"زامی کۆڕەو و ئاوارەبوونی شەنگالییەکان بە یەکگرتن کۆتایی دێت"

چیمەن ئەو ژنەی لە کۆڕەوی ساڵی ١٩٩١ی باشوری کوردستاندا دووگیان بووە و چەندین ڕۆژ بەپێ بەرەو ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ڕێگاوە بوون، ئێستا باس لەوە دەکات، زامی کۆڕەو و ئاوارەبوون و هێرشی سەر گەلی شەنگال و ڕۆژئاوای کوردستان بە یەکگرتنی کوردان کۆتایی دێت.

 

تەوار پێنجوێنی

سلێمانی- چیمەن نەجیب ژنێکی خەڵکی قەرەداغە و لە ئێستادا دانیشتووی سلێمانییە، بەسەرهاتەکانی ژیانی لە پێش ڕاپەڕین و کاتی کۆڕەوی ساڵی ١٩٩١ باس دەکات، چیمەن دەڵێت لە ساڵانی پێش ڕاپەڕیندا لە کێلگەی پەلەوەری تاسڵوجە (دەواجینی تاسڵوجە) کاری دەکرد، لەوێدا لەگەڵ عادلی هاوژینی یەکتر دەناسن و هاوسەرگیری دەکەن، لەپاش نزیکەی سێ مانگ لە هاوسەرگیرییەکەیان، هاوژینەکەی لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە زیندانی دەکرێت، لەو کاتەوە سەختی ژیانی چیمەن دەستپێدەکات، چونکە بەردەوام سەردانی زیندانەکانی ڕژێمی بەعسیان دەکرد تا سۆراغی هاوژینەکەی بزانن.

 

لە ڕادیۆوە بانگەشە دەکرا ٥ی مانگ زەماوەند بکرێت، ڕاپەڕین بوو

چیمەن باس لە ڕۆژانی ڕاپەڕین دەکات و دەڵێت لەگەڵ دایکی هاوژینەکەم-زەینەب خان زۆرجار سەردانی زیندانی ئەمنە سوورەکەمان دەکرد لە سلێمانی تا هەواڵی هاوژینەکەم بزانین، هەرچۆنێک بوو چاویان پێی دەکەوێت لە جاری دووەمدا وەک کۆتاجار سەردان دەکەن، چونکە ڕژێمی بەعس داینابوو عادل و کۆمەڵێک زیندانی دیکە بۆ ڕۆژی نەورۆز گولـلەباران بکەن: "لە ڕۆژانی ڕاپەڕیندا بوو ڕادیۆی گەلی کوردستان هەواڵی بڵاودەکردەوە ٥ی مانگ زەماوەند بکەن، ئێمە نەماندەزانی کە ڕاپەڕین دەکرێت، ڕۆژێک دانیشتبووین زیندانییەک کە تازە دەرچوبوو وتی بۆچی دانیشتوون خەڵک هەمووی ڕاپەڕیوە و زیندانی ئەمنەسوورەکە شکێنراوە، لە پشت ماڵیشمانەوە شەڕێکی زۆر بوو".

 

بە هەزاران کەس ئاوارەبوون و کۆڕەو دەستیپێکرد

لە دوای ڕاپەڕین و لە سەرەتای مانگی نیسانی ١٩٩١دا، دەنگۆیەک بڵاودەبێتەوە کە ڕژێمی بەعس لە کەرکوکەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ناوچانەی ڕاپەڕینی تێێدا کراوە، لەو ڕۆژانەدا خەڵک هەموو ڕژابوونە سەر شەقامەکان و هاواریان دەکرد "تانک، تۆپ، تەیارە، دەرمان ناکات لەم شارە"، وەک چیمەن دەڵێت "پێشبینیمان نەدەکرد کە ئاوارەبین"، چیمەن کە تازە هاوژینەکەی ئازاد ببوو لەگەڵ خێزانەکەیدا کە ٧ کەس بوون، ئاوارە دەبن و بەرەو عەربەت دەکەونە ڕێ و لەو رۆژانەشدا بارانی بەهار بە بەردەوامی بەسەر خەڵکدا دەباری.

 

چیمەن کە دووگیان بوو لە شاری بانە منداڵی بوو

هەزاران کەس بەسەر شەقامەکانی ڕێگەی دەرەوەدا ڕێیان دەبڕی، بەشێك دەچوونە باکوری کوردستان، بەشێک بۆ هەورامان، بەشێكی زۆریش بەرەو ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەچوون تا لە هێرشی ڕژێمی بەعس ڕزگاریان بێت،  چیمەن و خێزانەکەی کەسوکاریان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دەبن و هەرزوو لەناو خەڵکە ئاوارەکەدا دەیاندۆزنەوە و دەیانگوازنەوە بۆ شاری بانە و دەچنە ماڵە خزمەکانیان، چیمەن کە لەو کاتەدا دووگیان بوو پاش چەند ڕۆژێک منداڵەکەی لەدایک دەبێت و چوار مانگ لە بانە دەمێننەوە، پەیتا پەیتاش ئاوارەکان دەچوونە ناو خاکی ڕۆژهەڵات و بەسەر ماڵ و گەڕەکەکاندا دابەش دەبوون، تا لانەیەکی پارێزراو بۆخۆیان پەیدابکەن.

 

منداڵ بێ نان بوو، خەڵک بێ پێڵاو بوو

وەک چیمەن دەیگێڕێتەوە، هاوڵاتیان لە دۆخێکی سەختدا بوون، باران دەباری و کەس پێویستی پێ نەبوو، هەموو بەپێ بەڕێدەکەوتن و کەس هەبوو پێڵاوی لەپێدانەبوو، منداڵ بێ نان بوو، پیاوی بەتەمەن مانگاکەی بەدوای خۆیدا ڕادەکێشا، ژنی دووگیان هەبوو تەندروستی خراپ بوو، دەشڵێت: "پێڵاوێکم لەپێدا بوو کە پڕ ببو لە ئاو، وامزانی باراناوە، بەڵام کە سەیرم کرد هەموو قاچم بڕابوو ببوو بە خوێن"، باسی لەوەشکرد کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆر هاوکاری خەڵکیان دەکرد و بەهانای ئاوارەکانەوە دەهاتن.

 

لەناو تراژیدیای ئەو ڕۆژانەدا، خۆشییەک هەبوو، ئەویش لەدوای شەڕی ٨ ساڵەی عێراق و ئێران و داخستنی سنوری نێوان ڕۆژهەڵات و باشوری کوردستان، یەکەمجار بوو ئەو سنورە بکرێتەوە و کەسوکار بەیەکتر شاد ببەنەوە کە بەهۆی شەڕەوە لەیەکتر دابڕابوون، بۆ چیمەنیش یەکەم جار بوو کە ئەو پارچەیەی کوردستان ببینێت.

 

"بە یەکگرتن، گەلی کورد ڕێگە بە ئاوارەییەکی دیکە نادات"

چیمەن دەڵێت ئێمە ساڵی ١٩٩١ ئاوارەبووین و تا ئێستاش کورد هەر ئاوارەدەکرێت لەلایەن دوژمنەوە، نمونەی گەلی شەنگال و ڕۆژئاوای کوردستان دەهێنێتەوە کە بۆ باشوری کوردستان ئاوارەبوون، "پێویستە کوردان یەکگرتووبن و نەهێڵن دەستی دوژمن لەناوماندا بێت، چونکە دوژمن دڵسۆزی گەلی کورد نییە، با حزبەکان یەکبگرن و پشت بە دوژمن نەبەستن، ئێمە دراوسێکانمان دۆستمان نین و ئەگەر لەناوخۆشدا پشتی یەکنەگرین بەشمان ئاوارەبوون دەبێت، ئەوان هەڵوەشاندنەوەی ئێمەیان دەوێت".

 

لە کۆتایشدا دەڵێت: با بەس بێت شەڕی براکوژی و دوژمن هێنانە ناو خاکمان، دەوڵەتێكی وەکو تورکیا هەموو داهاتی سەر زەوی و ژێر زەویمان دەبات، دەیکاتە چەک و دژ بە خۆمان بەکاریدەهێنێتەوە، سەرباری ئەوەش داگیرکاری بۆسەر خاکەکەمان دەکات، ئەگەر ئێمەش فریای خۆمان نەکەوین و یەکنەگرین دوژمن ناهێڵێت گەلی کورد بحەسێتەوە.

 

ت.پ