ژنان لە باشووری لوبنان: لە نێوان گەڕانەوە و لەناوچوون
لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان و گەڕانەوەی خەڵک بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، زۆرێک لە خێزانەکان ڕووبەڕووی واقیعێکی سەخت بوونەتەوە: ماڵی وێران، خەونی شکاو، بەڵام سەرەڕای ئەمەش هێشتا هیوای ژیانێکی ئارام و بەردەوامیان هەیە.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2025/02/20250206-jpg449923-image.jpg)
فادیا جومعە
لوبنان- شەڕی باشووری لوبنان و پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و حزبوڵای لوبنان لەم دواییانەدا نائارامی گەورەی ناوچەکەی لێکەوتەوە، دوای ڕێککەوتنی ئاگربەست لە نێوان حزبوڵا و ئیسرائیل، هەزاران کەس کە لە ناوچەکە هەڵاتبوون، گەڕانەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بەڵام گەڕانەوە بۆ تێکەڵەی هەست و سۆزەکانی نێوان خۆشی و دڵتەنگی، خەڵک بە هیوای ژیانێکی سەلامەت و ئارام دەگەڕانەوە، بەڵام ماڵ و گوندەکانیان بینی کە وێران بوون.
ئەو گوندانەی لە دوای شەڕەوە وێران بووبوون، وەک لاپەڕەیەکی نوێ لە پەرتوکێکی نەنووسراودا بوون، ئەو ژنانەی دوای شەڕ گەڕانەوە ماڵەکانیان، کاردانەوەی جیاوازیان هەبوو بەرامبەر بەو دیمەنانەی کە ڕووبەڕوویان بووەوە، هەندێکیان تووشی شۆک بوون، هەندێکیان بە ئیرادە و هەندێکیشیان بە ڕۆحی بەرەنگاربوونەوە مامەڵەیان دەکرد.
چیرۆکی گەڕانەوەی ژنان
شەریفە هاشم خەڵکی گوندی نەکورە لە باشووری لوبنان، کاتێک گەڕایەوە ماڵەوە بۆی دەرکەوت کە ماڵەکەی بە تەواوی وێران بووە، بەڵام هێشتا پێیوایە خەباتی منداڵەکانی لە دژی هێزەکانی ئیسرائیل خاکی ئەوانی ڕزگار کردووە و ولەم بارەیەوە وتی: ڕەنگە ماڵەکەمان بەتەواوی وێران بووبێت، بەڵام هەر لەسەر زەوییەکەمان دەمێنینەوە، بەهۆی خۆڕاگری منداڵەکانمانەوە گەڕاینەوە ئێرە و هەرگیز ئەم زەوییە بەجێناهێڵین.
ئەو ئازارانەی کە ناتوانرێت دەرببڕدرێن، بەردەوامن
ژنێک بە ناوی نەجمە فەرەح خەڵکی گوندی ئەلمە شاب باسی لەوە کرد کە ڕووخانی ماڵەکەی دڵی شکاندووە و وتیشی: هەموو شتێک لە گوندەکەدا نەماوە، ئێمه تووشی ئازارێک بووین که گوزارشت ناکرێ، چەند دڵتەزێنە لەبەردەم ماڵەکەتدا بوەستیت و تەنها وێرانە ببینیت، لە هەموو گۆشەیەکدا، یادەوەرییەکانمان هەبوون، ژیانمان بە هەوڵێکی زۆرەوە بونیاد نراوە، ئێستا هەموو شتێک تێکچووە.
نەجمە ڕوونیکردەوە کە بارودۆخی ئێستای باشووری لوبنان دەرئەنجامی ئەو سیاسەتە سیستماتیکانەیە کە ئیدارەی لوبنان جێبەجێی دەکات و هەروەها وتی: گەل بووەتە قوربانی ئەو سیاسەتمەدارانەی کە تەنیا بیر لە بەرژەوەندیی خۆیان دەکەنەوە.
بانگەواز بۆ جیهانی عەرەبی
هاوکات دانیشتوویەکی گوندی سنووری زاهیریە کە ناوی سەبرین فەنسە، باسی لەوە کرد کە بە هیوا و دڵخۆشن بە گەڕانەوەیان بۆ ماڵ و حاڵی خۆیان، بۆ ئەوەی ئەم خۆشبەختییە بەردەوام بێت، حکومەتی لوبنان پێویستی بە ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە هەیە و وتیشی: داوا لە حکومەتی لوبنان دەکەین پرد و بەنداو دروست بکەن بۆ ئەوەی ناوچە وێرانبووەکان ئاوەدان بکرێنەوە، بۆ کەمکردنەوەی ئەو ئازارانەی کە بەهۆی شەڕەوە هاتوونەتە ئاراوە، جیهانی عەرەبی پێویستی بە یەکگرتوویی هەیە، ئێمەی ژنان بڕیارمانداوە بەردەوام بین لە بەرخۆدان و تێکۆشان لە دژی هەموو ئەو پراکتیزانە کە مافەکانمان پێشێل دەکەن.
ژنان درێژە بە خەبات دەدەن
لە باشووری لوبنان، لە هەموو گۆشەیەکی ناوچەکە هەست بە پەڵەی ئازاربەخشی شەڕ دەکرێت، ژنان نەک هەر گەڕانەوە بۆ ماڵەکانیان، بەڵکو بەرپرسیارێتی ئاوەدانکردنەوەی کۆمەڵگەیان لە ئەستۆ گرت، هەندێکیان بڕیاریان داوە لە ڕێگەی بەرخۆدانەوە ژیان سەرلەنوێ دەستپێبکەنەوە، هەندێکیشیان ماتەمینی بۆ زیانەکانیان دەگێڕن، بەڵام هەمووان دەڵێن ژنان پێویستە بەهێز بن و بەرگری لە مافەکانیان بکەن، ژنانی لوبنانی دەڵێن، دژی ئەو وێرانکاریانەی شەڕ کە دروست بووە، دەجەنگن و بنەماڵەکانیان دەپارێزن و بەردەوام دەبن لە خەبات.