ڕۆژنامەنووسان: جیاوازی لەنێوان دەزگا ڕاگەیاندنەکان دەکرێت

بەپێی ئامارەکانی سەرنتەری میترۆ لە ماوەی سێ مانگی بانگەشەی هەڵبژاردندا ٤١ پێشێلکاری بەرامبەر ٣٦ ڕۆژنامەنووس ئەنجام دراوە، ڕۆژنامەنووسانیش هۆکاری ئەو پێشێلکاریانە بۆ جیاوازی نێوان دەزگا ڕاگەیاندەکان دەگەڕێننەوە.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی ڕۆژنامەنووسان دوو ڕۆژ بەرلە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماری پێشێلکاری بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان لە سێ مانگی بانگەشەی هەڵبژاردندا بڵاوکردەوە، بەپێی ئامارەکان ٤١ پێشێلکاری بەرامبەر ٣٦ ڕۆژنامەنووس کراوە.

 

پێشێلکارییەکان خۆیان دەبیننەوە لە هێرش و سوکایەتی، زەوتکردنی کەلوپەلی ڕۆژنامەوانی، دەستبەسەرکردن بەبێ بڕیاری دادگا، ڕێگریکردن لە ڕوماڵ، پڕکردنەوەی بەڵێننامە بە ڕۆژنامەنووسان و تەقە لێکردن.

 

ڕۆژنامەنووسان هۆکاری ئەو پێشێلکارییانە بۆ جێبەجێنەکردنی یاسا ڕۆژنامەوانییەکان و جیاوازی نێوان دەزگا ڕاگەیاندنەکانی دەگەڕێننەوە.

زوهرە عەلی، پەیامنێری کەناڵی ئێن ئاڕ تی، باس لەوەدەکات کە ڕۆژنامەنووسان بەردەوام لە بەشی پێشەوەی ڕووداو و خۆپیشاندانەکاندان، بەڵام بەردەوام ڕووبەڕووی زۆرترین پێشێلکاری و لێدان و ئازاردان دەبنەوە، لە کاتێکدا ئەوان کێشە و بارودۆخی هاوڵاتیان دەگوازنەوە.

 

یاسا ڕۆژنامەوانییەکان جێبەجێناکرێن

هۆکاری ئەم پێشێلکاریانەشی بۆ جێبەجێنەکردنی یاسا ڕۆژنامەوانییەکانی دەگەڕێنێتەوە، لەوانە یاسای ژمارە ٣٥ ساڵی ٢٠٠٧ کە مافی ڕۆژنامەنووسانی تێدا پارێزراوە، بەڵام وەک باسی دەکات تا ئێستا کار بەو یاسایانە ناکرێت.

 

زوهرە  پێشێلکاریەکان دەخاتە ئەستۆی ئەو حزبانەی لە دەسەڵاتدان، کە پێشێلکاری بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان ئەنجام دەدەن، "پێشێلکاریەکانیش زۆرترین جار بەرامبەر ئەو ڕۆژنامەنووسانە دەکرێت کە سەربەخۆن یاخود سەر بە ئۆپۆزسیۆنن، ئەمەش لەبەر ئەوەی لە رێگای مایکی ئەوانەوە شتێک دەچێتە پەخشەوە کە ئەوان قبوڵیان نییە".

 

هاوکات باس لەوەش دەکات، ڕۆژنامەنووس زۆر جار لەلایەن هاوڵاتیانەوە پێشێلکارییان بەرامبەر دەکرێت، کە هاوڵاتیان بە جۆرێک قسە دەکەن، وەک ئەوەی کە ڕۆژنامەنووسەکان کارەکانیان جێبەجێناکەن و داواکاری هاوڵاتیان بە دەسەڵات ناگەیەنن، لە کاتی جێبەجێنەکردنی داواکاریەکانیان، هاوڵاتیان بۆ ڕۆژنامەنووسەکەی دەگەڕێننەوە نەک دەسەڵات.

ڕێگری لە میدیای ئەلیکترۆنی دەکرێت

ژیلیا عەلی، پەیامنێری دیپلۆماتیک مەگەزین، کە میدیایەکی ئەلیکترۆنییە و بەشێکی زۆری ڕووداوەکان بە ڕاستەوخۆ دەگوازنەوە، باس لەوەدەکات، کە جیاوازی لەنێوان میدیا ئەلیکترۆنییەکان و تەلەفزیۆنەکاندا دەکرێت، زۆر جار ئەوان وەک میدیایەکی ئەلیکترۆنی پێشێلکارییان بەرامبەر دەکرێت و ڕێگا نادرێت ڕووداوەکە ڕووماڵ بکەن.

 

ئەویش هاوشێوەی زوهرە عەلی، بەشێکی هۆکاری ئەو پێشیلکاریانە بۆ جیاوازی نێوان دەزگا ڕاگەیاندنەکان دەگەڕێنێتەوە، کە ئەو دەزگایانەی سەر بە دەسەڵاتن زیاتر زانیارییان پێدەدەرێت و ڕێزیان لێدەگیرێت.

 

دەڵێت "ڕاستە ژنانی ڕۆژنامەنووسیش زانیاری بەدەستدەهێنن، هەندێک جاریش ژنان ئیستغلال دەکرێن و زانیاریان بە ئاسانی دەستناکەوێت".

 

وەک ڕۆژنامەنووسێکیش پێی وایە، دەبێت ڕۆژنامەسان پاڵپشتی یەک بکەن و تەبا بن، ئەگەر پاڵپشتی یەک بکەن ئەوا کەس ناتوانێت پێشێلکاری بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان بکەن.

 

ت.پ