەڵ هێرشەکانی داعش بۆ سەر زیندانی سینای غوێران لە حەسەکە، دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر هێرشەکانی بۆ سەر عەین عیسا و تل تەمر و زورگان چڕتر کردەوە، بۆ ئەوەی پشتگیری چەتەکان بکەن و جارێکی تر لەسەر پێی خۆیان بوەستنەوە هاوکات کاتێک پیلانەکانیان شکستی هێنا، دەوڵەتی تورک هێرشی کردە سەر دێرک و مەخمور و شەهبا ئێمە دەزانین کە پلانێکی پیس لە دژی قەوارەکانی هەرێم بەڕێوەدەبرێت بەڵام ویست و هاودەنگیمان لە پلانەکانیان بەهێزترە".
" یەکێتی ئێمە داهاتوویەکی سەرکەوتوو بنیات دەنێت"
فاتمە حاجی حەسەن بێدەنگی دەوڵەتە نێودەوڵەتییەکانی لە بەرامبەر ئەو هێرشانە شەرمەزار کرد و وتی: "دوایین ڕووداوی غوێران هەمووی لەلایەن دەوڵەتەکانەوەیە ئەمە پیلانێکە لە دژی سیستەمی بەڕێوەبردنی خۆبەڕێوەبەری، دەیانەوێت ئەوە ڕابگەیەنن کە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ناتوانێت خەڵک لە تیرۆر بپارێزێت، بەڵام وەک خەڵکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە دژی ئەو پرۆژەیە دەجەنگین، هاوکات کاتێک چەتەکانی داعش شکستیان هێنا دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر هێرشیان کردە سەر مەخمور و شەنگال و زورگان لەم پرۆسە هەستیارەدا نێچیرڤان بارزانی ڕووی کردە تورکیا و لەگەڵ ئەردۆغان دانیشت ئەم هەنگاوە بۆ هەموو گەلی کورد باش نییە، پێویستە ئێمە ببینە یەک و دەست لەناو دەستی یەک بکەین، یەکێتی ئێمە داهاتوویەکی سەرکەوتوو بنیات دەنێت".
"لە سایەی بەرخۆدانی هەسەدە لە ئاسایش و ئارامیدا دەژین"
فاتمە عوسمان ڕایگەیاند، کە پیلانگێڕییەکە لە دژی پێکهاتەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەڕێوەدەچێت و دەیانەوێت ئاسایشی هەرێمەکە لاواز بکەن بۆ ئەوەی وەک ناوچەکانی دیکەی سوریا نائارام بن و وتی: "ئێمە لە سایەی بەرخۆدانی هەسەدە لە ئاسایش و ئارامیدا دەژین، ئاسایشی هیچ ناوچەیەکی سوریا ناگاتە ئاسایشی ناوچەکانی ژێر چاودێری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە ڕێگەی ڕووداوەکەی غوێرانەوە ویستیان گورزێک لە ئاسایشی هەرێم بدەن، بەڵام یەکڕیزی خەڵک ڕێگری لە پیلانەکانی ئەردۆغان و ئەو کەسانە کرد کە دەیانویست ئاسایشی هەرێم تێک بدەن، وەک ژنان لە گەڕەکی تیل حەجەر گەڕەکەکەمان پاراست و پشتیوانی هێزەکانمان کرد کاتێک ئیرادە هەبێت، یەکێتی، هیچ هێزێک ناتوانێت دژی بوەستێتەوە دەبێت ئەو چەتانە دادگایی بکرێن کە مەترسین بۆ سەر هەموو جیهان بێدەنگی دەوڵەتەکان پشتیوانیانە بۆ زیندووکردنەوەی ئەو مەترسیە".
هەروەها چیچان مەحمود، داوای سزادانی چەتەکانی داعشی کرد و وتی: "پێویستە ئەو چەتانە دادگایی بکرێن، چونکە مەترسی لەسەر ئێمە و هەموو جیهان دروست دەکەن پێویستە دەوڵەتانی نێودەوڵەتی بێدەنگی خۆیان لەسەر ئەم پرسە بشکێنن و جیهان لە مەترسی ڕزگار بکەن".