"ئەو تاوانانەی لە عەفرین ئەنجام دەدرێت هەموو ژنانی جیهان دەخاتە مەترسییەوە"
ئەمینە مەلا حەسەن، جێگری بەڕێوبەری دەستەی ژنانی هەرێمی عەفرین ئاماژەی بەوەکرد ئەو کردەوانەی لە عەفرین ئەنجام دەدرێن مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر جیهان، کە سیاسەتێکی پیس لە دژی ژنان پەیڕەو دەکرێت و ژنان ڕووبەڕووی کردەوەی دڕندانە و نامرۆڤانە دەبنەوە.
شیرین عەلی
شەهبا- دوای ئەوەی عەفرین لەلایەن دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر و چەتەکانییەوە داگیرکرا، عەفرین لە بەهەشتەوە گۆڕا بۆ دۆزەخ ڕەوشی ئەو ژنانەی کە لە عەفرین دەمێننەوە بەرەو خراپتر دەچێت و مافەکانیان پێشێل دەکرێت، لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا ژنان لە عەفرینی داگیرکراودا لە ژێر دڕندایەتی چەتەکانی دەوڵەتی تورکدان، بەپێی بەڵگەنامەی مافی مرۆڤی عەفرین- سوریا، لە کاتی داگیرکردنی عەفرینەوە تا ئێستا زیاتر لە ٨٦ ژن کوژراون و تا ئێستا ٦ ژن بەهۆی زوڵم و ستەمی دەوڵەتی تورکەوە خۆیان کوشتووە، ٢١٦ ژن برینداربوون و دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەر ٧١ ژن و زیاتر لە هەزار ژن ڕفێنراون و لە تەمەنی زوودا دەیان ژن ناچارکراون هاوسەرگیری بکەن، ئەمینە مەلا حەسەن، جێگری بەڕێوبەری دەستەی ژنانی هەرێمی عەفرین لەبارەی ئەو پرسە قسەی بۆ کردین.
"لە عەفرینی داگیرکراودا سیاسەتێکی پیس لە دژی ژنان پەیڕەو دەکرێت"
ئەمینە مەلا حەسەن، جێگری بەڕێوەبەری دەستەی ژنانی هەرێمی عەفرین ئاماژەی بەوەکرد کە دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر و چەتەکانی دەیانەوێت عەقڵییەتی پیاوسالاری شکاو زیندوو بکاتەوە و وتی: "لەگەڵ داگیرکردنی عەفریندا هەموو دەوڵەتە هەژموونییەکان هاوکاری دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر بوون، لە عەفرین کاری دڕندانە و نامرۆڤانە بەرامبەر ژن دەکەن و سیاسەتێکی پیس لە دژیان پەیڕەو دەکرێت، زۆر شت بەسەر ژناندا دەسەپێنرێت وەک پۆشینی حیجاب و نەچوونە دەرەوە لە ماڵەوە، لە عەفرین زۆربەی ژنان دەکرێنە ئامانج ژمارەیەکی زۆر لەژنان لەزیندانەکاندا ئەشکەنجەدران".
"ئەو کردەوانەی لە عەفرین ئەنجام دەدرێن مەترسییەکی گەورە دروست دەکەن"
ئەمینە مەلا حەسەن ئاماژەی بەوەکرد ئەو کردەوانەی لە دژی ژنان لە عەفرین ئەنجامدراون مەترسییەکی گەورە دروست دەکەن و وتیشی: "کاتێک مرۆڤ سەیری ڕووداوەکانی عەفرین دەکات، دەبینێت زۆرترین کردەوەی نەشیاو بەرامبەر بەژنان دەکرێت، کۆمیتەیەکی نێودەوڵەتی هەیە کە ئەو ڕووداوانەی لە عەفرین ڕوو دەدەن بە بەڵگە دەکات، بەڵام بێدەنگییەکی نێودەوڵەتی لە دژی ئەو کردەوانەی دەوڵەتی تورک هەیە ئەو کردەوانەی لە عەفرین بەڕێوەدەچێت، جیهان دەخاتە مەترسییەوە".
"پێویستە بە خێرایی چارەسەرێک بۆ کارەکانی دەوڵەتی تورک بدۆزرێتەوە"
ئەمینە مەلا حەسەن، داوای لە هەموو دەوڵەتانی نێودەوڵەتی کرد، کە بە خێرایی چارەسەرێک بۆ کردەوە دڕندانەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بدۆزنەوە و بەردەوامیشی دا: " "ئەو کارە دڕندانەیەی لە عەفرین ئەنجامیان داوە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر جیهان نیشان دەدەن پێویستە ڕێکخراوەکانی ژنان، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و دەزگا یاساییەکان بە ئەرکی خۆیان هەستن و کۆتایی بە دڕندەیی دەوڵەتی تورک بهێنن، ئامانجی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر داگیرکردنی هەموو رۆژئاوایە بە عەقڵییەتی دەسەڵاتداری خۆی".