ژنانی حەلەب داوای بەردەوامی تێکۆشانەکانی ژنان دەکەن

ژنان لە گەڕەکی شێخ مەقسود لە حەلەب بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ژنانەوە هەست و سۆزی خۆیان دەربڕی و ڕایانگەیاند، بە دەستی ژنانی قارەمان، لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژوو دەنووسرێتەوە.

 

حەلەب - لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ژنان لە هەموو ناوچەکادا لە سەرجەم بوارەکاندا ڕۆڵی سەرەکیان گێڕاوە، ڕۆڵی سەرەکیان لە شۆڕشدا هەبووە، لەبەر ئەوەشە لە تەواوی جیهاندا شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان بە شۆڕشی ژنان ناسراوە، چیرۆکی تێکۆشانەکانی هەشتی مارس لە مێژوودا جارێکی دیکە دووبارە کرایەوە.

بە هاتنی هەشتی مارس ژنانی حەلەب باس لە هەستەکانیان دەکەن، گرنگیەکی تایبەت بەو ڕۆژە دەدەن، لە ڕێگای چاوی کامێراکانی ژنهاوە، هەستەکانی خۆیان دەردەبڕن، بەڵێنی بەردەوامی لەسەر تێکۆشانەکانیان بۆ ئازادی تەواوی ژنان تازە دەکەنەوە.

 

سیهام محەمەد، یەکێکە لە ژنانی شاری حەلەب، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ژنها باسی لەوەکرد، شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان گۆڕانکاری گەورەی لە کەسایەتی ژناندا کردووە، بووەتە هەوێنی گۆڕانکاری لە ناخی ژناندا.

 

سیهام دەڵێت، "پێش هەموو شتێک ئەم ڕۆژە بۆ هەموو ژنان پیرۆز دەکەین لەو کاتەوەی کە دەسەڵات گەشەی کرد و لە کۆمەڵگادا جێگیر بوو، کۆیلایەتی ژنان سەپێنراو ستەمێکی زۆر بەرامبەر ژنان ئەنجامدراوە، هەوڵیانداوە کە ژنان بە کەم سەیربکرێن، بەڵام لەگەڵ شۆڕشی ڕۆژئاوادا، جارێکی دیکە بەخۆدان و شۆڕش لە ناخی ژناندا سەری هەڵدایەوە، ئێستا بەردەوام هەنگاو بۆ پێشەوە دەنێین و هەموو ڕۆژێک دەکەینە هەشتی مارس".

 

 "ئەم ڕۆژە هەروا بە سادەیی بەدەست نەهاتووە"

جییان برکل، ژنێکی دیکەیە، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ژنانەوە بۆچوونی خۆی خستەڕوو، کە یادی تێکۆشانی ژنان لە هەشتی مارسدا لە ژیانی ژناندا ڕۆڵێکی گەورەی هەبوو، باس لەوەدەکات کاتێک دەگەڕێنینەوە بۆ مێژوو، ئەوە دەبینیت ئەم ڕۆژە هەروا بە سادەیی بەدەست نەهاتووە، بەڵکو ئەم ڕۆژە لەسەر بنەمای خەبات و قوربانیدان بۆ ئازادی دانراوە.

 

دەڵێت: ئێمەی ژنان لە حەلەب بۆ ئازادی هەموو ژنان هەنگاوی بەهێز هەڵدەنێین و خۆشەویستی ئەم ڕۆژە لە دڵماندا بە زیندوویی بۆهەمیشە دەمێنێتەوە، هەزاران ژن بە ڕۆحی هەشتی مارسەوە شەڕ دەکەن چیرۆکی ئێمەی ژنان لێرەدا کۆتایی پێنایەت، هەتا لاپەڕەیەکی سپی لە مێژوودا بێت دەستی قارەمانێتی ژنانی لەسەر دەنوسرێت.

 

ژنان توندوتیژی و دەستدرێژی لەسەر خۆیان قبوڵ ناکات

فاتمە حەسەن ژنێکی دیکەیە، هەشتی مارس بە تێکۆشانێکی گەورەی هاوبەشی ژنان دەنرخێنێت، کە ئەو ڕۆژە ڕۆژی ژنانی یاخییە بەرامبەر بەو نادادییەی بەرامبەریان ئەنجام دراوە، دەڵێت "ژنانی یاخی بەرخۆدانێکی بێ وێنەیان لە بەرامبەر بەدەستهێنانی ماف و ئازادییەکانیان ئەنجامدا".

فاتمە بە پێویستیشی زانی، کە هەشتی مارس تەنها بەبیر هێنانەوەیەک نەبێت، بەڵکو دەبێت ژنان هیچ کات بەرامبەر توندوتیژییەکان بێدەنگ نەبین، دەبێت هەڵگری فیکری ئازادبین، ئەگەر ژن ئازاد نەبێت، کۆمەڵگاش ئازاد نابێت.

ت.پ