"ژن تیڤی بووەتە دەنگی ژنانی تێکۆشەر"

پەیامنێرانی ژن تیڤی لە سێیەمین ساڵیادی دامەزراندنی ژن تیڤیدا دەڵێن: ئامانجمان گەیاندنی هەست و تێکۆشان و بەرخۆدان و خەباتی ژنانە، لە دژی ئەقڵیەتی پیاوسالاری زاڵ و توندوتیژی دژی ژنان، لە ڕێگای هەواڵ و ڕاپۆرت و بەرنامەکانەوە ڕاستییەکان بۆ جیهان ئاشکرا دەکەین.

 

دلوجان بۆزی/ڕۆژدا سەیدخان

کۆبانێ/قامیشلۆ- ژن تیڤی لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٨دا لە ساڵیادی هەر سێ ژنە سیاسەتمەداری کورد ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز کە لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا کۆمەڵکوژکران، لەلایەن ڕێکخراوی نەوای ژن'ەوە ئاماژە بە کردنەوەی تەلەفزیۆنێکی ژنان کرا، ژن تیڤی لە ٨ی ئاداری ٢٠١٨، ڕۆژی جیهانی ژناندا بە دروشمی "دەنگی ژن ڕووی ژیانە" دەستی بە پەخشی تاقیکردنەوە کرد، ٣٠ی حوزەیرانی هەمان ساڵدا بە فەرمی دەستی بە پەخش کرد.

 

ژن تیڤی وەک یەکەم کەناڵی ئاسمانی لە کوردستان و دووەم کەناڵی جیهانی لەلایەن ژنانەوە دامەزرا، بۆ ئەوەی ببێتە دەنگی ڕەسەنی هەموو ژنانی کورد و جیهان، بەرنامەکانی بە زمانی عەرەبی، فارسی، تورکی و هەموو زاراوە کوردییەکان پێشکەش دەکات. لە کوردستان پەخش دەکات و بنکەی سەرەکی لە وڵاتی هۆڵەندا دایە، خەونەکانی نوژیان و دەنیز فرات و شەهیدانی ڕاگەیاندنی ئازاد دەهێنێتە دی، چۆن لە مێژوودا بەرخۆدانی گەورەی ژنان بەدەستی پیاوان شاردراوەتەوە، لە میدیاشدا ڕۆڵی ژنان بەرچاو نەگیراوە، بۆیە ئاژانسی ژنان کە لەسەر بنەمای بیری ژن، ڕەنج، زمان و لێکدانەوەی توانای ژنانە توانیویەتی بۆ جاری یەکەم دەرکەوێت و لە دژی هێزی پیاوان و دەوڵەت تێکۆشان بەڕێوەببات.

 

لە سێیەمین ساڵیدی دەستکردن بە پەخشی فەرمیدا، پەیامنێرانی ژن تیڤی بۆ ئاژانسی ژنها دوان.

"هەموو ژنان پشتگیری تەلەفزیۆنی ژنان دەکەن"

شیرین محێدینی ٢٠ ساڵ و پەیامنێری ژن تیڤی باس لە ئامانجی کەناڵی ژن تیڤی دەکات و دەڵێت: پیرۆزبایی دامەزراندنی تەلەفزیۆنی ژنان لە ژنانی ڕەنجدەر و ژنانی جیهان دەکەم، تەلەفزیۆنی ژن، دۆخی ناوچەکە و بەتایبەتی ئەو ژیانەی کە ژن تێیدا دەژی، دەخاتەڕوو و بۆ ئازادی ژن تێدەکۆشێت، کردنەوەی ئەم کەناڵە پەیامێک بوو بۆ هەموو ژنان و پیشاندانی کار و بەرخۆدانی ژنان بوو بە کۆمەڵگا.

 

شیرین دەربارەی کارەکانیان دەڵێت: ئێمە لە کەناڵدا وەک پەیامنێر، مۆنتێر و کامێرەوان کاردەکەین، شانسمان هەیە کە وەکو ژنان کەناڵی ژنان بەڕێوەدەبەین، لە مێژووەوە تا ئێستا ڕەنجی ژنان دەشاردرێتەوە، کاتێک تەلەفزیۆنی ژنان کرایەوە، هەنگاوێکی سەرکەوتوو بوو، هاوڵاتیانیش حەز بە کەناڵی ژن دەکەن و سەیر دەکرێت، کاتێکیش مایکی ژن تیڤی بۆ گەل درێژدەکەین، دڵخۆش دەبن و دەڵێن ژن تیڤی بووەتە میوانمان.

"ژنان بە پێنووسەکانیان ڕاستییەکان دەخەنە ڕوو"

پەیامنێری ژن تیڤی لە کانتۆنی قامیشلۆ، بێریتان ئیرلان، لەبارەی ڕۆڵی ژنان لە تەلەفزیۆنەکەدا دەڵێت: "لە هەموو سیستمەکاندا ڕاگەیاندن و تەلەفزیۆن بە سیستمی پیاو و سەرمایەدارییەوە دەبەسترێتەوە، جگە لەوەش هەتا ئێستا ڕەنج، هەبوون، مێژوو و ژیانی ژنان لە دەزگا ڕاگەیاندنەکانەوە باس ناکرێت، بەڵام ژن تیڤی بە دەنگ و ڕەنگی خۆی، مێژوو، ڕاستی، تێکۆشان و هەبوونی ژنی ئاشکرا کرد و دەنگی هەموو ژنانی بە ئاشکرا بڵاوکردەوە، یەکێک لەو شوێنانە ڕۆژئاوای کوردستانە، کە شۆڕشی ژنان تێیدا ڕوویدا و ژنانی پێکهاتە جیاوازەکان بە هێز و توندوتیژی سەر ژنانیان وت ئیتر بەسە.

 

هەروەها وتیشی ڕۆڵی ژن تیڤی لە هەموو هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا گرنگە کە بتوانێت ببێتە دەنگی هەموو ژنان، ئەمڕۆ خەباتکارانی ژن تیڤی بە دەست و پێنووسەکانیان ڕاستینەی کۆمەڵگا و بەتایبەتی ژنان ئاشکرادەکەن.

ت.پ