یەک لەسەر سێی ژنانی عێراق پێش ١٨ ساڵ هاوسەرگیریان کردووە

هاوسەرگیری پێشوەختە بووەتە مۆتەکەی ژنانی عێراق، سەرباری زیانە کۆمەڵایەتی و تەندروستیەکانی ئەم هاوسەرگیریە، سزا و یاساکانیش تا ئێستا کێشەکەیان چارەسەر نەکردووە، دەستکراوە نەبوونی دادوەرەکانیش بە یەکێک لە چارەسەرەکانی ئەم پرسە دادەنرێت.

 

تەرزە تەها

باسی شەش ساڵ لە ئازار و ژان دەکات، کە چۆن بە دوو گیانی چووەتە تاقیکردنەوەی بەکەلۆری پۆلی ١٢، بەردەوام لێدان و توندوتیژی میوانی بوون، ڕۆژانێک لە وانەکاندا شیر جلوبەرگەکانی تەڕکردووە.

 

لەگەڵ چاوانی ٢٣ ساڵین، ئەو لە ساڵی ٢٠١٥ بە زۆر دەدرێت بە کوڕێکی خزمیان کە هیچ کات یەکتریان نەویستووە، لە ماڵێکی ٩ کەسیدا ژیاوە، بەردەوام لەلایەن چواردەورەوە دەستوەردراوەتە ژیانیان، هیچ کەسیش پاڵپشتی نەکردووە.

 

ئەو بە نەهامەتی و سەرباری هەموو ئەو توندوتیژی و قسەی چواردەوریان بەردەوام دەبێت، بێ ئەوەی بزانێت دوو گیان دەبێت، بەردەوام بە بەرچاوی منداڵەکەیەوە هاوسەرەکەی لێی دەدات، ئیتر دوای شەش ساڵ ئارامگرتنی چاوان کۆتایی دێت.

چاوان بڕیار دەدات جیابێتەوە، بەڵام باوکی پێی دەڵێت "تۆ بە شەقی من شوتکردووە، هەر بە شەقی منیش بەردەوام دەبیت لە ژیان لەو ماڵە"، ئەو پاش چوار ڕۆژ بەندکردنی لەلایەن خێزانی هاوسەرەکەی بۆ ئەوەی سکاڵا تۆمارنەکات، دەڕوات بەڵام باوکی لەبەرچاوی باپیری و مامەکانیدا لێی دەدات، چاوانیش لەگەڵ خوشک و براکانیدا ماڵەوە جێدەهێڵن، لە مانگی تەمووزی ئەمساڵدا لە هاوسەرەکەی جیادەبێتەوە.

 

ئەو نمونەی سەدان هاوسەرگیری پێشوەختەیە، کە بەهۆی نەگونجان و نەزانین لە قورسی ئەرکی ژیانی هاوسەری کێشە بەرۆکی بەرنادات.

 

لە جیهاندا ساڵانە ٢٣ ملیۆن ژنی گەنجی خوار ١٨ ساڵ هاوسەرگیریان پێئەنجام دەدرێت، زۆرینەشیان لە وڵاتە هەژارنشینەکانن، لەوانەش ئەفریقا، کینیا، هیندستان و ئەفریقا.

 

تا ئێستا هیچ ئامارێکی وردی هاوسەرگیری پێشوەختە لە هەرێمی کوردستاندا نییە، بەڵام بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی یونسێف لە ساڵی ٢٠١٩دا ٪٢٨ هاوسەرگیرییەکانی عێراق پێش تەمەنی ١٨ ساڵییە، بەپێی توێژینەوەیەکیش لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا یەک لەسەر سێی ئەو ژنانەی هاوسەرگیریان ئەنجامداوە تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵیەوەیە.

 

کاریگەرییە کۆمەڵایەتییەکانی هاوسەرگیری پێشوەختە

هاوسەرگیری پێشوەختە هۆکاری چەندین کێشەی جۆراوجۆرە بۆ کۆمەڵگا، نیان خدر، توێژەری کۆمەڵایەتی و ئەندامی ڕێکخراوی PDO، باس لە لێکەوتەکانی هاوسەرگیری پێشوەختە دەکات، یەکێک لەوانەش بێکاری، کاتێک هاوسەرگیری پێشوەختە دروست دەبێت لە زۆرینەی دۆخەکاندا واز لە خوێندن دەهێندرێت، زۆرینەی هەلیکاریش بۆ خوێندەوارە، بۆیە نەخوێندەواری و بێکاری زیاددەکات.

 

لە ڕووی خێزانیشەوە، بە هۆکارێکی درێژەپێدان بە توندوتیژی خێزانی لێکدەدرێتەوە، چونکە هاوسەرگیری پێشوەخت لە پڕۆسەی هاوسەرگیری ئەوەندە پێشکەوتوو نییە، ناتوانیت هەست بەو بەرپرسیارێتییە بکات و کەسانی چواردەور بڕیاری لەسەر دەدەن، بۆیە توندوتیژی دروستدەبێت.

 

سەرباری ئەوەی ئەوانەی خوار ١٨ ساڵ هاوسەرگیری دەکەن، ناتوانن بەرپرسیارێتی هاوسەرگیری لە ئەستۆ بگرن، دوای هاوسەرگیری دەبینێت دۆخەکە بەو جۆرە نییە کە چاوەڕوانیدەکرد، هاوکات ناتوانن بە باشی پەروەردەی منداڵ بدەن، چونکە هێشتا خۆیان پێویستیان بە پەروەردە هەیە.

 

سەرباری باسکردنی لێکەوتە دەروونییەکان، خەمۆکی و شۆک بۆ ئەو ژنە، وەک نیان ئاشکرای دەکات "لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا هاوسەرگیری پێشوەختە زیادی کردووە، زۆرینەیشی بۆ بێکاری و لایەنی ئابووری دەگەڕێتەوە".

 

زیانی تەندروستی هاوسەرگیری پێشوەختە

لە ڕووی تەندروستییەوە، هاوسەرگیری پێشوەختە چەندین زیانی بۆ سەر ئەو ژنە هەیە، وەک دکتۆر سومەیە عەتا پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون ونەزۆکی باسی دەکات، جگە لەوەی لە ماوەی ڕابردوودا ئەو ژنانەی هاوسەرگیری پێشوەختەیان ئەنجامداوە زیاتر دێن بۆ لایان، هاوکات لە ڕووی دەروونی و جەستەییەوە زیانی زۆری بۆ ئەو ژنە هەیە.

 

"لە ڕووی جەستەییەوە، هێشتا ئەو منداڵە هێلکەدان و منداڵدانی بۆ دووگیانی ئامادە نییە، حاڵەتەکانی لەبارچوون، نەشتەرگەری دووگیانی، داونی منداڵ، خوێنبەرنوون لە سەرەتای هاوسەرگیری، نەزۆکی، وێڵاشی پێشوەخت، منداڵبوونی پێشوەخت، هەوکردن و شێرپەنجە، دووگیانی هێشوەترێ، شەکرە و فشاری خوێن ئەگەری ڕوودانیان بەرزتردەبێتەوە."

 

هاوکات لە ڕووی دەروونیشەوە، ئەو ژنانەی بە منداڵی هاوسەرگیریان پێدەکرێت، جگە لە شۆک، لە ڕووی دەروونیەوە تووشی بێزاری و خەمۆکی دەبن، وەک باسی دەکات ئەگەر لە کاتی خۆکوشتنی ژنێکدا بۆ هۆکارە بنەڕەتییەکەی بگەڕێتەوە ئەوە دەبینیت، کە بەهۆی هاوسەرگیری پێشوەختە تووشی ئەو دۆخە دەروونیە بووەتەوە.

 

لە عێراق ڕێگا بە هاوسەرگیری پێشوەختە دەدرێت

هەرچەندە عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی واژۆییان لە جێبەجێکردنی جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی منداڵ کردووە، کە بەپێی جاڕنامەکە تا تەمەنی ١٨ ساڵی بە منداڵ ئەژمار دەکرێت، بەڵام پێچەوانەی ئەو یاسای مامەڵە دەکرێت.

 

لە بڕگەی دووی ماددەی ٨ یاسای ژمارە ١٨٨ باری کەسێتی ساڵی ١٩٥٨دا ڕێگا بە هاوسەرگیری کچانی ١٥ ساڵ دەدرێت "ئەگەر زەرورەتێکی ئەوتۆ هەبوو، ئەوەش بە ئامادەبوونی کەسی یەکەم 'وەلی ئەمر' دەکرێت".

 

ئەم یاسایە لە ساڵی ٢٠٠٨ لە هەرێمی کوردستان هەموارکرایەوە، لە ١٥ ساڵیەوە گۆڕدرا بۆ ١٦ ساڵی، بەمەرجێک "وەلی ئەمر" کەسی یەکەمی کچەکە ئامادەبێت، هەروەها لە ڕووی جەستەییەوە گونجاو بێت. 

 

گۆنا مەجید، پارێزەر باس لەوەدەکات، هاوسەرگیر پێشوەختە ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبوونیدایە، یەکێک لە سەرەکیرترین هۆکارەکانی هاوسەرگیری پێشوەختە دەگەڕێنێتەوە بۆ چاولێکەری و خراپی باری دارایی، کە خێزان لەبەردەم دادگادا دەڵێن ناتوانن منداڵەکانیان بەخێو بکەن، "بە پێی ئەوەی لەناو دادگاکاندیان ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبوونیادایە، لە دادگاکان دەبینن کە کچەکە زۆر منداڵە".

 

وەکو پارێزەرێکی تایبەت بە خێزان و ژنان ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە هاوسەرگیری پێشوەختە چەندین لێکەوتەی هەیە، ئەو ژمارە پێوانەییە لە جیابوونەوەیەی کە هەیە، بەشێکی هاوسەرگیری پێشوەختەیە، بۆیە پێویستە کۆمەڵگا واز لە چاولێکەری بهێنێت.

 

سەرباری ئەوەی بە یاسا سزا بۆ ئەو کەسانە دانراوە کە لە دەرەوەی دادگاکاندا هاوسەرگیری ئەنجام بدەن، بەڵام ئێستا وەک گۆنا مەجید باسی دەکات دەرچەیەک دۆزراوەتەوە کە دەچن هاوسەرگیری لە ناوچەکانی سەر بە دەسەڵاتی عێراق مامەڵە دەکەن، بۆیە هاوسەرگیرییەکە زۆر زیاتر بووە.

 

دەبێت دادوەرەکان هێندە دەستکراوە نەبن

دڵخواز عەبدولقادر، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان، ئاماژە بۆ ئەوەدەکات وێڕای هۆکارە پەروەردەیی و ڕۆشنبیرییەکان دەبێت لە ڕووی یاساییەوە کار بۆ پرسی هاوسەرگیری پێشوەختە بکرێت، بە پێویستی دەزانێت کە دادوەرەکان هێندە دەست واڵا نەبن بۆ بڕیاردان لەسەر هاوسەرگیری پێشوەختە.

 

ئەوەش دەخاتەڕوو لە پێشتردا، پڕۆژەیان بۆ زیانەکان و چارەسەری هاوسەرگیری پێشوەختە ئەنجامداوە، "ئێمە ئێستا وەکو ئەنجومەنی باڵای خانمان کار لەسەر یاساکان دەکەین، چونکە ئەگەر یاسا ڕێگەی پێنەدا، سزاکەشی توند بکرێتەوە و کەسیش ناتوانێت لە دەرەوەی دادگا ئەنجامی بدات".

 

باس لەوەش دەکات، کە یاسا عێراقییەکە لەبەر ئەوەی هەموار نەکراوەتەوە، بۆیە کێشە بۆ دروستکردبوون، "باشترکردنی دۆخی پەروەردە و چاودێری بۆ سەر کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و بەرنامەکانیان لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیری دەتوانێت تا ڕادەیەک کێشەکان چارەسەر بکات."

 

ت.پ