"بە لێدانی تەپڵی جەنگ، دایکان لەگەڵ شەڕڤانان بەرخۆدانی دەکەن"

چنار ساڵح، یەکێکە لەو دایکانەی لە سەرەتای شۆڕشی ١٩ی تەمموزەوە لەگەڵ شەڕڤانان شەڕی کردووە و لەپێناو ڕزگاری کوردستان و شەڕی داعشدا، دوو کوڕی شەهید بووە.

 سۆرگول شێخۆ

 

حەسەکە- ئەو شەڕەی ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوودەدات و لە خاکی کوردستاندا قووڵتر بووەتەوە، ئامانجی یەکەمی شکستپێهێنانی گەلی کورد و دەستکەوتەکانییەتی، هەروەها لەناوبردنی ئەو شۆڕشەی کە ١٠ ساڵە بەردەوامە، منداڵانی تەمەن ٧-٧٠ ساڵ بە شێوازی جیاواز بەرەنگاری هێرشەکان دەبنەوە، بە تایبەت ژنان و دایکان ڕۆڵێکی سەرەکی لەم شەڕ و بەرخۆدانەدا دەبینن، لە بەرەکانی جەنگدا بە چەک شەڕ دەکەن، بە قەڵەم و کامێراکەیان ڕاستییەکان ڕادەگەیەنن، لە لایەکی دیکەوە دایکان لەناو شارەکاندا خواردن بۆ شەڕڤانان ئامادە دەکەن.

 

لە شەڕدا پەیوەندییەکی بەهێز دروستدەبێت، دایک بازنەیەک لە دەوری شەڕڤانان دروستدەکەن و دەبنە هاوکاریان، چنار ساڵح، یەکێکە لەو دایکە نیشتمانپەروەرانەی لە هەرێمی تل تەمر لە کانتۆنی حەسەکە دەژی، لە عەشیرەتی کوتێیە، کە بە شەهیدەکانیان و نیشتمانپەروەر ناسراون، کاتێک تەپڵی جەنگ لێدەدرێت، چنار لەگەڵ هەندێک دایکدا خۆیان ئامادە دەکەن و دەچنە ناوچەی بەرخۆدان و خواردن بۆ شەڕڤانان ئامادە دەکەن، ئەو باس لەو بەرخۆدانییە دەکات کە دوژمنی تێکشکاند و وتی: کاتێک شۆڕش لە ١٩ی تەمموزی ٢٠١٢ دەستیپێکرد، یەکەم ژن بووم لە هەرێمەکە بەشداری چالاکییەکانم کرد و ئەنجومەنێکم دامەزراند، سێ ساڵی یەکەم زۆر سەخت بوو، بەهۆی شەڕ و کاری دامەزراندنی ئەنجومەن و ڕێکخستنی کۆمەڵگەوە، ئێستا گەل و ژن بەسەر هەموو ترسەکاندا زاڵ بوون و پەیوەستن بە کارەوە.

 

 

"لەوکاتەی باهۆزەکەم شەهید بوو، خواردنم بۆ هاوڕێکانی ئامادە دەکرد"

چنار ساڵح باسی لەوەکرد کە لەوکاتەی کوڕەکەی شەهید بووە، هەموو ڕۆژەکە خۆی و هاوڕێکانی خواردنیان بۆ شەڕڤانان ئامادەکردووە، "١٧ هاوڕێمان لە کۆنگرەی ستار بڕیاریاندا هەرێمەکە بەجێناهێڵین و شەڕ لەگەڵ شەڕڤانان دەکەین، داواشیان لێکردین کە خواردن بۆ شەڕڤانان ئامادە بکەین، لە یەکەم ڕۆژەوە دەستمانپێکرد و لە ناو شەڕ و تۆپباراندا کارمان دەکرد، دەنگی تۆپەکان لە گوێمان نەدەبڕا و چەندین جار نزیکمان تۆپباران کرا، لەکاتی ژەمەکاندا خواردنمان بۆ ٥-٦ هەزار شەڕڤان ئامادە دەکرد و تا بەرەبەیان بە چەکەکانمان بەرگریمان لە گەڕەک دەکرد".

 

لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە شەڕی عەفرین کرد لە کانوونی دووەمی ٢٠١٨دا کە چەندین جار بەرەو عەفرین بۆ پشتیوانی و بەرخۆدانی چوون و هەموو گەل بەشداربوو، "لەو شەڕەدا کاری ئێمە بەشداری و بەرخۆدانییە، خێزانەکەم لەسەر خۆشەویستی دۆزی گەلی کورد پەروەردەیان کردووم، باهۆز کوڕە گەورەکەم گەیشتە ئاستی شەهیدبوون، ژیندای کچم بەشداری ڕیزەکانی یەژا ستار بوو، لە ساڵی ٢٠١٨دا ساڵحی کوڕم، کە ناوی براکەی هەڵگرت و بە باهۆزی بچووک ناسرا وچووە ڕیزەکانی گەریلاوە، دوو مانگ پێش ئێستا، باهۆز ماڵئاوایی لەم ژیانە کرد لە بەرخۆدانی هەرێمەکانی زاپ و مەتینا لە دژی سۆپای داگیرکەری تورک، باهۆزی بچووک بوو بە باهۆزی گەورە.

 

"ئێمە دوژمنەکەمان شکست پێهێنا"

چنار لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: وەک دایکێک بەڵێن دەدەم تا کۆتایی لەگەڵ شەڕڤانان شەڕ بکەم و تەسلیم بە لەشکرکێشییەکە نابین، هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و هەڕەشەکان هی ئەمڕۆ و دوێنێ نین، بەڵکو زیاتر لە ١٠ ساڵە هەوڵی شکستپێهێنانی ئێمە دەدات، لە ناوچەکانی پاراستنی میدیاوە تا ئێرە و هەموو شوێنێکی کوردستان لە بەرامبەر چەکی قورس و فڕۆکەی جەنگی و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی شکستی بە دوژمنەکەمان هێنا و دەسەڵاتی لەناوبرد، ئێمە لە جاران بەهێزترین ئەزموونی نوێمان هەیە تا کۆتایی بەرگری لە خاکەکەمان دەکەین.