چیرۆکە تراژیدیاکانی هەڵەبجە تا ئێستا فرمێسکیان وشک نەکردووە
ژنێکی هەڵەبجەیی دەڵێت: ١٤ ئەندامی خێزانەکەم پلە یەک لە کیمیابارانی هەڵەبجە شەهید بوون و خوشکەکەم باری دەروونی تیکچووە.
میهرەبان سەلام کاکەیی
هەڵەبجە- دوێنێ ١٦ی ئادار، ٣٥ ساڵ بەسەر کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا تێپەڕی، بەڵام فرمێسکی چاوی دایکان و سوتانی جەرگی ژنان کۆتایی نەهاتووە، دوێنێ ژمارەیەک لە کەسوکاری قوربانیانی هەڵەبجە سەردانی مەزاری شەهیدان و مۆنۆمێنتی شەهیدانیان لە شاری هەڵەبجە کرد، هەر یەکە و بە وێنەی ئازیزێکی و بە ئازارێکەوە ڕووی لە مەزارەکان دەکرد، بەو نیەتەی کەمێک لە ئازاریان کەم بێتەوە، بەڵام فرمێسکی چاویان بەخوڕتر و ئازارەکانیان قوڵتر بووەوە،
حەیات مەحمود لەگەڵ هاوژین و کچەکەی هەموو ساڵێک بەشداری یادی شەهیدەکانیان دەکەنەوە و باسی لەوەکرد، کە ٩ منداڵی شەهید بوون و تەنها کچێک و هاوژینەکەی ڕزگاریان بووە، چونکە لە سلێمانی لە نەخۆشخانە بوون.
حەیات چیرۆکی خۆی دەگێڕێتەوە کە لە کاتی کیمیابارانەکەدا منداڵەکانی لە هەڵەبجە بوون و لە ژێر زەمینێکدا دۆزراونەتەوە، لەگەڵ دراوسێیەکیاندا سەرجەمیان شەهید بوون.
دولبەر ساڵح خاوەن چیرۆکێکی دیکەیە، کە تا ئێستا فرمێسکی چاوەکانی وشکی نەکردووە، ئەو ١٤ کەسی خێزانەکەی کە لە پلە یەک بوون بۆی بوونەتە قوربانی و تەنها خۆی و خوشکەکەی ماونەتەوە، لە قسەکانیدا وتی: ئێستا هەر شتێکم بۆبکەن هیچی بینینی برایەکم ناهێنێت.