"ئێمە خاوەنی ئەم خاکەین"

 خلوود عەلی خەڵکی گوندی قاسمییە و بەهۆی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکەوە ناچاربوو لەگەڵ خێزانەکەی کۆچ بکات و لە چادرێکدا لە گوندی تل ڕۆمان لە ناوچەی تیل تەمر نیشتەجێ بێت، باس لە ژیانی خۆی دەکات.

سۆرگول شێخۆ

 

حەسەکە- دەوڵەتی تورک چەندین تاوانی دژ بە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەنجامداوە کە پێویستە هەموو دەوڵەتەکان لە دژیان هەڵوێست وەربگرن و ئەو کەسانە سزا بدرێن کە هاوکاری دەکەن، یەکێک لەو تاوانانە، کە وەک دڵۆپێکە لە دەریادا، کۆچکردنی زۆرەملێیە، سەدان هەزار هاوڵاتی لە سەرێکانی و عەفرین و گرێسپی کۆچیان کردووە و ئێستا لە گەرمای هاویندا لە چادردا دەژین، ئەو کۆچبەرانە تامەزرۆی گەڕانەوە و بینینی گوندەکەیانن بەڵام ناتوانن بگەڕێنەوە، چونکە دەزانن چارەنووسیان چی دەبێت.

 

خلوود عەلی، خەڵکی گوندی قاسمییەیە لە باکووری تل تەمر، لەگەڵ هاوژینەکەی و دوو منداڵەکەی لە گوندی تل ڕۆمان، لە باشوری ناوچەی تل تمر لە کانتۆنی حەسەکە لە چادرێکی ٦ مەتریدا دەژین کە شوێنی خۆشۆردن، خەوتن، میوان و پشوودانیشە، لە تەنیشت چادرەکەشدا خلوود فرۆشگایەکی سەوزە و هەموو پێداویستیەکانی خواردن و خواردنەوەی کردووەتەوە.

 

"بەهۆی داگیرکارییەوە ئێمە لەم دۆخەدا دەژین"

خلوود عەلی باس لە ژیانی پێش و پاش کۆچکردنیان دەکات و وتی: کاتێک لە ساڵی ٢٠١٩ هێرشەکان بۆ سەر هەرێمەکە دەستیپێکرد، ئێمە لە ماڵەوە بووین، بینیمان کە خەڵک چۆن کۆچ دەکەن بەڵام بڕیارماندا گوندەکە بەجێنەهێڵین، دوای ئەوەی دۆخەکە سەختتر بوو ناچاربووین بۆ مانەوەمان لە ژیاندا کۆچ بکەین، هیوای گەڕانەوەمان هەر زیندووە بەڵام کاتێک دەڵێین دەگەڕێینەوە دۆخەکە خراپتر دەبێت، بۆ بینینی گوندەکەم لە دوورەوە دەچمە گوندی ئوم ئەلکێف، خانووەکەمان وێران بووە و دووکانەکانمان زیانیان بەرکەوتووە، لە ئەنجامی هێرشی داگیرکاری و چەتەکان ئەمڕۆ گەیشتووینەتە ئێرە و ماوەی سێ ساڵە دووری گوندەکەمان دەژین، لە ژێر چادردا بە هاوین زۆر گەرمە و کوڕەکەم شیرەخۆرەیە ئەوە سەختترە.

 

"خانووەکەمان لە ساڵێکدا دروستکرد، ڕۆژێک تێیدا ماینەوە، ڕۆژی دواتر کۆچمان کرد"

خلوود عەلی ئاماژەی بەوەدا کە ئێستا وەک پێشتر ناتوانێت بچێتە ئوم ئەلکێفیش، "وەک جاران ئیتر ناتوانم بچمە ئوم ئەلکێف، چونکە هێڵی ئاگرە و دۆخەکە لە جاران خراپتر بووە، کاتێک چاوەکانم دەچێتە سەر ماڵەکەمان، هەموو ژیانی پێشوومان وەک فیلمێک بە چاوەکانمدا تێدەپەڕێت، بۆ ماوەی ساڵێک کارمان کرد بۆ دروستکردنی خانوو و بەردمان لەسەر بەرد دانا، یەکەم ڕۆژ تێیدا ماینەوە و ڕۆژی دواتر کۆچمان کرد، ئێمە هیچ خێرێکمان لە ماڵەکەمانەوە نەبینی، ئەگەرچی زۆر سەختی و ماندوبوونمان پێوەچێشت".

 

خلوودە بۆ ئەوەی بەردەوامی بە ژیانی بدات، فرۆشگایەکی کردووەتەوە و سەوز و میوەی تێدا دەفرۆشن، دەشڵێت کۆچبەری سەختە بۆ ئەوەی بژین و بگەڕێینەوە گوند دەبێت بەرخۆدان بکەین، "گوندەکەمان لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە داگیرکراوە و داوا دەکەین بگەڕێنەوە گوندەکەمان، بە ئامادەبوونی داگیرکەرانی تورکیا ناتوانین بگەڕێینەوە، تەنانەت لە رێگەی گەڕانەوە بۆ گوندەکە مینیان چاندووە، خواستی ڕەوای ئێمە گەڕانەوەیە بۆ گوندەکەمان و بەردەوامیدانمانە بە ژیانی پێش داگیرکاری، ئێمە خاوەنی ئەم خاکەین داپیر و باپیرانمان لێرە ژیاون و دەمانەوێت بگەڕێینەوە".