ژنانی گەنج: سەدەی ٢١ کاتی ئەوەیە گۆڕانکاری بکەین

ژنانی گەنج توندوتیژی بەرامبەر هەر ژنێک بە توندوتیژی بۆ سەر خۆیان دەزانن، دەڵین توندوتیژییەکان بەردەوام نەوە دوای نەوە دەگوێزرێتەوە، بۆیە پێویسمان بە هۆشیاری زیاتر هەیە، دەبێت لە پەروەردەوە هەر لە قۆناغی سەرەتاییەوە جیاوازی نێوان کچ و کوڕ نەکرێت.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- ژنانی گەنج توندوتیژی بەرامبەر هەر ژنێک ئازاریان دەدات، بە توندوتیژی بۆ سەر خۆیان دەبینن، بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژییەکانیش بە ئەرکی خۆیان دەزانن، کە دەبێت کار بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان بکرێت.

 

ئاوا عیزەدین، قوتابییەکی ١٩ ساڵە، ئەو توندوتیژیانەی بەرامبەر هەر ژنێک دەکرێت و دەیبینێت ئەو لە ناخیدا ئازاری پێدەکێشێت، دەڵێت: "توندوتیژییەکانیش پێشتر بەرامبەر ژنانی ڕابردووی وەک نەنک و دایکمان کراوە، ئێستاش بەسەر ژناندا دووبارە دەبێتەوە."

 

باس لەوە دەکات، لە ڕابردوودا نەیانهێشتووە ژنان بخوێنن، هەر بە زوو هاوسەرگیریان پێکراوە و لێیان دراوە، توندوتیژییەکان زۆرجار لە لایەنی دەروونی و مێشکییەوەیە، کە قەلەقیان دەکەن و مێشکیان ماندوو دەکەن، ئیتر سەدەی ٢١ کاتی گۆڕانکارییە.

 

دەشڵێت "یەکەم ئەوەی ئێمە ئێستا لە دەستمان دێت هۆشیاکردنەوەی خەڵکە، دووەم هەوڵدانە بۆ ئەوەی یاساکانمان بگۆڕین چونکە توندوتیژیەکی زۆر بەرامبەر ژن دەکرێت لەلایەن یاساوە، پێویستیان بە چاککردنە".

 

سۆلین سالار، قوتابییەکی دیکەی ١٩ ساڵە، وتی: "پێویستە ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی بکرێتە ئەرکێک و هەمووان کاری بۆ بکەن، پێویستە کۆمەڵگا لە گرنگی و ڕۆڵی ژن هۆشیار بکرێنەوە، وەک ڕێزێک بۆ ئەو ژنانەی لە چواردەوری هەر پیاوێک هەیە."

 

ئەو وەک چارەسەر پەروەردە بە یەکێک لە ڕێگاکان دەزانێت، کە نابێت جیاوازی لەنێوان منداڵێکی کوڕ و کچدا بکرێت، "نابێت جیاوازی بکرێت لەنێوان کوڕێک و کچێکدا، کە دەچێت بە کوڕێک دەڵێیت تۆ پیاویت نابێت بگریت، ئەگەر کچێک بگری وای پیناڵێن، دەبێت هەر لە منداڵیەوە لەگەڵ پەروەردەکردندا ئەمە هەبێت دەبێت پێیان بڵێین کە یەکسانن".

 

تینا شوان ژنێکی گەنجی ١٩ ساڵە، ئەو دەڵێت کە مرۆڤ ئازادە، چۆن بە ئازادی لەدایکبووە، دەبێت بە ئازادیش بمرێت، هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە ژنێک ئازاربدات، جا دەروونی بێت یاخود جەستەیی.

 

تینا باس لەوە دەکات، ژنان بەردەوام لەلایەن کۆمەڵگاوە ئەرکەکانیان قورستر کراوە، ڕێگرییەکان بەرامبەریان زیاتر بووە، بۆ نمونە منداڵ بەخێوکردن و ئەرکی ماڵ، وە بە گونجاوی دەزانێت کە لە ڕووی دینی و ئەخلاقییەوە وانەی یەکسانی لە قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندندا بخوێندرێت، کە هەمووان یەکسانن.

 

"زۆر گرنگە کە مامۆستا هەر لە سەرەتاییەوە فێرمان بکات، هەردوولا مافمان هەیە و یەکسانین، لە زانکۆش گرنگیەکەی بە هەمان ئاستە".

 

ت.پ