ژنانی عەفرین پێشوازی لە جەژنی ڕەمەزان دەکەن

ژنانی کۆچبەری عەفرین کە لە کامپەکاندا نیشتەجێ بوون، ئامادەکاری هاتنی جەژنی ڕەمەزان دەکەن و هیوای گەڕانەوەیان بۆ عەفرین بە زیندووی دەهێڵنەوە.

 

حەسنا محەمەد

شەهبا- لە ڕۆژانی کۆتایی مانگی ڕەمەزاندا، هاوڵاتیان ئامادەکاری هاتنی جەژنی ڕەمەزان دەکەن کە سێ ڕۆژە و کۆتایی بە مانگی ڕەمەزان دێت، لەو جەژنەدا ژنان بە ڕەنج و دەستی خۆیان شیرینی ئامادە دەکەن، جلوبەرگی نوێ بۆ منداڵان دەکڕن و بە دڵخۆشییەوە چاوەڕێی هاتنی جەژن دەکەن.

 

دانیشوانی عەفرین کە کۆچبەربوون بۆ ناوچەی شەهبا، ئەمە چوارەم جەژنە کە ئاوارە بوون لە شارەکەی خۆیان و هیوای گەڕانەوە بۆ شارەکەیان دەخوازن، هەموو ساڵێک ژنانی عەفرین بۆ پاراستنی کلتوری دایکیان بە دەستی خۆیان شیرینی دروستدەکەن و لە ڕۆژی جەژندا بۆ میوانانی دەگێڕن.

ئامادەکارییەکانی ژنانی عەفرین بۆ جەژنی ڕەمەزان

ئەو بەرهەمانەی بە دەستی ژنان ئامادە دەکرێن، تامیان جیاوازە و واتادارن، نازلی حەمۆ بۆ ئاژانسەکەمان دوا و وتی: "ئێستا ئامادەکاری جەژن دەکەین، پێداویستییەکانمان کڕیوە و لە ماڵەوە پسکیت بۆ جەژن ئامادە دەکەین، پسکیتەکان لە ئارد، شەکر، شیر، زەیت و هێلکە دروستدەکرێت، دوای دروستکردنی بە فڕن دەیبرژێنین، ئەو شیرینیانە لە ڕۆژی جەژندا بەسەر میوان و منداڵاندا دەبەخشینەوە، ئێمە پارێزگاری لە کلتوری دایکمان دەکەین و هیوادارین بگەڕێینەوە بۆ سەر خاک و ماڵی خۆمان".

هیوای گەڕانەوە بۆ خاک

هیوای عەفرینییەکان لە جەژنی ڕەمەزاندا ئەوەیە بگەڕێنەوە بۆ سەر خاکەکەیان، فاتمە شتلۆ بە هیواوە ئاماژەی بەوەدا: "کاتێک لە عەفرین بووین ئامادەکاری جەژنمان دەکرد، دوای  ئاوارەبوونیشمان دابونەریتی خۆمان پاراستووە و هەتا ئێستا بەردەوامین، ئێمە لە ئێوارەوە تا بەیانی هەویری پسکیتەکانمان دادەنێین و دواتر پسکیتەکان ئامادە دەکەین، کاتێک ماڵێک شیرینی دروستبکەن، دراوسێکان لێی کۆدەبنەوە و هاوکاری دەکەن، هیواشمان بۆ ئەم جەژنە ئەوەیە بگەڕێینەوە سەر خاکی خۆمان و جەژن پیرۆز بکەین.

 

ت.پ