ژنانی حەلەب: یەک ڕۆژ بەس نییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان
توندوتیژی دژی ژنان ڕەگ و ڕیشەی قووڵی لە کۆمەڵگەدا هەیە و پێویستی بە چارەسەرکردنی هەیە لە هەموو گۆشەنیگاکانەوە، بە پلەی یەکەم بابەت و یاساکانی پەروەردەیی، بۆ ئەوەی کۆمەڵگەیەک لەسەر بنەمای دیموکراتیکی و کۆمەڵایەتی بونیاد بنرێت.
سیرین محەمەد
حەلەب- ڕاستی سووریا ئەمڕۆ پشتڕاستی دەکاتەوە کە وڵاتێکی یەکگرتوو نییە، هەر بەشێک سیستمێکی جیاوازی هەیە، ژنان و منداڵانی کچی شێخ مەقسود لە ژێر سیستمێکی مەدەنیدا دەژین کە ڕێز لە ژنان و هەموو پێکهاتەکان دەگرێت، بەڵام هەر کە خۆیان دەخەنە ناو ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەتەشە، مەترسی دیارنەمان یان مردنیان لەسەرە، هەبۆیە هەموو شتێک ڕوودەدات.
توندوتیژی دژ بە ژنان لە ساڵانی دەسەڵاتی بەعسەوە ئاسایی بووەتەوە و تەنانەت دوای ئەوەی جیهادیەکانی هەتەشە دەسەڵاتیان گرتە دەست، ئەم ئاساییکردنەوە بووە بە پەردەی ئایین، لە سووریا ئەو وتارانەی کە دەگەڕێندرێنەوە بۆ دەسەڵاتداران و گروپە جیهادییەکان هەوڵدەدەن ڕاستی ئەو توندوتیژیانە کەمبکەنەوە کە دژی ژنان دەکرێت و کۆمەڵگەی سووریاش گۆڕانکاری مەترسیدار بەخۆیەوە دەبینێت کە ڕەنگە بە ئاراستەی چاوەڕواننەکراودا بیبات.
لە میانەی گەشتێکیدا بۆ گەڕەکەکانی شێخ مەقسود، ئاژانسەکەمان لەگەڵ ژنان کۆبووەوە کە باسیان لە گرنگی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و ئەو چارەسەرانە کرد کە ژنان بتوانن ژیان لەسەر بنەمای دادپەروەری و یەکسانی بونیاد بنێن.
توندوتیژی دەتوانێت کۆتایی بێت
خالیدە عەبدۆ، دانیشتووی گەڕەکی شێخ مەقسود، پێی وایە ڕۆژێک بەس نییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، چونکە ژنان لە سەرانسەری جیهاندا ڕۆژانە بەدەست هەموو جۆرە توندوتیژییەکەوە دەناڵێنن- دەروونی، جەستەیی و کۆمەڵایەتی، ژنان خەباتیان کردووە بۆ بەشداریکردن لە هەموو بوارەکاندا، بەهۆی ئیرادەی خۆیانەوە بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژی.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەم ماوەیەی ئێستادا توندوتیژی دژی ژنانی سووریا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، لەوانە ڕفاندن و کوشتن و دەستدرێژی و ئاوارەبوون لەسەر دەستی چەتەکانی داگیرکەر و جیهادییەکانی هەتەشە، وەک ئەوەی لە کەناراوەکانی سووریا و شاری سوەیدا لە باشووری سووریا ڕوویدا.
خالیدە عەبدۆ پێی وایە کە توندوتیژی دەتوانێت کۆتایی بێت، ئەمەش پێویستی بە بەهێزکردنی ژنان هەیە لە ڕێگەی بەشداریکردن و ڕۆڵی کارایان لە گۆڕەپانی سیاسیدا، بۆ مسۆگەرکردنی مافەکانیان و بەرگریکردن لە ئازادی خۆیان. ڕوونیشیکردەوە، پێویستە ژنان لە هەموو باکگراوندەکانەوە هەوڵبدەن بۆ سەلماندنی ڕۆڵ و هێزی خۆیان لەسەر هەموو ئاستەکان، هەروەها دەنگێکی یەکگرتوویان هەبێت بۆ دژایەتیکردنی ئەو یاسایانەی لەلایەن حکومەتی کاتی سووریاوە دەردەچن کە ژنان سەرکوت دەکەن و پەراوێزیان دەخەن، هرت بۆیە نەبوونی ڕۆڵی کارا بۆ ژنان لە سووریای نوێدا قبوڵ ناکەین.
ئەڵقەی زنجیرەیەک توندوتیژی
ئیمان عەلۆ کە هاوکات هاوڵاتی گەڕەکی شێخ مەقسودە، ڕوونی کردەوە: کە ئەوەی لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا لە سووریا ڕوویدا، بەشێک بووە لە زنجیرە توندوتیژییەک کە لە ماوەی ١٥ ساڵی ڕابردوودا دژی ژنان ئەنجام دراون، ژنان ڕۆڵێکی زۆر سنوورداریان هەبووە، چ کولتووری، کۆمەڵایەتی، یان ئابووری.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، ژنانی شارە جیاوازەکان، وەک سوەیدا و کەنارەکانی سووریا، ڕووبەڕووی ڕفاندن و دەستدرێژیکردنەتەوە، ژنان نەک هەر لە ڕۆڵەکانیاندا پەراوێزخراون بەڵکو لە هەموو لایەنەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا زیانلێکەوتوو بوون.
جەختیشی لەوە کردەوە، کە پیاوان ڕۆڵێکی بەرچاویان هەیە لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و دەبێت لە تەنیشتیان بوەستن و پاڵپشتییان بکەن، هەروەها ژنانی سووریا بەتوانا و ئیرادە و توانای بڕیاردان و بەڕێوەبردنی کۆنگرە و وەزارەتەکانیان هەیە.
ئاماژەی بە پرسێکی گرنگ کرد کە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی کاتی ڕووبەڕووی دەبنەوە، وتی: کاتێک ژنان و منداڵانی کچی گەڕەکی ئەشرەفیە و شێخ مەقسود دەچنە دەرەوە بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی کاتی، ڕووبەڕووی ڕفاندن و تەنانەت کوشتن دەبنەوە، ئێمە منداڵای کچمان هەیە کە لە زانکۆ و قوتابخانخوێندنگەکان دەخوێنن و فەرمانبەرانی ژنمان هەیە کە لە بەیانی زووەوە دەچنە سەر کارەکانیان بۆ ئاسایش و سەقامگیری.
ئیمان عەلۆ جەختی لەسەر پێویستی گەیشتنی دەنگی ژنان بە هەموو گۆشەیەکی زەوی کردەوە و وتی: سووریاکانی ئەمڕۆ هەموویان لە یەک بەلەمدان، ئەگەر بەلەمەکە نوقم بوو، هەموو سوورییەکان دەخنکێن، بەبێ گوێدانە ڕەگەز، دەبێت جەخت لەوە بکرێتەوە کە ژنان بۆ هەر شوێنێک بچن، بەشداری و داهێنەرییە ناوازەکانی خۆیان دەهێنن کە پیاوان ناتوانن، هەروەها سەرکەوتنی کۆمەڵگە لە بنەڕەتدا پەیوەستە بە سەرکەوتنی ژنان.
توندوتیژی پرسێکی ڕەگ و ڕیشەی قووڵە
زەلوخ ڕەشید ئاماژەی بەوەدا، کە توندوتیژی دژ بە ژنان هەر لە کۆنەوە پەیڕەو دەکرێت، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٥ هەزار ساڵ پێش ئێستا، تا ئەو کاتەی کۆمەڵگە ماتریاکییەکان هەڵوەشێنرانەوە و کۆمەڵگەی پیاوسالاری جێگەیانی گرتەوە، توندوتیژی پرسێکی ڕەگ و ڕیشەی قووڵە، هەروەها پێویستە بۆ چارەسەرکردنی وردەکارییەکانی وردبینەوە، بۆ بەرەنگاربوونەوە پێویستی بە ساڵانێک خەبات و بەرخۆدان هەیە.
جەختیشی لەوە کردەوە، کە توندوتیژی تەنها بە توندوتیژی جەستەیی سنووردار نییە، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ توندوتیژی خێزانی و کۆمەڵایەتی و پەیوەندیدار بە تەندروستی، کە لە ئەنجامی پشتگوێخستن و هەروەها توندوتیژی سیاسی لە ڕێگەی دوورخستنەوەی ژنان لە پۆستەکانی بڕیاردان.
ئاماژەی بەوەشکردووە، خێزان بچووکترین یەکەیە کە هەموو شتێک لێیەوە دەستپێدەکات، وتی: کاتێک خێزانەکان منداڵ بەشێوەیەکی دروست پەروەردە دەکەن، لەسەر بنەماکانی یەکسانی و دیموکراتیک، ئێمە نەوەیەکی دیموکراتیک بونیاد دەنێین، لە بواری پەروەردەدا دەبێت پێداچوونەوە بە بابەتەکاندا بکرێت بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای دیموکراتیک و کۆمەڵایەتی بێت بۆ ئەوەی دەستەبەرکردنی دەرچوونی نەوەیەک بێت کە لەو بیرۆکەیە تێبگات و قبوڵی بکات کە ژن ڕۆڵێکی یەکسانی بە ڕۆڵی پیاوان هەیە.
لە چوارچێوەی یاساییدا، پێویستە هەوڵەکان یەکبخرێن بۆ گۆڕینی ئەو یاسایانەی کە جیاکاری لە دژی ژنان دەکەن و نەهێڵن ڕۆڵی خۆیان بەجێبهێنن و بۆچوونەکانیان دەرببڕن، وتی: تا ژنان خاوەنی ئیرادە بن، دەتوانین بە ئامانجەکانمان بگەین.
زەلوخ ڕەشید ئاماژەی بەوەدا: کە پێشکەوتنی کۆمەڵگەکان بە ڕزگاری ژنان دەپێورێت، ئەگەر ژنان ئازاد نەبن و لە توندوتیژی نەپارێزرێن، کۆمەڵگەی دیموکراتیکی نامێنێت و لە ئەنجامدا کۆمەڵگەی پێشکەوتوو و شارستانی نامێنێت.