"ژن، ژیان، ئازادی" شۆڕشێکی جیهانی کە سنوورەکان دەبەزێنێت
ژنان لە سەرانسەری جیهاندا ئیلهامیان لە شۆڕشی بوێرانەی "ژن، ژیان، ئازادی" وەرگرت بۆ ئەوەی دژی توندوتیژی و ستەمکاری بوەستنەوە، بە دروشمەکەی هەموو ژنان بەرەو ئازادی و مافەکانیان دەبات.

نور ئەحمەد
ڕەققە – ئیعتیماد ئەحمەد، ئەندامی ئەنجومەنی ژنانی سووریا دووپاتی کردەوە، کە شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" پاڵپشتی و هاودەنگی جیهانی وەرگرتووە، یەکخستنی وزە و ئیرادەی ژنان بەبێ ئەوەی سنووری جوگرافی ببێتە بەربەست.
١٦ی ئەیلو٣ل سێهەمین ساڵڕۆژی کوشتنی ئەو ژنە گەنجە کوردەیە بە ناوی ژینا ئەمینی لە لایەن بەناو "پۆلیسی ئەخلاقی" ئێرانەوە بە هۆی نیشاندانی تاڵێکی قژی، ئەم ڕووداوە بووە هۆی شۆڕشێکی ژنان لە ئێران دژی مامەڵەی ستەمکارانەی ڕژێم لەگەڵ ژنان کە هاودەنگی و پشتیوانی ژنانی جیهانی لە دەوری دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" وەرگرت.
"شۆڕشێک کە سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی تێپەڕاند"
ئیعتیماد ئەحمەد، ئەندامی ئەنجومەنی ژنانی سووریا، وتی: ژینا ئەمینی قوربانی عەقڵیەتی پاوانخوازی ئێران بووە، دەسەڵاتدارانی ئێران یاسا و ڕێسای ناڕەوا دژی ژنان لە هەموو لایەنەکانی ژیاندا جێبەجێ دەکەن، بە دەستوەردان لە شێوازی جل و بەرگیان و سەپاندنی باڵاپۆشی بەسەریاندا، بە پشت بەستن بە پاشخانی ئایینی توندڕەو، ژیانی تایبەتی ژنان پێشێل دەکەن، ڕوونیکردەوە، کە پرسەکە لە پۆشینی جلوبەرگدا نەوەستاوە، ەڵکو دەسەڵاتداران مافی خوێندن و کارکردنیان لە ژنان بێبەش کردوە، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ئەو دەسەڵاتانە ڕاستەوخۆ دوژمنایەتی ژنان دەکەن لە ڕێگەی ئەو توندوتیژی و پێشێلکارییە بەردەوامانەی کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، هەروەها کوشتنی ژینا ئەمینی بەهۆی هەڵوێستی بەهێزی ژنانەوە ڕێڕەوی مێژووی گۆڕی.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە ژینا ئەمینی بووە هێمای بەرخۆدان کە ڕەتیدەکاتەوە ملکەچی نادادپەروەری و یاسا ستەمکارەکان بێت، هەروەها ژینا ئەمینی قبوڵی نەدەکرد ژیانی ملکەچی یاسای ئارەزوومەندانە بێت، بەڵکو ڕەتیکردەوە ملکەچی ئەو شێوازانە بێت، کە ئەمەش وای لێکرد ببێتە چرایەک بۆ ڕۆشنکردنەوەی ڕێبازی هەزاران ژن، ئەم چرایە بوو بە پریشکی شۆڕشێک کە سنوورەکانی ئێرانی تێپەڕاند و لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا بڵاوبووەوە وەک ناڕەزای دەربڕین دژی یاساکانی دەسەڵاتدارانی ئێران و ڕێگەیەکی خۆشکەر بۆ یەکسانی بە ئازادی و دادپەروەری.
پێی وابوو کە شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" تەنها شۆڕش نەبووە، بەڵکو ئەنجامێکی ئەرێنی و بەرجەستەی لەسەر زەوی بەدەستهێناوە، پاڵنەرێکە بۆ هەموو ژنێکی ستەملێکراو کە تامەزرۆی ئازادییە بۆ شکاندنی بەربەستی ترس و زەلیلبوون و ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بەم بڕیارانە، هەروەها گۆڕینی ئەم دەسەڵاتە پاوانخوازەی دابینکرد، ڕوونیشیکردەوە، کە دروشمی شۆڕش بووەتە مایەی هێز و ئیلهام بۆ ژنان.
ئیعتیماد ئەحمەد، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کە شۆڕشی ژنان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان گۆڕاوە بۆ هۆشیارییەکی ژنان، چونکە ئاسۆی ڕزگاری فیکری لای ژنان کردۆتەوە دوای ئەوەی گەیشتوونەتە زانینی حەقیقەتی بنچینەی خۆیان، و دڵنیا بوون لەوەی کە ئازادی کۆمەڵایەتی لە ئازادی ژنەوە دەست پێدەکات، هەروەها ژنان مافی خۆیانە بە ئازادی و کەرامەتەوە بژین، مافی یەکسانیان لەگەڵ پیاوان هەبێت، هەروەها بەبێ سنووردارکردن بیروڕای خۆیان دەرببڕن، وتیشی: بەدیهێنانی ئەو ئاواتانە پێویستی بە کردەوەی یەکگرتوو و هاوبەش هەیە لەنێوان ژنان بۆ پێکهێنانی پلاتفۆرمێکی ژنانی ڕێکخراو و هۆشیار.
"شۆڕش هەڵوێستی ژنانی یەکخست"
هەڵوێستی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریای سەبارەت بە شۆڕشی بەرز نرخاند، ئاماژەی بەوەشکرد، کە ژنانی ناوچەکە لەڕێگەی لێدوان و داواکاری لێپرسینەوە لە تاوانباران بۆ ئەوەی دادپەروەری ڕێڕەوی خۆی بگرێتەبەر، جگە لەو ناڕەزایەتیانەی کە لە دژی ئەو سزا ئارەزوومەندانەی دەسەڵاتدارانی ئێران لە دژی ژنان ڕێکخرابوو، پشتیوانی ئەم شۆڕشەیان کرد، کاتێک ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" یان وتەوە، دڵنیابوون لەوەی ئازادی هەر ژنێکی جیهان تەنها لە ڕێگەی یەک ڕێگاوە دێتە ئاراوە، ئەویش هاودەنگییە.
جەختی لەوە کردەوە، کە ئەم شۆڕشە زمانێکی پێویشتی بۆ هاوپشتی ژنانی جیهانی دروست کردووە، کە زۆرێک لە ژنان لە سەرانسەری جیهاندا شۆڕشیانکرد، دەنگیان بەرزکردەوە دژی توندوتیژی و ستەمکاری، کە ئەمەش تیشک دەخاتە سەر ڕۆڵی شۆڕش لە یەکخستنی پێگەی ژنان، کە بووەتە هێمای خەباتی هاوبەش.
ئیعتیماد ئەحمەد هیوادارە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" ببێتە پڕۆژەیەکی سیاسی درێژخایەن کە لەڕێگەیەوە ژنان بتوانن تۆزی کۆیلایەتی و چەوساندنەوە هەڵبشێوێنن و ببنە پێشەنگ لە پێگەی بڕیاردان، چ لەڕووی سیاسی، ئابووری، یان کۆمەڵایەتی، دڵنیاین کە ئەم دروشمە هەموو ژنان بەرەو ئازادی و مافەکانیان دەبات.
هەروەها ئاماژەی بە ڕۆڵی ئەنجومەنی ژنانی سووریا لە یەکخستنی هەوڵ و وزەی ژنان کرد، وتی: ئەنجومەنی ژنانی سووریا لە ئەستۆی خۆیدایە کە ڕیزەکانی ژنان یەکبخات و بگاتە هەموو ژنێک، هۆشیارکردنەوەی خەڵک لە مافەکانی بۆ ئەوەی نەبێتە ئامرازێکی ملکەچ بۆ عەقڵی پاوانخوازی، هەروەها ژنان لە توندوتیژی و چەوساندنەوە دەپارێزێت، لەگەڵ ماف و کەرامەتیان، کە ئەمەش وایان لێدەکات لە بەرامبەر هەموو جۆرە توندوتیژییەکدا بوەستنەوە.
ئیعتیماد ئەحمەد، لە کۆتایی قسەکانیدا، جەختی لەسەر زیندوو ڕاگرتنی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" لە یادەوەریدا کردەوە، هەروەها پێویستە هەمیشە لەبیر بێت و وەک نمونەیەک بۆ ئازایەتی و هێز و خەبات لە دژی ستەمکاری و توندوتیژی و نادادپەروەری، بە وتنەوەی دروشمی خۆی لە سەرانسەری جیهاندا بەکاربهێندرێت.