"ژنان زیانبەرکەوتووی یەکەمی پەیج و ئەکاونتە سێبەرەکانی تۆرە کۆمەڵایەتییەکانن"

شۆخ ئیسماعیل، توێژەری کۆمەڵایەتی دەڵێت: زیانبەرکەوتووانی تۆڕی کۆمەڵایەتی بەدەر لە کەسانی ئاسایی، کەسانی بە ناوبانگ و چەندین ئەکتەری دیاریشی گرتووەتەوە، دانانی قسەی نەشیاو ناشرین لەسەر کەسایەتیە دیارەکان دەبێتە هۆکاری تێکدانی کایە هونەرییەکان.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی_ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان جیهانێکی گەورەی ئەلکترۆنییە و ئاسانکارییە بۆ بڵاوکردنەوە و گەیاندنی زانیاریەکان بە جیهانی دەرەوە و تاکەکانی کۆمەڵگە، بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دەتوانن سوود بگەیەنن بە چواردەوریان لە هەمان کاتیشدا دەتوانن زیان بە کۆمەڵگە بگەیەنن، ڕێژەی زۆری بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و نەبوونی دانانی فلتەر و یاسایەک بۆ بەکارهێنەران کێشەی کۆمەڵایەتی دروست کردووە.

 

شۆخ ئیسماعیل، توێژەری کۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوەکرد، ناشرین بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن بەشێک لە بەکارهێنەرانیەوە دەگەڕێتەوە بۆ پەیداکردنی ناوبانگی تاکە کەسی بەهەرجۆر و هۆکارێک بێت هەوڵ دەدرێت بۆ پەیداکردنی ناوبانگ، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سود و زیان دەگەیەنێت بە بەکارهێنەرانی، بەکارهێنەران دەتوانن سوودمەند بن لە لایەنی تەندروستی یان ڕاپەڕاندنی کاری ڕۆژانەیان، پزیشکێک دەتوانێت لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە زانیاری بدات.

 

"نەبونی یاساو فلتەر کێشە دروست دەکات"

شۆخ ئیسماعیل وتیشی: پشاندانی بابەتەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بەبێ دانانی یاسایەک بۆ بڵاوکردنەوەی کێشە دروست دەکات، بەبێ فلتەر کردنی بابەتەکان و دابەزاندنیان لە لایەن هەموو تەمەنێکەوە دەبێتە هۆی بەجێهێشتنی کاریگەری خراپ لەسەر چینی منداڵان، وادەکات تێروانینی بۆ بابەتەکان بە شێوازێکی دیکە بێت هەروەها تێڕوانینی بۆ بابەتەکان بە بیرێکی گەورانە بێت.

 

"پەیجە سێبەرەکان وەک جەنگی سارد بەڕێوەدەبرێن"

شۆخ ئیسماعیل، توێژەری کۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوەشکرد، تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بە جۆرێک بەکارهێنەران وابەستەی خۆی دەکات وابەستەی ژیانێکی دیکە دەبێت، هەروەها بەشێکی زۆر لە کێشەکانی ناو تۆڕی کۆمەڵایەتی دەگەڕێتەوە بۆ دانان و بەڕێوەبردنی چەندین پەیجی سێبەری لە لایەن دەسەڵاتەوە، سەرقاڵکردنی هاوڵاتیان بە ژیانی ڕۆژانەی کەسانی دیکەوە لەلایەن کەسانی دیارەوە گرفتی بۆ تاک و خێزانەکان دروست کردوە، هەروەها زیادبوون و هەبوونی پەیجە سێبەرەکان لە ناو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا جارێکی دیکە پشێویەکی گەورە دەنێتەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا، بۆ بەلاڕێدا بردن و سەرقاڵکردنی گەنجان بە چەندین بابەتی دوور لە ڕاستی، تا بتوانن وابەستەی کولتوور و کۆمەڵگەیەکی دیکەیان بکەن، لە ڕووە ئەکادیمیەکەیەوە بە جەنگی سارد ناو دەبرێت.

 

وتیشی: بەشێک لە بەشداربووانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ بەدەستهینانی ناوبانگ و بڕە پارەیەک دەبنە هۆکاری تێکدانی کۆمەڵگە و دابونەریتی کۆمەڵگە، هەروەها پەشێک لە بەناوبانگەکان بوونەتە هۆکاری نەمانی تایبەتمەندی کەسی لە ڕێگەی باسکردنی ژیانی ڕۆژانەی خۆیان بۆ بە کارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان.

 

"بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەبنە قوربانی"

شۆخ ئیسماعیل، ئاماژەی بەوەکرد نەبوونی پەیڕەوکردنی یاسا و سزایەکی تۆکمە بۆ بە کارهێنەرانی تۆڕی کۆمەڵایەتی، هۆکارێکی دیکەیە بۆ خراپ بەکارهێنانیی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، هەروەها بە ڕێژەیەکی کەم سزای خراپ بەکارهێنەرانی تۆڕی کۆمەڵایەتی دەدرێت، وتیشی: لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا ڕۆژانە بەرچاومان دەکەوێت هەموو تەمەنەکان بەشداری کردنەوەی لایڤەکانی ناو ئەپی تیکتۆک دەکەن، لە ئێستادا کەسانی بەتەمەن بەشداری دەکەن و دەبیتە هۆکاری گرژی لە نێوان کەسەکاندا، هەروەها باسکردنی ژیانی ڕۆژانەی خۆیان لە ناو تۆڕی کۆمەڵایەتیدا بووەتە هۆی تێکچوون و لەبەر هەڵوەشاندنەوەی خێزانەکان، نەبوونی یاسایەک یاخود نەبونی چەند بەربەستێک بۆ نەمانی ئەم دیاردەیە نییە تا بتوانن داوای قەرەبوو مافی خۆیان بکەن.

 

"دایک و باوکان دەبێت ئاگاداری منداڵەکانیان بن"

ئەو توێژەرە وتیشی: منداڵانیش بێبەش نین لەم زیانە ئەلکترۆنیانە، کاتێک دایک یان باوک ئامێرێکی ئەلکترۆنی دادەنێت دەبێت ئاگاداری شێوازی بەکار هێنانی بێت، هەروەها دایکان و باوکان ئاگادار بن لەوەی منداڵەکانیان تا چەند ئامێرە ئەلکترۆنیەکان بەکار دەهێنن، ئاگاداربن منداڵەکانیان سەرسامن بە چ کەسایەتییەک و لەگەڵ کێدا گفتوگۆ دەکەن، بۆیە دەبێت منداڵان کاتیان بۆ دیاری بکرێت تا چەند دەتوانن ئامێرەکان بەکار بهێنن و لژێر چاودیرییدا بن.

 

" ژنان و منداڵان زیانبەرکەوتووی یەکەمی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانن"

شۆخ ئیسماعیل، باسی لەوەشکرد، هەبوونی چەندین پەیج و ئاشنا بوونی لە ناکاوی کۆمەڵگە بۆ زۆرێک لە کەسانی دیاری ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، زیانێکی گەورەی لەسەر کۆمەڵگە دەبێت، هەروەها ڕیکلام کردنی چەند بابەتێک کە وەها دەکات بەشێک لە هاوڵاتیان و گەنجان بەلاڕێدا بچن، وتیشی: لە ئێستادا مۆدێلەکان ژیانی خۆیان لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە بڵاو دەکەنەوە، بەڕێژەیەکی زۆر کاریگەری لەسەر گەنجان جێدەهێڵن و وەها دەکات گەنجان چاو لە کارەکانیان بکەن و هیچ کات خۆیان قبوڵ نەبێت، هەبوونی ئەم پشێویە لە ناو گەنجاندا دەبێتە هۆی بەلاڕێدا چوونی کۆمەڵگە، هەروەها ژنان زیانبەرکەوتووی سەرەکیین لە ناو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا، بەشێک لە ژنان بە هۆی چاولێکردنیان و ڕازی نەبوونیان بە سروشتی خۆیان بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدان بە چەندین شێوە سروشتی خۆیان دەستکاری بکەن،  ژنان لە کۆمەڵگەی ئێمەدا بەهۆی ئەقڵیەتی پیاوسالاری زیانبەرکەوتووی یەکەمن، ژنان لە ژێر ناوی شەرەفدا لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە چەندین هەڕەشە و تووندووتیژی قبوڵ دەکەن، کاتێک کەسێک هەڕەشە لە ژنێک دەکات بەهۆی بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی و یاخود هەڕەشەکردن بە ئەنجام نەدانی چەندین کار بۆیان،  پەنا دەبەنە بەر شاردنەوەی بابەتەکە و ئاشکرا نەبوونی و قبوڵ کردنی هەر ڕێگەیەک کە تۆمەتبار بۆی دادەنێت، هەبوونی ئەم کێشانە دەبێتە هۆی تێکچوونی باری دەرونی ژنان و هەندێک جار پەنا دەبەنە بەر خۆکوشتن.

 

"بەشێک لە ڕاگەیاندنەکان بونەتە هۆکاری نانەوەی پشێوی"

شۆخ ئیسماعیل، ئاماژەی بەوەدا، زیانبەرکەوتووانی تۆڕی کۆمەڵایەتی لە کەسانی ئاسایی دەرچووە و کەسانی بەناوبانگ و دیاریشی گرتووەتەوە، لە ڕێگەی پەیجە سێبەرەکانەوە قسەی نەشیاو دادەنرێت و لەسەر کەسایەتییان کاریگەری دەبێت و دەبێتە هۆی تێکدانی کایە هونەری و کولتوورییەکانیش، لە هەموو وڵاتێکدا کایە هونەریەکان و کەسانی هونەری وەک سومبولێکی وڵات لێیان دەڕواندرێت، بەڵام بەداخەوە بەشێک لە ڕاگەیاندن و پەیجەکان دەبنە هۆکاری نانەوەی پشێوی لە نێوان کەسە دیارەکان و هونەرییەکاندا، بۆ دەستکەوتنی چەند شتێکی لاوەکی هەڵدەستن بە ئەنجامدانی ناکۆکی لەنێوان دوو کەسدا یاخود دوو کەسایەتی دیار کە دەبێتە هۆی لە کەدارکردنی کاری هونەریان.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا شۆخ ئیسماعیل وتی: هەر تاکێک دەبێت لە خۆیەوە دەست بکات بە لابردنی ئەو پایجانەی بە خراپی بەکار دەهێندرێن، پێویستە دایکان و باوکان چاودێری ئەکاونتی منداڵەکانیان بکەن و بەردەوام هۆشیاریان بکەنەوە، هەروەها کردنەوەی سیمینار لە قوتابخانەکاندا بۆ هۆشیارکردنەوەی منداڵان و گەنجان، یان دروستکردنی کورتە ڤیدیۆی زانیاری دەربارەی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەشێکن لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و گەنجان.