ژنان زیانبەرکەوتووی یەکەمی شەڕی سودانن

لە جەنگ و ململانێکاندا، مەترسی تراوما زۆر دەبێت و زۆرجار بەهۆی نەبوونی هۆشیاری لەبەرچاو ناگیرێت، بەهۆی شەڕی چەند مانگەی سودانەوە ژنان زیان بەرکەوتووی یەکەمن.

میسا قازی

 

سودان- دیمەنەکانی توندوتیژی و ئاوارەبوونی بەزۆر و بۆردومان لە ماوەی شەڕی بەردەوام لە سودان جگە لە نەتوانینیان بۆ دەستگەیشتن بە پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەک ئاو و خۆراک و نیشتەجێبوون، یەکێکن لە دیارترین هۆکارەکان کە بوونەتە هۆی تراومای دەروونی بۆ ژنان.

 

نەماریق فەتح ڕەحمان، دەروونناس جەختی لەوە کردەوە کە شەڕی بەردەوام لە سودان کاریگەرییەکی زۆری لەسەر تەندروستی دەروونی ژنان هەبووە، وتی: لە ڕێگەی کارکردنم لە ماوەی ڕابردوودا لە کۆبوونەوەکانی پشتیوانی دەروونی بۆ ژنان و دانیشتووانی ئاوارە، ڕوون و ئاشکرایە کە جەنگەکە کاریگەرییەکی قووڵی دەروونی لە ڕووی ناسەقامگیری و سەلامەتییەوە دروستکردووە، هەروەها ژمارەیەکی زۆر لەو ژنانە هەن کە بەهۆی دیمەنی پێکدادان و تەرمەکان و وێرانکارییەکانەوە کە لە خەرتوومی پایتەخت ڕوویانداوە هێشتا لە دۆخێکی شۆک و گرژی و دڵەڕاوکێدان چونکە نەگەیشتوونەتە سەقامگیری دەروونی و ناوچەیەکی پارێزراو.

 

"پێویستە لە ڕاگەیاندنەکانەوە ئەم کاریگەرییانە کەم بکەینەوە"

سەبارەت بە چۆنیەتی کەمکردنەوەی ئەم کاریگەرییە وتی: پێویستە لە ڕاگەیاندنەکانەوە دەست پێبکەین، لەوانە بڵاونەکردنەوەی ترس و تیرۆر، هەروەک لە ماوەی ڕابردوودا تێبینیمان کرد کە چەندین وێنە هەیە کە بڵاودەکرێنەوە و بڵاوکراونەتەوە، دەرکەوت کە ئەوان بە هیچ شێوەیەک پەیوەندییان بەوەوە نییە کە لە سودان ڕوویداوە، ئەو ترسانەی لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەوە بڵاودەکرێنەوە دەبێت ڕێگەری لێ بکرێت و بە بڵاوکردنەوەی پەیامی ئەرێنی کۆتایی پێ بهێندرێت، هەروەها کۆبوونەوەی پشتیوانی دەروونی هەیە کە لەلایەن زۆرێک لە ڕێکخراوەکان و لەلایەن زۆرێک لە لیژنەکانی گەڕەکەوە ئەنجام دەدرێت بە هەماهەنگی لەگەڵ دەروونناسەکان کە کار دەکەن بۆ هاندانی ژنان بۆ ئازادکردنی تراوما و فشاری دەروونی و گفتوگۆکردن لەسەر واقیع و شێوازی مامەڵەکردنی باشتر.

لە لایەکی دیکەوە، دەروونناس ئیعتیدال وەراق ڕوونیکردەوە، ئەوانەی زۆرترین کاریگەری دەروونیان لەسەرە لە کاتی جەنگ و قەیرانەکاندا ژنانن، بۆیە دەرچوونیان لە ماڵەکانیان کاریگەرییەکی زۆری لەسەر دەبێت، هەروەها ژنانی ئاوارە لە ناوچەکانی ئاوارەبوون دەناڵێنن، چونکە ڕووبەڕووی فشاری زۆر دەبنەوە، بەتایبەتی لەو کۆمەڵگەیەدا کە پیاوان ڕۆژەکانیان لە دەرەوەی ماڵەکانیان بەسەر دەبەن و لە ئێستادا لە ماڵەکانیان دەمێننەوەو دەبنە هۆکاری فشار و توندوتیژی بۆ ژنان.

 

سەبارەت بە دەستپێشخەرییەکەی وتی: لە ڕێگەیەوە باسی پەیوەندییە پارێزراوەکان کراوە چونکە ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانی مەدەنی ئاوارە بوون و لە ڕووی دەروونییەوە زیانی زۆریان بەرکەوتووە، ئەمەش لەوانەیە بەبێ مەبەست ڕووبدات و لەبەر ئەوەی ئاوارەکان لە دۆخێکی سەختدان، دەبێت خانەخوێکان ئەم میوانە قبوڵ بکەن و ئەگەر نەیانتوانی، دەبێت بەڕوونی دەریببڕن.