ژنانی گەنج: هۆشیاربوون و خۆڕێکخستن کردن چارەسەری کێشەکانی گەنجانە

ژنانی گەنجی باشوری کوردستان دەربارەی کێشەکانی کۆچی گەنجان، ناڕەزایەتی خوێندکاران، گرنگی پەروەردە و چارەسەرییەکان قسەدەکەن، باس لەوەشدەکەن سیستم کار لەسەر تێکشکاندی گەنج دەکات.

 

تەوار پێنجوێنی

سلێمانی- کۆنفرانسی "گەنج و نیشتمان" لەلایەن سەکۆی گەنجانی کوردستان لە ٤ی کانوونی یەکەم لە سلێمانی بەڕێوەچوو، گەنجان باسیان لە کێشەکانی گەنجان و کاریگەری سیستمی سەرمایەداری، پەروەردە، میدیا و داگیرکاری لەسەر گەنجان کرد، لە بەشێكی دیکەی کۆنفرانسەکەدا چارەسەری و هەنگاوی دواتری سەکۆی گەنجان خرایەڕوو.

 

شەیدا رەئوف، ئەندامی لیژنەی ئامادەکاری کۆنفرانسەکە، باسی لەوەکرد لە ئێستادا هەوڵدەدرێت گەنج بێئینتیمای نیشتمانی بکرێت و هێز و ئیرادەی تێکبشکێنرێت، بۆیە کۆکردنەوەی گەنجانی چوار پارچەی کوردستان گرنگە بۆ یەکخستنەوەی هێزی گەنجان، شەیدا وتیشی" هەموو باس لە کێشەکان دەکات، بەڵام کەمترین چارەسەری دەخرێتەڕوو، ئێمە وەک کۆنفرانسی گەنج و نیشتمان ئامانجمان خستنەڕووی چارەسەرییە بێ ڕەچاوکردنی ڕەگەز و جیاوازی لایەنە سیاسییەکان ڕوو دەکەینە هەرشوێنێک کە چارەسەری بۆ گەنج پێبێت".

 

وەک گەنجێکیش جەختدەکاتەوە و دەڵێت "ئیتر کاتی چارەسەری کێشەکانە".

لێڤا عادل شەریف، خەڵکی شاری کەرکوک و خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە زمان و ئەدەبیاتی ئینگلیزی، ئاماژەی بەوەدا ئینتیمای نیشتمانی لە گەنجدا نەهێڵراوە و بێئومێد کراوە بۆیە گەنج نازانێت چ ئامانجێکی هەیە و ڕێگەی کۆچبەری بەرەو ئەوروپا دەگرێتە بەر بەو ئومێدەی لەوێ ژیانێک بۆخۆی دەستەبەر بکات، لێڤا وتیشی: "گەنج بێ ئامانج کۆچ دەکات و وادەزانێت هەموو گەنجێک لە ئەوروپا بەختەوەرە و ئایا ئامانجەکانی دیتەدی، بێگومان وەڵامی ئەمە نەخێرە، بەڵام گەنج لێرە و لە وڵاتی خۆمان دەتوانێت ئامانج بۆخۆی دابنێت و لەپێناویدا هەوڵ بدات، هەموو شتێک بە هەوڵدان دەکرێت".

 

لێڤا باس لەوەدەکات گەنجان بە یەک ڕێگا بە ئامانج نەگەشتوون، ناشکرێت پشت بە حکومەت و لایەنی سیاسی ببەستن بەڵکو دەبێت خۆیان ڕێگە بۆخۆیان و گەشتن بە ئامانجەکانیان دابنێن، "گەنج نابێت چاو لە ئەزموونی دیکە بکات و هیچ هەوڵێک نەدات چونکە سیستمێکی خراپ، ململانێی سیاسی هەیە و دەکرێت لە هەر دەقەیەکدا شەڕ ڕووبدات، ئەم کێشە و ململانێیانە لە هەموو وڵات و جێیەک بە شێوازی جیاواز هەیە، بۆیە دەبێت گەنجانمان ئامانج و هەوڵیان هەبێت و بزانن چیان دەوێت".

 

وەک چارەسەریش ئەو ژنە گەنجە دەڵێت دەبێت واز لە لۆمەکردن بهێنین و بەدوای کێشەکانمان بگەڕێین و بزانین بۆ کێشەکانمان وەک قوتابی، مامۆستا و کارمەند و... چارەسەرییەکان چین، "پێویستە چاوەڕێ نەبین چارەسەری بە ئامادەیی بێتە بەردەستمان، خۆمان بەدوایدا بگەڕێین".

 شەمیان ئیحسان، خوێندکاری کۆلێژی زانست بەشی بایۆلۆجییە، لە خۆپیشاندانی خوێندکاراندا بەشداربووە و باس لەوەدەکات یەکێک لە ئامانجەکانی خۆپیشاندانەکان داواکاری مافی خوێندکاران بوو، جوانییەکەشی ئەوەبوو هەموو خوێندکاران بەیەکدەنگ هاواریان بۆ مافەکانیان دەکرد و بێدەنگ نەبوون، دەربارەی بەردەوامی ناڕەزایەتییەکانیش دەڵێت: "کاتێک دەسەڵات و حزب تێکەڵ بە هەموو کایەکانی ژیان دەبێت، لە ڕێگەی خۆی لادەدات، کتێبخانە و شوێنی گشتی سوتێنران و وتیان خوێندکار بوون، بەڵام هەموو ئەو راستییە دەزانین کە خوێندکاری زانکۆ کاری وەها ناکات".

 

ئەو خوێندکارە ئاماژەی بەوەدا کە خۆپیشاندانەکان دەنگی خوێندکاران بوون بەڵام وەک هەموو جارێک لایەنە حزبییەکان بەلاڕێیاندا برد تا خوێندکار و هاوڵاتی سارد ببنەوە لە داوا و ناڕەزایەتییەکانیان، وەک چارەسەریش وتی: "پێویستە خوێندکار هۆشیار بکرێنەوە تا خۆپیشاندانەکان ڕێگەی باشی خۆی بگرێت و حزب دەستوەردان نەکات".

لانیاس عەتا، خوێندکاری زانکۆ، دەربارەی گرنگی خودپەروەردە کردن جەختیلەوە کردەوە کە گەنج تا خۆی پەروەردە نەکات ناتوانێت ببێتە خاوەنی خۆی، هەروەها گەنجێکی پەروەردەنەکراو دەبێتە کاڵایەکی کۆنتڕۆڵکراو، "تاکێکی خود پەروەردەکراو و خاوەن فکر ئەستەمە بەکاربهێنرێت بۆ مەرامی نامرۆڤایەتی و توندوتیژ، بۆیە دەسەڵات هەمیشە کۆنتڕۆڵی ئەو کەسانە دەکات کە کەمترین ئایدۆلۆژیا و خۆبەڕێوەبردنیان هەیە، بۆیە خۆپەروەردەکردنی گەنجان یارمەتیدەرە تا نەبنە یارمەتیدەری هیچ مەکینەیەکی تێکشکێنەری ئینسانیەت و نەبنە خشتێکی سیستمێکی فاشیل.

 

ئەو خوێندکارە تێگەشتن لە سیستمی سەرمایەداری بە پێویست سەیردەکات و دەڵێت دەبینین بەشێکی گەنجەکانمان سەرقاڵی کارێکن کە نازانن چییە، ژنانی گەنج دەیانەوێت ببنە فۆڕمێکی دیاریکراو لە شێوەی دەرەوەیان و بە پێوەری جوانی دادەنێت، "هەموو ئەمانە پێوەری سیستمی سەرمایەدارین تاکو تاک کۆنتڕۆڵ بکەن، بۆیە کاتێک گەنجێک سیستمی سەرمایەداری بناسێت دەتوانێت بەدوای چارەسەریشدا بگەڕێت و دژی بوەستێتەوە، تاکێکی هۆشیاریش دەتوانێت چواردەوری خۆشی هۆشیار دەکاتەوە".

چراخان چۆمانی، خەڵکی ناوچەی چۆمانە و خوێندکاری زانکۆیە، باس لە داگیرکاری و میدیا دەکات کە چۆن ئینتیمای نیشتمانییان لە گەنجدا لەناو بردووە، "داگیرکاری کاریگەری سەرەکی هەیە بۆ نەهێشتنی ئینتیمای نیشتمانی کورد، لە بادینان و شیلادزێ زۆرترین بازگەی دەوڵەتی تورکیای تێدایە و بەردەوام سنورەکان تۆپباران دەکرێت لەلایەن تورکیا و ئێرانەوە، گەنج ڕووبەڕووی بێئومێدی دەکاتەوە و پەنا دەبەنە بەر کۆچی بەکۆمەڵ".

 

چراخان ئاماژەی بەوەدا وەکو کوردێک بچیتە غەریبیش بەردەوام لە خەمی شوناسی نەتەوەکەتداین بۆیە دەبێت لێرەوە دەست بە گۆڕانکارییەکان بکەین، "چەندەها شۆڕشی وەک شێخ سەعیدی پیران و شۆڕشی نوێ و چەندانی دیکە هەبوون سەرباری تێبینییەکان لەسەریان بەڵام دووبارە ئومێد بوون، بۆیە گەنج دەتوانێت دووبارە خۆی بنیادبنێتەوە و هەستی نیشتمانی خۆی زیندوو بکاتەوە".

 

وەک خوێندکارێکی گەنج تیشکی خستەسەر دەوڵەتانی داگیرکار کە نەک تەنها بە ڕێی سەربازی، بەڵکو لە ڕێگەی ژینگە، هونەر، کلتور و میدیاشەوە هەوڵی داگیرکاری دەدات، چارەسەرییەکانیش لە دووبارە خۆڕێکخستنەوە و هۆشیاری و خاوەن فکری دەبینێت.

ت.پ