"ژنان دەتوانن هێزی جەنگبن، لە ڕۆژئاوا بۆ پاراستنی خاکەکەیان دەجەنگن"
شنە نووری، نووسەر لە بارەی هێزی ژنان لە مێژوودا دەڵێت: ژنی کورد سەرکردە و بەڕێوبەری خێزان بووە لە مێژوودا، لە ئێستاشدا ژنانی شەڕڤان لە ڕۆژئاوای کوردستان بە ڕۆحییەتێکی ژنانەوە پارێزگاری لە خاکەکەیان دەکەن.
دیدار شەهلا
سلێمانی- هێرش و داگیرکاریی تورکیا لەبن نایەت، ئەو دەوڵەتە دژە مرۆڤە بووەتە هۆی ئاوارەبوونی دووبارە و سێبارەی چەندین خێزان لە ناوچە کوردنشینەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لەم بارەیەوە هەڵوێست و ناڕەزایەتییەکان لە باشووری کوردستان بەردەوام لە زیادبووندایە، هەر سەبارەت بەم پرسە لە شاری سلێمانی چەندین هەڵمەت بۆ کۆکردنەوە و گەیاندنی هاوکاریی بە کوردانی ڕۆژئاوا ڕاگەیەندراوە و نووسەران و ڕووناکبیرانی کورد بەردەوامن لە دەربڕێنی هەڵوێستەکانیان.
"پێویستە زمان و نەتەوە جیاوازەکان بپارێزرێن"
شنە نووری، نووسەر و ڕاهێنەری بواری کەسێتی ناسی، لەبارەی دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان و چاو هەڵنەهاتنی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەرامبەر بە کوردان و بەردەوامی هێرش و پەلامارەکان وتی: داگیرکارییەکان بۆسەر کورد شتێکی نوێ نییە و لە مێژووەوە تا ئێستا بەردەوامی هەبووە و ئێمە بەردەوام ئەزموونی ئەم ئازارە خەمگینەمان کردووە و بەری کەوتووین، لە ئێستادا هاوزمان و هاونیشتمانیانمان لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەزموونی دۆخێکی قورس دەکەن و ڕووبەڕووی داگیرکارییەکان دەبنەوە، بە بۆچوونی من نەک هەر ئەو کەسانەی کە هەست بە ئینتیمای نیشتمانی دەکەن، بەڵکو لەسەر ئەو کەسانەش ئەرکە کە هەڵوێستییان لە بەرامبەر ئەم هەوڵانە بۆ لەناوبردنی نەتەوەیەک هەبێت کە تەنیا هەستی مرۆڤایەتییان تێدایە، چونکە پێویستە جیاوازی نەتەوە و زمانە جیاوازەکان بپارێزرێن و بمێننەوە.
"گەر نووسەران ڕۆڵی خۆیان بەجێنەهێنن، مێژووش بە باشی باسییان ناکات"
هاوکات لەبارەی هەڵمەتەکانی هاوکاری لە باشووری کوردستان بۆ گەیاندنی هاوکاری بە ڕۆژئاوای کوردستان و ڕۆڵ و ئەرکی نووسەر و ڕۆشنبیران لە بەرامبەر دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان و پاراستنی ڕاستی ئەم ڕووداوە مێژووییە، بەم جۆرە درێژەی بە قسەکانیدا: زۆر گرنگە کە سنوورەکان بە ڕووی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستاندا بکرێنەوە، چونکە وەک کوردێک لە پارچەیەکی تری کوردستان چۆن دەبێت پارچەکەی ترت قبووڵ نەبێت و نەیپارێزیت، ڕۆڵ و ئەرکی نووسەر و ڕۆشنبیرەکانیشە لەم کاتانەدا ببنە زمانحاڵی گەیاندنی دۆخەکە بە خەڵک و پاراستنی مێژووی ئەم کارەساتە، گەر وا نەکەن تەنانەت مێژووش بە باشی باسیان ناکات.
"ئەگەر دەوڵەتانی زلهێز لافی مافی مرۆڤ لێدەدەن، با ژنان و منداڵان لە جەنگەکانا بپارێزن"
شنە نووری ئەوەشیخستەڕوو، ژنان و منداڵان بەرکەوتەی جەنگن و لەم بارەیەوە بە پێویستی زانی ژنان زیاتر پەرە بە توانایی خۆیان بدەن، تا بتوانن خۆیان بپارێزن و وتیشی: بە درێژایی مێژوو هەوڵی چەوساندنەوەی ژنان دراوە لەلایەن هێزێکەوە کە خۆی بە بەهێزتر لە ژنان دەزانێت، بۆیە لە جەنگەکانیشدا ژنان و منداڵان دەبنە یەکەمین زیانبەرکەوتوو، من بە پێویستی دەزانم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم بیرۆکەیە، ژنان زیاتر پەرە بە تواناییەکانیان بدەن و خۆیان پێش بخەن، هەروەها گەر دەوڵەتانی زلهێزی وەک ئەمریکا و ئەورووپا لافی ئەوە لێدەدەن کە مافی مرۆڤ و مافی ژن هەیە، ئەوە با لەم بارودۆخەدا ژنان و منداڵەکان بپارێزن.
"ژنی کورد لە مێژوودا ژنێکی بەهێز بووە"
باسی لەوەشکرد کە ژنانی کورد بە درێژایی مێژوو ژنی بەهێز بوون و توانیویانە سەرکردایەتی خێزان و کۆمەڵگە بکەن و لە کۆتایی قسەکانیدا شنە نووری وتی: هەر وەک چۆن ژنان توانیویانە ماڵ و خێزان بەڕێوە ببەن، بەو جۆرەش دەتوانن هێزی جەنگ بن بە ڕۆحییەتێکی ژنانەوە، وەک چۆن دەبینین ژنە شەڕڤانەکانمان لە ڕۆژئاوای کوردستان بە جلوبەرگی سەربازیی و بە پەلکە هۆنراوەکانی سەریانەوە وەک ژنێک بۆ پاراستنی نیشتیمانەکەیان دەجەنگن.